Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 25 OCT 2025 16:56 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەی کردەوە و دواتر وتارێکی پێشکەش کرد. 

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان.

ئامادەبووانی بەڕێز، خوشک و برایانی ئازیز، زۆر زۆر بەخێر بێن، بەیانیتان باش.

خوای گەورە دەفەرموێت: بسم اللە الرحمن الرحیم (وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَیْءٍ حَیٍّ) کەواتە هەموو شتێکی زیندوومان لە ئاو دروستکردووە. لە کوردەواریماندا دەڵێین "ئاوەدانی" کەواتە هەرچی ژیانە بەستراوەتەوە بە ئاوەوە.

بێ ئاو ژیان نابێت، و زۆر گرنگە ئێمە ئەو ئاوە، ئەو نیعمەتەی کە خوا بە ئێمەی داوە، بە باشترین شێوە سوودی لێ وەرگرین و بەفیڕۆی نەدەین و دەستی پێوە بگرین.

ئێمە ماوەیەکی زۆرە هەستمان بەوە کردووە کە بە فراوانبوونی شارەکان و زیادبوونی داواکاریی خەڵک بۆ ئاو، پێویستیمان بەوەیە پڕۆژەی ئاو بگاتە هەموو شار و شارۆچکە و گوند و دێهاتەکانمان. هەم بۆ ئەوەی خەڵکی ئیمە ئاسوودە ببن، هەم بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەرگرین و نەهێڵین ئاوی ژێر زەوی، بیرەکان بەو شێوەیە بە داخەوە، بەڵام هێندە ئاوی ژێرزەوی بچێتە خوارەوە. کەواتە زۆر گرنگە، ئێمە بتوانین بەو پڕۆژانە زیاتر ئاوی سەر زەوی بەکار بهێنین.ئەم ئاوە، هەم بۆ خواردنەوە، هەم بۆ کشتوکاڵ، هەم بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان زۆر زۆر گرنگ دەبێت.

پێش ماوەیەکیش پڕۆژەیەکی تری گەورەی ئاوی فریاگوزاریی خێرا گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر، کە ئەنجامدرا و بە کۆتایی گەیشت، ئەویش هەردیسان بەشێک بوو لەو پڕۆژە و بەرنامانەی کە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمانبوو، کە ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەین.

ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی پێتان بڵێین بەڵێنێکی دیکەشمان جێبەجێکرد و ئەم پڕۆژەیەشمان بە ئەنجام گەیاند، پیرۆزە لە هەمووتان. دەستخۆشی لە کۆمپانیای "ئاوازەن" دەکەم کە بەڕاستی لە کاتێکی گونجاودا، بە دڵسۆزی و ماندووبوونێکی زۆرەوە توانییان لە کەمتر لە ساڵێکدا ئەم پڕۆژەیە بە ئەنجام بگەیەنن. سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی شارەوانیش دەکەم کە بەهەمان شێوە پاڵپشت و هاوکاربوون بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆژەیە و سوپاسی پارێزگا و قایمقام و هەموو فەرمانبەرانی حکوومەتیش دەکەم کە هەموویان هاوبەش بوون و هەمووشیان هاوکاربوون لەسەرخستنی ئەم پڕۆژانە، دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم.

پاراستنی ئاو ئەرکی هەموومانە، پێویستە هەموومان زۆر بە وریاییەوە ئاوەکانمان بپارێزین، ژینگەکەمان بپارێزین. لە ساڵانی ڕابردوودا باران کەم باری و ڕووبارەکان لە زۆر شوێن وشک بوون. کاریگەریی کەم بارین لە عێراق زۆر دیارە، و ئێمەش بێبەش نابین لەمە. ئەمە بەداخەوە تەنیا دەتوانین زیان و زیانی کەم ئاویمان لەسەر خۆمان کەم بکەینەوە، لەسەر ژینگەکەمان کەم بکەینەوە. هیوادارم ئەمساڵ وەک ساڵانی ڕابردووش نەبێ و خوا بارانی ڕەحمەتمان بەسەردا ببارێنێت و تووشی کەم ئاوی لەوە زیاتر نەبین؛ بەڵام ئەو پێشبینییانەی کە کردمان و ئەم پڕۆژانە دڵنیام کە ئێمە ناگەینە مەرحەلەیەک نەچاربین بە کۆچکردن؛ چونکە بێگومان کاریگەریی کەم ئاوی لەسەر خەڵک زۆر زۆرە، و عێراق یەکێکە لەو شوێنانەی بە شێوەیەکی زۆر دژوار تووشی ئەم گرفتە بووە.

مەترسیی کەم ئاوی، مەترسیی تریشی لەگەڵ دێت، مەسەلەی کۆچکردنی هاووڵاتییان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، چونکە ژیانی مرۆڤ وایە بەدوای ئاودا دەگەڕێت، بەدوای ژیاندا دەگەڕێت. لە شوێنێک ئاو نەبێت و بە بیابان بوون دروست بێت، خەڵک قەسدی شوێنێکی دیکە دەکات کە ژیانی تێدایە.

ئێمە هەوڵێکی جیددیمان داوە لەگەڵ دۆستەکانمان لە دەرەوەش کە یارمەتیمان دەن بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە، کێشەی گۆڕینی کەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهانی ئێستا بووەتە کێشەیەکی جیددی کە هەوڵ دەدن چارەسەری بکەن و ئێمەش بەشێک بووین لەو چارەسەرییە و ئەو ڕوئیایەی کە ئێمە هەمانبوو لە کوردستان، بە پشتیوانیی خۆمان بەرنامەکانمان جێبەجێ کردووە، لە خۆشمان بە زیاد بێت دەبینین کە کاریگەریی کەشوهەوا و خەڵکی ئێمەش تا ڕادەیەکی زۆر توانیویانە ئاسوودە ببن.

جگە لەو پڕۆژانە ئێمە چەندین پڕۆژەی دیکەشمان لەبەردەستدان، هەندێکیان جێبەجێ کراون، هەندێکیان خەریکن جێبەجێ دەکرێن و هەندێکیان پلانیان بۆ داڕێژراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن. تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارمان لەسەر دروستکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو هی دوکان - سلێمانی دا، کە ئەویش بێگومان بابەتی قەیرانی ئاو لە سلێمانی کۆتایی پێ دێنێت. پڕۆژەکانی دیکەش هیوادارم لە کاتێکی زوودا بە ئەنجام بگەن، بۆ ئەوەی هیچ شوێنێک لە کوردستان نەمێنێت کە تووشی گرفت و قەیرانی کەم ئاوی بێت.

من داواکارییەکم هەیە لە هەموو خوشک و برایانی خۆشەویست لە قوتابخانەکان، بە تایبەتی مامۆستایانی ئایینی، لە ڕۆشنبیران کە ڕێنوێمان بکەن، ئامۆژگاریمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێت، دەست بە ئاوەوە بگرین. نیعمەتێکی گەورەیە، بەڵام با بە باشترین شێوە سوودی لێوەرگرین، ئێمە بێگومان دەتوانین زۆر زۆر وڵاتەکەمان خۆشتر بکەین، ئەگەر بزانین چۆن سوود لەو نیعمەتە وەرگرین کە خوا پێی بەخشیوین.

بابەتی هۆشیارکردنەوە، بابەتێکی گرنگە، نەک تەنیا بابەتی ئاو، بەڵکو ژینگەپارێزی بە گشتی، با ببێت بە کولتوورێک، هەموومان پێیەوە پابەندبین. 

کاری زۆرمان کردووە بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو متمانەیە بین کە خەڵک پێیداوین و خزمەتگوزارییەکانمان بۆ خەڵک دابین بکەین نەک تەنیا ئاو، بەڵکو پڕۆژەی ڕووناکی، ڕێگاوبان، بەدیجیتالکردنی خزمەتگوزارییەکان، کەرتی تەندروستی، کەرتی پەروەردە. ئەمە هەمووی ئەرکی ئێمە بوو و هیچ منەتێکیشی تێدانییە، و هەمیشەش ویستوومانە بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین. خزمەتکردن بەڕاستی ئیرەیی ناوێت، تەنیا دڵسۆزی دەوێت، ئەوەی بیەوێت خزمەت بکات، ئەوەندە بە دڵسۆز بێت کە بتوانێت خزمەت بکات.

سامانی نیشتمانی سامانی هەموو خەڵکی کوردستانە، موڵکی شەخسیی هیچ کەسێک نییە.  پێویستە ئەم سامانە بۆ خەڵک بە باشترین شێوە سوودی لێوەر بگیرێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی ئێوە تا ئێوە متمانەتان پێمانە، و بە سەربەرزی و بە شانازییەوە خۆمان بە خزمەتکاری ئێوە دەزانین، هیوادارم بەردەوام بن لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.

 هەر تەندروست و سەلامەت بن، خوای گەورە سەلامەتتان بکات و کوردستانەکەشمان ئاوەدان بکات.

 

زۆر زۆر سوپاس.




دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی: پارتی لە ئاستیی هەرێمی کوردستان گەورەترین و کاریگەرترین ‌هێزە و ڕکابەری نییە

SATURDAY, 25 OCTOBER 2025 16:10:29

ھەولێر-KDP.info-  مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی ٢٧٥ کە لە ھەولێر سازکرا و ھەڤاڵانی سنووری مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک.گەرمیانی پارتی، تێیدا ئامادەبوون

سەرۆک بارزانی پەیامێکی ھاوخەمی ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (حەمەی عەزیز) دەکات

SATURDAY, 25 OCTOBER 2025 14:10:46

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی، بۆ کۆچی دوایی هەڤاڵی تێکۆشەر و پێشمەرگە (حەمەی عەزیز)، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکار و دۆست و ئاشنایانی  خوالێخۆشبوو و هەموو هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی دەکات.

 
نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی مێژوویی پێشکەشی ھەردوو بازنەی دھۆک و مووسڵ و كوردستانیان دەکات

SATURDAY, 25 OCTOBER 2025 13:10:20

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، لە شێخان کەرنەڤاڵێکی گەورە بۆ ناساندنی کاندیدانی پارتی لە سنووری ھەردوو مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دھۆک و مووسڵ بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریی تەواو کراوە.

 
کەرکووک.. مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوەکەی پردێ بڵاوکردەوە

SATURDAY, 25 OCTOBER 2025 11:10:31

کەرکووک-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دەربارەی ڕووداوی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناحیەی پردێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، لە ساتەوەختی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێ شەوی ناحیەی پردێ، ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، هەر زوو پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، گیانی هاووڵاتیان بپارێزن.

 
چاودێران و مامۆستایانی زانکۆ بۆ KDP: لیستی ٢٧٥ی پارتی سەرکەوتنی گەورە تۆمار ده‌کات

SATURDAY, 25 OCTOBER 2025 10:10:20

ھەولێر-KDP.info- چاودێران و مامۆستایانی زانکۆ پێیان وایە، دەنگەکانی پارتی لە ھەڵبژاردنی ڕۆژی ١١ی 11ی مانگی داھاتوو بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق زیاد دەبێت و چاودێرێکی سیاسییش دەڵێت، سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنێکی بەھێز دەبێت بۆ بەھێزکردنی دەنگی کوردستان لە بەغدا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact