هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقوولی لەم چەند ڕۆژە تەواو دەبێت، هەروەها پڕۆژەی دووسایدی کەسنەزان-بەنداوی گۆمەسپانیش لە 70%ـی تەواو بووە.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: سەرەرای ئەو دۆخە قەیراناویی و ئەو گرفتانەی هاتووەتە بەردەم حکوومەت، دیدگای مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت وابووە زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بکرێت.
هەر لەوچوارچێوەیە پارێزگاری هەولێر گوتی، پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقوولی کە 22 کیلۆمەترە، لەم چەند ڕۆژە تەواو دەبێت، هەروەها پڕۆژەی دووسایدی کەسنەزان-بەنداوی گۆمەسپان کە زیاتر لە 15 کیلۆمەترە و لە 70%ـی تەواو بووە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی سێیەم کە زۆر گرینگە ئەویش دووسایدی هەولێر-کۆیەیە، کە پیشتر بەڕێگەی مەرگ ناسرابوو، بۆیە داواکارییەکی زۆر لەلایەن خەڵکی کۆیە هەبوو بۆ ئەوەی ڕێگەکەیان بۆ چاک بکرێت، گوتیشی، ماوەی تەوابوونی پڕۆژەکە سێ ساڵە و ئێستا لە 30%ـی تەواوبووە. چاوەڕوانیش دەکرێت پێش وادەی خۆی تەواو بکرێت.
ڕاشیگەیاند، لەم ڕۆژانە پرۆژەی ئاوی قوشتەپەش تەواو دەبێت، دەشڵێت بەسوپاسەوە هەفتەی ڕابردوو داواکارییەکی دیکەی خەڵکی کۆیەمان دەربارەی کێشەی کەمئاوی گەیاندە سەرۆک وەزیران، ئەویش بڕیاریدا لەم ڕۆژانە پرۆژەکە دەست پێبکات.
هەر ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی بنکەیەکی تەندروستی و قوتابخانەیەک لە گوندی هەنارە گوتی، بەگوژمەی پێنج ملیار و 750 ملیۆن دیناری عێراق 11 قوتابخانە و حەوت بنکەی تەندروستی لە جێبەجێ کردندان و بەشێک لەو قوتابخانانە تەواو بوونە.