ھەولێر-KDP. info-  رۆژی دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مسعود بارزانی پێشوازی لە شێخ و پیاو ماقولانی عەرەبلە قەزای مەخمور کرد.
	لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵی خۆی بەو دیدارە دەربڕی و سوپاسی شێخ و پیاو ماقولانی عەرەبی سنووری قەزای مەخمور و دەورووبەری کرد لەو ڕۆلە ئیجابییەی هەیانبووە بۆ پاراستنی ناوچەکانیان و پاڵپشتیان بۆ پێکەوەژیان و پابەندبوونیان بەم کولتوور و برایەتیی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی تری ئەو ناوچانە.
	لە بارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی ڕۆڵی شێخ و پیاو ماقوڵانی ئەو ناوچەیەی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا کە گرنگە خەڵکی ئەو ناوچانە بە گوڕووتینەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بەو لایەنە بدەن کە ڕۆڵی هەبووە لە پاراستنی ناوچەکانیان، لە پێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق.
	هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک بارزانی گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پێشهات و گۆڕانگارییەکانی بە گشتی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.
	