سۆران-KDP.info- یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو کار دەکات، ڕەخنەی زۆری لێ دەگیرێت بەهۆی دروستکردنی نادادپەروەری لە دابەشکردنی کورسییەکان و بەهای دەنگی دەنگدەران لەنێوان پارێزگاکاندا.
لەو بارەیەوە د. هەندرێن ئەحمەد یەحیا، مامۆستای بەشی یاسا لە زانکۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "یاسای هەڵبژاردنی عێراق، بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٢٣) هەموار کراوەتەوە، عێراقی کردووە بە (١٨) بازنەی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکان. یەکێک لە ڕەخنە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بەهای کورسییەکی پەرلەمانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە بە بەراورد بە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە ئەمەش جیاوازییەکی گەورە لە بەهای دەنگی هاووڵاتیاندا دروست دەکات.
ناوبراو دەشڵێت، "لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا پێویستە کورد بەیەک پاکێج کار لەسەر گۆڕینی ئەم یاسایە بکات بۆ نەهێشتنی ئەم نادادپەروەرییە و دڵنیابوونەوە لەوەی کە قەبارەی ڕاستەقینەی هەر حیزب و لایەنێک لە پەرلەماندا ڕەنگ بداتەوە، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی لە عێراقدا گرینگە.
ناسک ئەحمەد عەوێز، پارێزەر و یاساناس، ئاماژە بەوە دەکات کە نادادپەروەریی ئەم یاسایە لە ژمارەی کورسی بەرامبەر ژمارەی دانیشتووان لە هەندێک پارێزگادا دەردەکەوێت. بۆ نموونە، بەگوێرەی ئامارێکی ماڵپەڕی (موضوع) کە لە ساڵی (٢٠١٩) بڵاو کراوەتەوە و خودی یاساکەش لە (٢٠١٨) دەرچووە، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای زیقار (١,٩٧٩,٠٠٠) کەسە و (١٩) کورسیی پەرلەمانی هەیە. لە هەمان کاتدا، ژمارەی دانیشتووانی هەولێر (١,٧١٢,٠٠٠) کەسە و (١٥) کورسی هەیە. واتە لە کاتێکدا جیاوازیی دانیشتووانیان (٢٦٧,٠٠٠) کەسە، زیقار (٤) کورسی زیاترە.
دەیخاتە ڕوو، ئەگەر سەیری ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دیالە بکەین کە (١,٥٤٨,٠٠٠) کەسە، (١٤) کورسیی هەیە. جیاوازییەکەی لەگەڵ پارێزگای هەولێر (١٦٤,٠٠٠) کەسە، کەچی هەولێر تەنها یەک کورسی زیاترە. پارێزگای هەولێر (٥١,٠٠٠) کەس زیاترە لە پارێزگای ئەنبار، کەچی هەمان ژمارەی کورسییان هەیە."
"سیستەمی سانتلیگۆ وا دەکات کە پارتە گەورەکان و هاوپەیمانییەکان ئاسانتر کورسی بەدەست بهێنن، لە کاتێکدا دەنگی پارتە بچووکەکان و سەربەخۆکان بە فیڕۆ دەچێت. بۆیە گرینگە پارت و لایەنە کوردییەکان بەیەک هەڵوێست داوای هەموارکردنەوەی یاساکە بکەنەوە بە شێوەیەک کە دادپەروەریی زیاتر بۆ هەموو لایەنەکان و پارێزگاکان مسۆگەر بکات، بەتایبەت بۆ نەتەوەی کورد لە عێراق." ناسك ئەحمەد وا دەڵێت.
د. ڕێبوار مەغدید هەودیانی، مامۆستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "هەڵبژاردن یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی دیموکراسی، بەڵام سیستەم و شێوازی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن زۆرجار دەبنە هۆی دەستکاریکردنی ئەنجامەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی لایەنێکی دیاریکراو.
هەودیانی ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە لە کاتی داڕشتنی سیستەمی هەڵبژاردندا، بنەمای دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی لە دیاریکردنی بەهای هەر کورسییەکی پەرلەمانی بۆ مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە.
هەروەها، دکتۆر هەودیانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئامانجی سەرەکیی هەڵبژاردن دەبێت بەدیهێنانی دادپەروەری بێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی سەقامگیریی سیاسی. لە کۆتاییدا، ڕەخنەی لە سیستەمی ئێستای هەڵبژاردنی عێراق گرت و گوتی، "ئەگەر تەماشای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئێستا بکەین، دەبینین بەهای کورسی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق جۆرێک لە نادادپەروەری نیشان دەدات.
کرمانج فەتاح