سۆران-KDP.info- مامۆستایانی زانکۆ بە دڵخۆشییەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان ڕاگەیاند، پارتی ئیتر حزبێکی ملیۆنییە و دکتۆرێکی زانکۆش دەڵێت: دەنگدانمان بە پارتی، تەنیا دەنگدان نەبوو بە پارتێکی سیاسی، بەڵکو دەنگدان بوو بە ئاسایشی بەردەوام، حوکمڕانیی بەرپرسیارانه و خۆشگوزەرانیی زیاتر.
پهیوهست به سهركهوتن و متمانهی خهڵكی به پارتی، دکتۆر یادگار ئیسماعیل سەعید، کە مامۆستای زانکۆ، شیکەرەوەی سیاسی و نووسەر و وەرگێڕە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەوەی وای کرد پارتی حزبێکی خاوەن دەنگی ملیۆنی بێت و بە ملیۆن هاووڵاتیی دەنگی پێ بدەن ئەوەیە، پارتی بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی کار دەکات نەک قازانجی تاکەکەسی. هێزێکی سیاسییە و ئەزموونی دانوستانکاریی بەهێزی هەیە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە زامنی پاراستنی مافەکانی هەرێم".
د. یادگار ئیسماعیل دەشڵێت، "پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانی پارتی، دەرخەری ئەوەن کە پارتی تەنیا بەڵێن نادات، بەڵکو کردار بۆ هاووڵاتییان بەرجەسته دەکات. لە دروستکردنی ڕێگهوبان و نەخۆشخانە و قوتابخانەوە تا پڕۆژەی ڕووناکی و هەژماری من، پشتێنی سەوزایی و دروستکردنی بەنداو، دابینکردنی ئاو، ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری و هاوینەهەوارەکان".
ناوبراو ئاماژەش دەدات، "پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی، باشترین و نموونەییترین سیاسیەتی حەکیمانەیان لە هەرێم و عێراق و ناوچەکە بەرجەستە کردووە، کە جێگەی سەرسامین، بۆیە دەنگدان بە پارتی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانیکردن بوو لە نوێبوونەوە، ماندوونەبوون و سڵنەکردنەوە لە خزمەت، دەنگدان بە لیستی 275 دەنگدان بوو بە لیستی سەرۆک بارزانی؛ زامنی مانەوەمان. دەنگدان بە 275 دەنگدان بوو بە لیستی ئەندازیاری دیپلۆماسی؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی .دەنگدان بە 275 دەنگدان بوو بە لیستەکەی ئەندازیاری ئاوەدانی و شۆڕشڤانی گەشەی ئابووری؛ سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی".
ههر لهوبارهیهوه، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، دکتۆر دلاوەر کەریم عومەر، کە مامۆستایە لە زانکۆی سۆران؛ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "کورد بووەتە ناوەندێک بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان، بۆیە سەنگی کورد لە پەرلەمانی عێراق زۆر گرینگە، گرینگتر و کاریگەرتر ناردنی ئەو کەسانەن کە سەنگ و هێزی کورد بپارێزن و داکۆکاری ڕاستەقینەی دۆزی کورد بن. ڕابردووش سەلماندوویەتی تاکە هێز بتوانێت سەنگی کورد لە بەغدا بپارێزێت، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، هەر بۆیەش پارتی بۆ ئەوە دەچێتە بەغدا تا ئەو درزەی چەندین ساڵە کاری لەسەر دەکرێت بۆ لێدان لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان نەهێڵێت؛ و ئەو نایەکسانییەی لە دابەشکردنی بودجە دروست بووە چارەسەر بکات؛ لە کۆتاییدا حەقی خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە. خەڵکی کوردستانیش درکی کردبوو ئەمە تەنیا لە توانای پارتیدایە، هەر بۆیەش لە دڵەوە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان ئامادە بوون و زیاتر لە ملیۆنێک دەنگیان بۆ پارتی تۆمار کرد".
هاوكات، دکتۆر نیار محێدین'ـیش کە مامۆستای زانکۆیە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پارتی ڕۆڵێکی سەرەکیی بینیوە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە ڕێگەی سەرکردایەتی ستراکچەری هێزی پێشمەرگە و پەیوەندییە دیبلۆماسییە بەردەوامەکانی لەگەڵ بەغدا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان. ئەم هەوڵانە لە ماوەی ڕابردوودا لە کاتی قەیرانەکان بۆ بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەکانی داعش و گرژییەکانی ناوچەکە، بۆ مانەوەی هەرێم تەواو ڕوون بوون لای خەڵکی، کە وای کرد خەڵک بە دڵ دەنگ بە پارتی بدەن و حزبەکە بکەن بە ملیۆنی. پارتی مۆدێلێکی حوکمڕانیی نویێ دەرخستووە کە تیشکی خستووەتە سەر بەمۆدێرنکردن و پلاندانانی درێژخایەن، بۆیە توانی متمانەی ملیۆنێک و چەندین هەزار دەنگدەر بەدەست بهێنێت."
د. نیار لە کۆتاییدا دەڵێت، "دەنگدان بە لیستی ۲۷٥ تەنیا دەنگدان نەبوو بە پارتێکی سیاسی، بەڵکو دەنگدان بووە بە بەردەوامیی ئاساییش و حوکمڕانیی بەرپرسیارانە و گەشەسەندنی بەردەوام. لەلایێکی ترەوە، متمانەکردن بە پارتی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانیکردن بوو لە کوردستانێکی بەهێز کە بتوانێت پێگەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و خزمەتگوزارییە گشتییەکان باشتر بکات و ژیانێکی شایستە بۆ نەوەکانمان دابین بکات".
ئەژین غەفار