پیرمام-KDP.info- لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسوڵی گشتى فەڕەنسا لە ھەولێر کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کونسوڵی فەڕەنسا پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا و بردنەوەی چاڵنجی یەک ملیۆن دەنگ.
ئەمڕۆ ١٦ی١١ ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە (یان بریم) کونسوڵی گشتى فەڕەنسا لە ھەولێر کرد.
لە دانیشتنەکەدا بەرپرسی دەستەی کارگێڕی وێڕاى زۆر بەگەرمى بەخێرهێنانی شاندی میوان تیشکى خستەسەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان بەتایبەت و عێراقى فیدڕاڵ و ناوچەکە بەگشتى.
فازڵ میرانى ئاماژەى بە پەیوەندى بەهێزی نێوان هەرێمى کوردستان و فەڕەنسا و گەلى کوردستان و گەلى فەڕەنسا كرد لە هەموو بوارەکان و ئەم پەیوەندییانەى بە مێژوویى و لە ئاستى بەرزدا وەسف کرد.
هەروەها میرانى دووپاتى کردهوه کە ناوچەکە به بارودۆخێکى هەستیاردا تێدەپەڕێت و گوتی، خۆشبەختانە لەم قۆناغەدا توانیمان هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەسەرکەوتوویى ئەنجام بدەین كه دواى پەسەندکردنى ئەنجامەکان هێزە سیاسیەکانى عێراق دەست بەگفتووگۆ دەکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هیوادارین حکوومەتی داهاتووى عێراقی فیدڕاڵ هەموو کێشەکان لە عێراقى فیدڕاڵ دا چارەسەر بکات لەسەرویانەوە کێشەکانى نێوان بەغدا و هەولێر و کارکردن بە دەستووری عێراقى فیدڕاڵ.
لەلای خۆیەوە (یان بریم) کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر زۆر سوپاسی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبى سیاسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و پێشوازیە و پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا و بردنەوەی چاڵنجی کاک نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکى پارتی و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ و ئەمە مانای ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پارتی یەکەمە لە سەرتاسەری عێراق.
کونسوڵی گشتی فەڕەنسا هیوای خواست کوردستان و گەلی کوردستان هەر لە پێشکەوتندا بێت و پەیوەندیەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا هەر لە گەشەسەندن دابێت لە هەموو بوارەکاندا.