عیرفان عەزیز
لە کەمپینی بانگەشەی ھەڵبژاردن، سەرۆک بارزانی دیداری لەگەڵ چین و توێژەکانی کوردستان ئەنجامدا، ئەگەر سەرنج بدەن لە شێوازی وتاری سەرۆک بارزانی، تەواو ئەوە ڕەنگدەداتەوە، کە سەرۆک مافی خەڵکی کوردستان وەک ستراتیژیەت دەبینێ، نەک بانگەشەی ھەڵبژاردن، ئەم قسانە ئومێدن بۆ خەڵکی کوردستان، بەوەی لە بەغداوە خێر بەگەلی کوردستان ناکرێت، ھەتا ئێمە سوپاسگوزاریان بین. ئێمە ماف و شایستەی خۆمان بەپێی دەستوور لای حکوومەتی عێراقە، بۆیە دەبێت داوای مافی خۆمان بکەین نەک سیاسەتی پاڕانەوە و خۆڕادەستکردن.
ماوەیەکی زۆرە گوتاری خۆ بچووککردنەوە و خۆڕادەستکردن لەلایەن ھەندێک لایەنی کوردستانییەوە، وەک ئامانجیان بانگەشەی بۆ دەکەن، لە کاتێکدا ئەمە ھەڵەیە چونکە 53ماددەی دەستووری عێراق، کە پەیوەندیان بە خەڵکی کوردستانەوە ھەیە پێشێلکراون، سەرۆک بارزانی لە گوتارەکانی دەڵێت: "ستراتیژیەتی عێراق ھەمووی دەبێت لە خزمەتی خەڵک بێت، نەک ئاراستەی حزبی و میزاجی شەخسی، ھەرکاتێک مافی ھاووڵاتیان وەک دەستشکانەوەی سیاسی بەکارھێنرا، نە دەستوور دەتوانێت گرفتەکان ڕاست بکاتەوە نە ڕێککەوتنی سیاسی، ئەوەی دەبێت بابەتەکان ڕاستبکاتەوە ئیدارەدانی عەقڵیەتی سیاسییە، کە لە عێراقەوە پێویستی بە گۆڕانکاری ھەیە".
بەھێزترین گوتاری ھەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق کرابێت و واقعیانە خەڵکی خستووەتەوە بەردەم پرسیاری جدییەوە، گوتاری سەرۆک بارزانی بووە، چونکە بەتەنیا باس لە مافی کورد ناکات دەڵێت: گەلانی عێراق ئازاری زۆریان چەشتووە، بۆیە دەبێت لەسایەی سیستەمی تازەی سیاسی عێراقەوە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەم خەڵکانە بەرھەمی ڕەنج و فیداکاری بخۆن، نەک بکرێنەوە قوربانی ململانێ سیاسی و ئەجێندای حزبی، بۆیە لە ھەموو گوتارەکانی سەرۆک بارزانی، خەڵک وەک ستراتیژیەک وێنا دەکرێت نەک ئامانجی سیاسی و بەکارھێنانی، بۆ بابەتی سیاسی، ھەر ئاستی ئەو پێشوازیە فراوانەی لە سیاسەتی پارتی دەکرێت، لە ناوچەکە ئەوەیە کە پارتی خەڵک ناکاتە ئامرازی دەستکەوتی حزبی، بەڵکو حزب دەکاتە ئامرازێک بۆ پێشخستن و گەشانەوەی وڵات.
ھەر لەسەر بنەمای ئەو ھاووڵاتی بوونە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ھەڵوێست و ڕای ئێوە زۆر گرنگە و ئێوە خۆتان ھەموو شتێک لەبەر چاوتانە، ئەوەی بە باشی دەزانن بۆ ھەولێر و کوردستان و عێراقیش ئێوە ئەو بڕیارە بدەن، ئەگەر بەوردی سەیری ئامانجی پشتەوەی ئەم پەیامە بکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە سەنگەری بڕیاردانی ڕاست و دروست لای خەڵکە، بەڵام خەڵکی ھۆشیار و واقعبین کە شتەکان ببنن و بڕیاری دروست بدەن، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگهی دواکەوتوو بە تایبەت ئەوانەی کە ئاراستەی حزبی بەسەریاندا زاڵە، باش و خراپ لە پێشکەوتنی وڵات نابینن تەنیا ئەوە دەبینن، کە ئایدۆلۆژیاکەیان چۆن قبووڵە، بەڵام بیرکردنەوەی دروستی ھەر کۆمەڵگهیەک ئەوەیە، کە بەبێ فشاری سیاسی خۆی لەوە تێبگات، پەیامی کام ھێزی سیاسی ھەڵگری ئاشتی، ئاوەدانی و پێشکەوتنە، ئیستاش دوای ساڵانێکی زۆر لە کوردستان کە گوتاری ئۆپۆزسیۆن پاشەکشەی کردووە، و خەڵک ڕاستییەکان بەچاوی خۆی دەبینێت، کاتی ئەوەیە کە بڕیاری دروست بدرێت و ئەو حزبە ھەڵبژێردرێت کە بەکردار خزمەت دەکات.