Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 7 DEC 2025 10:25 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەسرور بارزانی: دەمانەوێت کوردستان ببێتە ئەو جێگەیەی گەنجەکانمان بیرۆکەکانیان تێدا بکەن بە پرۆژە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پارکی زانست (Science Park)ـی سەر بە ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان KII لە هەولێر دانا، لە مەڕاسیمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتیی:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم و خۆشحاڵم كە لەگەڵتانم ئەمڕۆش بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەكی تری گرنگ كە بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست لە هەرێمی كوردستاندا.

سێ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک (ئەنیستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی كوردستان- KII)مان، وەک دامەزراوەیەکی تایبەت بۆ نوێگەریی و داهێنان لە کوردستاندا ڕاگەیاند، بەڵێنمان دا کە پارکێکی تایبەت بە زانست دروست بکەین کە بەشێک بێت لەم ئەنیستیتیوتە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ داهێنەران بکەین و تاقیگە و کارگەی جۆراوجۆریان بخەینە بەردەست تا بتوانن بیرۆکە و توێژینەوەکانیان بە شێوەیەکی کرداری لە بوارە جیاوازەکاندا تاقی بکەنەوە و بە ئەنجامیان بگەیەنن.

ئەمڕۆ خۆشبەختانە بەردی بناخەی ئەو پارکە دادەنێین و ئومێدمان زۆرە ببێتە ناوەند و مەڵبەندێکی گرنگیی زانستی و ئەکادیمی بۆ کۆکردنەوەی داهێنەران و بەهرەمەندان و پسپۆڕان نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو ناوچەکەدا.

 

هیوادارم ئەم شوێنە، ڕۆڵێکی گرنگ و کارا لە پێشخستنی ژێرخانی زانستیی هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت و یارمەتیمان بدات بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەکەمان لە هەموو بوارەکاندا و هەروەها ببێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی جۆراوجۆری کارکردن بۆ گەنجەکانمان لە هەموو کەرتەکاندا.

 

ئێمە گەنجی بەهرەمەندمان زۆرن، چ لە کوردستان بن یان لە دەرەوە، بەڵام ڕەنگە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاو و شوێنی تایبەتمەند بە پەرەپێدانی توانا و بەهرەکانیان، نەتوانراوە وەکوو پێویست، سوود لە بیرۆکە و داهێنانەکانیان وەربگیرێت. بۆیە داوا لە کەسانی بەهرەمەند و داهێنەر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەم کە لە ڕێگەی ئەم پارکەوە، پەرە بە بیرۆکە و توێژینەوەكانیان بدەن و بیکەن بە ناوەندێکی گرنگیی داهێنان.

وتەیەکی باو هەیە دەڵێ (پێداویستی دایکی داهێنانە Necessity is the Mother of Invention) کە بووەتە بنەما بۆ زۆر داهێنانی گەورە کە گۆڕانکاریی مەزنیان لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا دروست کردووە. تەنانەت لە ساڵانی ڕابردووش، لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا، زۆر داهێنان کراون بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان. بۆیە تا مرۆڤایەتی هەبێت، داهێنان بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی کە ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد دەژین و شەپۆلێکی خێرا و گەورەی گۆڕانکاریی و پێشکەوتنەکان، لە هەموو بوارەکاندا ژیانی ئێمەیان داگیر کردووە. بەڵام بێگومان هەموو بیرۆکەیەکی داهێنان، پێویستی بە ژینگەیەکی لەبار و پشتیوانیی هەیە بۆ ئەوەی بە ئەنجام بگات و زیاتر گەشە بکات و بکەوێتە خزمەتی خەڵک. لەم ڕووەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ داهێنان و کاری نوێگەریی و پەرەپێدانی کاروباری زانستی و پشتگیریکردنی زانایان و داهێنەرانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

من سوپاسی كۆمپانیای (بین گارد)ی سویدی دەكەم كە ئەوان هەر لە سەرەتاوە كە داوامان لێكردن بێن یارمەتیمان بدەن بۆ دیزایینكردنی باڵاخانە و دروستكردنی ئەم پاركە، هاتن و زۆر خۆیان ماندوو كرد تاكوو گەیشتین بە ئەنجامی ئەم دیزایینەی كە دەیبینن و بە شێوەیەكی زۆر جوان و سەردەمییانە ئامادە كراوە، سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم.

لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بدەم كە ئەم پرۆژەیە راستە حكومەت پشتیوان دەبێ و زەوی بۆ تەرخان كردووە، بەڵام لە لایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێ و ئەنجامەكانی لە ئەنجامدا بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت.

بیرۆكەی دروستكردنی پاركی زانست بۆ ئەوە بووە كە ئێمە شوێنێك ئامادە بكەین بۆ ئەو هەموو بەهرە و توانایەی كە لە گەنجەكانی ئێمەدا هەبووە، بەڵام زۆرجار جێگە و ئیمكانیاتی پێویست نەبووە كە بیرۆكەی خۆیان بكەن بە راستی و بیكەن بە پرۆژە. هەندێكجار خەڵكی سەركەوتوومان هەبووە بەڵام روویان لە هەندەران كردووە تاكوو ئەو پێداویستیانەی كە بەدوایاندا دەگەڕان، ئەو ئیمكانیاتانەی بەدوایاندا دەگەڕان، بتوانن لە دەرەوە بۆ خۆیان دابین بكەن و بیرۆكەكانیان بكەن بە راستی.

ئێمە دەمانەوێ كوردستان ببێتە ئەو شوێنەی كە گەنجەكانمان هەر لێرە بتوانن بیرۆكەكانی خۆیان بكەن بە پرۆژە، ئەمە ئەو بەڵێنەیە كە پێشتریش بە گەنجەكانمان داوە و ئێستا دەبێتە حەقیقەت.

وەبەرهێنانی زۆرمان كردووە لە كەرتی كشتوكاڵ، لە ڕێگەوبان، لە گەشتوگوزار، لە هەموو روویەكەوە، ئەمجارە وەبەرهێنان لە هزر و بیری گەنجەكان دەكرێت كە گەورەترین سەرمایەی وڵاتەكەمانە و ئومێدێكی یەكجار زۆرم هەیە كە ئەم پرۆژەیە دەبێتە پرۆژەیەكی زۆر گەورە بۆ خزمەتكردن و پێشخستنی كوردستان و گەنجەكانیشمان زیاتر دەتوانن سوودمەند بن لەو خزمەتگوزارییانەی كە دەخرێتە بەردەستیان.

جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەكتان دەكەم، سوپاسی ئەو ئەندازیارە بەڕێزانە دەكەم كە ئەم پرۆژەیەیان ئامادە كردووە و تەمەننای سەركەوتن بۆ هەموو لایەكتان دەخوازم، هیوادارم كوردستان رۆژ بە رۆژ لە گەشەكردن و سەركەوتندا بێت.

 

زۆر سوپاس




دوایین هەواڵەکان

پسپۆڕانی گەشتوگوزار بۆ KDP: ھەولێر ئامانجی خۆی پێکا

SUNDAY, 07 DECEMBER 2025 10:12:30

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای ھەولێر، دکتۆر یادگار محەممەد سەلیم لە ڕێی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سوپاسی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانی کرد، کە لە کابینەی نۆیەم جگە لە پڕۆژەکانی ڕووناکی و ئاو و خزمەتگوزاری، گرینگی بە کلتوور و شوێنەواریش داوە. 

 
گوھدار شێخۆ بۆ KDP: پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە زاخۆ سەرکەوتووانە کۆتایی ھات

SATURDAY, 06 DECEMBER 2025 21:12:00

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت، کردنەوەی یەکەم پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ سەرکەوتووانە کۆتایی ھات، کە شەرەفێکی گەورە بوو بۆ ئێمە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ئەمەش تەنیا بۆ ئەمساڵ نییە و ساڵانە ئەو پێشانگایە دەکرێتەوە.

د. ھێمن ھەورامی پەیوەست بە بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دەوحە زانیاری بۆ KDP دەخاتەڕوو

SATURDAY, 06 DECEMBER 2025 21:12:00

دەوحە-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە ٦-١٢-٢٠٢٥، د.ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، بەشداری لە کۆڕبەندی دەوحەی قەتەر دەکات، ھەروەھا ئەو پانێلەی کە قسەی لەسەر دەکات بابەتی بنیاتنانی ئاشتی و پەیوەندییە ئابورییەکانە، کە لە ناو ۲٤٠ قسەکەری بەشداربوو تەنھا کەسە لە کوردستانەوە بەشدارە.

 
محەممەد شوکری بۆ KDP: ھەرێمی کوردستان بەھێز بێت بۆ سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گرینگە

SATURDAY, 06 DECEMBER 2025 21:12:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندیی سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەھێزە، ئەمەش وای کردووە وڵاتی ئیمارات لە داھاتوودا لە ھەرێمی کوردستان کاری زۆر باش بکات، بەتایبەت لە بواری ئابووری، لەبەر ئەوەی نوێنەرێکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستانیان دیاری کردووە بۆ کارکردن لە کوردستان و سیاسەتی سەرۆکی حکوومەتیش ئەوەیە، ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی بەھێز بێت.

چەند پرسەنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

SATURDAY, 06 DECEMBER 2025 21:12:00

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەخۆشی لە خانەوادەکانی (ڕزگار حسێن حەمەڕەزا)، (جەزا عەبدولڕەحمان و ئەحمەد عەبدولڕەحمان) و (مستەفا عومەر عەبدوڵڵا) و (زیاد کوردەوایی) دەکات.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact