ههولێر-KDP.info- دكتۆر هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان گوتی، لە کۆی 144 ماددەی دەستوور، نزیکەی 62 ماددە کە زۆربەیان پەیوەستن بە فیدراڵییەوە، "یان پێشێل کراون یان هەر جێبەجێ نەکراون."
رۆژی پێنجشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2025، لقی دەستپێشخەریی عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک پانێڵێکی ئۆنلاینی لەژێر ناوی "دەستووری عێراق دوای 20 ساڵ" بەڕێوەبرد، کە تێیدا چەندین پسپۆڕ و شارەزای بواری دەستووری و سیاسی بەشداربوون.
دكتۆر هێمن هەورامی، کە یەکێک بوو لە میوانەکان ڕایگەیاند، کاتێک دەستوور لە ساڵی 2005دا پەسەند کرا، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، هەرچەندە کورد هەموو ئەوەی ویستوویەتی بەدەستی نەهێناوە، بەڵام دەستوورەکە چوارچێوەیەکی بۆ پاراستنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی نوێدا دابین کردووە، بەڵام دوای دوو دەیە، هەورامی گوتی، "بەداخەوە، دەبێت بڵێم فیدراڵیزم سەرکەوتوو نەبووە."
دكتۆر هێمن هەورامی چەندین نموونەی لە بارهی پێشێلکردن و جێبەجێنەکردنی دەستوور هێنایەوە و گوتی، "پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی فیدراسیۆن: کە دەبوو مافی هەرێمەکان بپارێزێت و بە "یەکێک لە شکستە گەورەکانی سیستمی فیدراڵی" وەسفکرد
جێبەجێنەکردنی مادەی 140: کە تایبەتە بە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان.
پشتگوێخستنی زمانی کوردی: کە وەک زمانی فەرمی لە مادەی 4ـدا دانپێدانراوە.
پابەندنەبوون بە دابەشکردنی داهات و نەبوونی یاسای نەوت و گاز: کە بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی بەردەوام لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان.
هێمن هەورامی هۆکاری ئەم شکستانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە عێراق هێشتا لە "قۆناخی گواستنەوە"دایە و گوتی، "نەبوونی سیاسەت لەسەر بنەمای سازان لە بەغدا و زیادبوونی ناوەندگەرایی، سیستمی فیدراڵییان لاواز کردووە."
هەورامی ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکان تەنیا یاسایی نین، بەڵکو سیاسین. ڕوونیکردەوە، "زۆر لە هێزە سیاسییەکانی بەغدا ئێستا پەشیمانن لەوەی کە دەستووری 2005ـیان بەم شێوەیەی ئێستا قبووڵ کردووە. ئەوکات، ئەوان زۆر لاواز بوون بۆ ڕەتکردنەوەی؛ ئێستا هەست دەکەن زۆر بەهێزن بۆ جێبەجێنەکردنی تەواوەتی."
هێمن هەورامی ڕووداوەکەی ساڵی 2010ـی هێنایەوە یاد، کە تێیدا حیزبەکەی ئەیاد عەلاوی زۆرینەی بەدەستهێنا، بەڵام ڕێگەی پێنەدرا حکوومەت پێکبهێنێت، ئەمەش بەهۆی "لێکدانەوەیەکی نوێی سیاسییانەی دەستوورەوە."
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان جەختیکردەوە، "رۆحی دەستوور لەسەر بنەمای سازان، هاوبەشی و هاوسەنگی بوو؛ نەک تەنیا فەرمانڕەوایی زۆرینە." بەڵام گوتی، "ئێستا ئەوەی هەیە تەنیا بەشدارییە بەبێ هاوسەنگی."
بۆ نموونە، ئاماژەی بە ماددەی 9 کرد، کە جەخت لەسەر هاوسەنگیی نەتەوەیی لە سوپای عێراقدا دەکاتەوە و گوتی، "کورد نزیکەی 14٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنێت، کەچی کەمتر لە 1٪ـی سوپای عێراق پێکدەهێنێت."