د. محەممەد خورشید
ھەڵەبجە، سیمبوڵی خۆڕاگری و قوربانیدان، ھەردەم جێگەی بایەخ و شارە خۆشەویستەکەی کوردستان بووە، بە پارێزگابوونی ئەم شارە، داخوازییەکی ڕەوا بوو کە بە درێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو کاری بۆ کراوە و لەم پرۆسەیەدا، ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک ڕابەر و خەمخۆری گەلەکەمان، یەکلاکەرەوە و بنەڕەتی بوو.
سەرۆک بارزانی لە ھەموو قۆناغەکانی ئەم پڕۆسەیەدا، پشتیوانێکی گەورەی داخوازی خەڵکی ھەڵەبجە بووە و بەردەوام جەختی لەسەر گرنگی بە پارێزگابوونی ئەم شارە کردووەتەوە وەک وەفایەک بۆ قوربانیدانەکانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا، ھەڵەبجە وەک پارێزگایەک، پێویستی بە پشتیوانی بەردەوام ھەیە بۆ گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوەی.
خزمەتکردنی ھەڵەبجە ستراتیژییەتی پارتییە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە پێشەنگی پارێزگاریکردن بووە لە ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا، ئێمە باوەڕمان وایە، بۆ ئەوەی دەنگی کورد بەھێز بێت و بتوانین داخوازییە ڕەواکانمان بەدی بھێنین، پێویستە پارتی ببێتەوە بە براوەی یەکەم و زۆرترین نوێنەرمان بچێتە پەرلەمانی عێراق، پارتی خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانمان.
نوێنەرەکانی پارتی لە بەغدا بە شارەزایی و لێھاتووییەوە کار بۆ جێگیرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان دەکەن، پارتی خاوەنی پێگەیەکی بەھێزە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش، نوێنەرایەتییەکی بەھێزی پارتی لە بەغدا، ئەو پێگەیە بەھێزتر دەکات و دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان.
زۆرێک لە ماددە دەستوورییەکان کە تایبەتن بە مافەکانی گەلی کوردستان، وەک ماددەی ١٤٠ و دابەشکردنی سامانی گشتی بەشێوەیەکی یەکسان، ھێشتا جێبەجێ نەکراون، پارتی بەردەوام فشاری بۆ جێبەجێکردنیان ھێناوە، پێویستە دەنگی پارتی یەکەم بێت بۆ ئەوەی سەنگی پارتی، ئەم پرۆسەیە سست نەبێت و بەشێکی زۆر لەو مافە بەدەست نەھێنراوانە بەدەست بھێنین.
لە ماددەی ١١٥ی دەستووری عێراق باس لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەکات لە نێوان حکوومەتی ئیتیحادی و حکوومەتە خۆجێیەکانی ھەرێم و پارێزگاکان، بە شێوەیەکی گشتی، پێویستە بە کردەیی دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراقدا ھەبێت، ھەڵەبجە ھێمای خۆڕاگری و قوربانیدانن بۆ گەلەکەمان، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەرەکانمان لە پەرلەمانی عێراق و ھەرێم، ھەمیشە ھەڵەبجەمان لە پێشینەی کارەکانماندا بووە و ئەمجارەش بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەوە کار بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئەم شارە قارەمانە دەکەین.
پڕۆژەکانی پارتی بۆ ھەڵەبجە
لەم چوارچێوەیەدا، دەمەوێت ئاماژە بە چەند ھەنگاوێکی گرینگ بدەم کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە نراون، لە ٥ـی تەممووزی ٢٠٢٥، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای ھەڵەبجە کرد و لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی باسی لەوەکرد کە ئەرکی دامەزراوەکانی ھەرێمە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی ھەڵەبجە ئەنجامی بدەن، لەو ڕوانگەیەوە، لە ٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ بە بڕیاری ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە گوژمەی ٢٥ ملیار دینار پرۆژە لە ھەڵەبجە ئەنجام دەدرێ، ھەروەھا کار لەسەر ئەوە کراوە کە ژێرخانی کارگێڕی بۆ پارێزگای ھەڵەبجە فەراھەم بکرێت و لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ٥٠٠ کەس بۆ پارێزگاکە دامەزرا، دواتر ٥٢ کەسی دیکەش دامەزرا، ھەروەھا بڕیاری داوە ٢٥٠ کەسی دیکە بۆ پارێزگاکە دابمەزرێنێت، ئەمەش نیشانەی خەمخۆریی و جدییەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە خزمەتکردنی پارێزگای ھەڵەبجە.
تەئکید دەکەینەوە کە پێویستە ھەڵەبجە ئاوڕی جدیتری لێ بدرێتەوە و قوربانیانی چەکی کیمیایی قەرەبوو بکرێنەوە و مافەکانیان بە تەواوی بۆ بگەڕێندرێتەوە، ھەروەھا گرینگی زیاتر بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا بدرێ، بە کردنەوەی دامەزراوەی نوێی پەروەردەیی و بەھێزکردنی ئاستی زانستی لە شارەکەدا.
پشتیوانیکردن لە پڕۆژەی وەبەرھێنان و گەشتیاری زیاتر دەبێت، بۆ ئەوەی ھەڵەبجە وەک ناوەندێکی گرینگی گەشتیاری و ئابووری گەشە بکات و بێبەش نەکرێت لە سوود وەرگرتن لە سەرچاوە سروشتی و پۆتانسێلەکانی، پێویستە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو دەرفەتێک بێت بۆ نوێکردنەوەی متمانە بە پارتی، چونکە بەھێزیی نوێنەرایەتی پارتی لە بەغدا، زامنی بەدیھێنانی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کوردستانە، لەوانەش تەواوکردنی پڕۆژەکانی ھەڵەبجە و پاراستنی ناوچە کێشە لەسەرەکان و جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان.
بەرپرسی لقی ١٢ی ھەڵەبجە