Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 15 OCT 2025 02:11 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نێچیرڤان بارزانی: ده‌مانه‌وێ پارتى ببێته‌ حزبى یه‌ك ملیۆن ده‌نگ
| KDP.info


هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 2025/10/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی ناساندنی کاندیدەکانی لیستی ٢٧٥ی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بازنەی هەولێر، بە ئامادەبوونی هەڤاڵان و کادیرانی نووسینگەی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لقەکان و ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد.  

بەڕێزیان دەربارەی بایەخ و گرنگیی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئامادەبووان دوا و دووپاتی کردەوە کە هەڵبژاردنێکی گرنگ و هەستیار و سەرەتای قۆناغێکی نوێمان لە پێشە بۆ جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بۆیەش جەختی لەسەر بەشداریی فراوانی جەماوەر و دەنگدەرانی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا، کردەوە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا ڕۆڵی خەڵکی تێکۆشەری هەولێر و دەوروبەری لە پشتیوانیکردنی پارتی لە رۆژگارە سەختەکاندا و لە هەموو وێستگە سیاسییەکان و هەڵبژاردنەکاندا بەرز نرخاند و بە گەرمی سوپاسی کردن. هەروەها سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و موچەخۆرانی کوردستانی کرد کە وەک ڕۆژە سەختەکانی خەبات، ئەمجارەش سەرباری زەحمەتییەکان، پشتی کوردستان و پارتی و حکوومەتی خۆیان بەرنەدا.

سەبارەت بە بایەخی ئەم هەڵبژاردنە بەڕێزیان گوتی: ئەم هەڵبژاردنە ئاسایی نییە و دەبێ بە گوڕ و تینەوە بەشدار بین. ئەگەر قۆناغی پێشووی دوای ساڵی ٢٠٠٥ قۆناغی پێناسەکردنی عێراق بووبێت، ئێستا پێ دەنێینە سەرەتای قۆناغێکی نوێوە کە ناوی دەنێین قۆناغی جێبەجێکردنی دەستوور و بەدیهێنانی مافە دەستورییەکانی کوردستان.

بەڕێزیان دووپاتی کردەوە کە بایەخی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەگەر گرنگتر نەبن، کەمتر گرنگ نین لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان، بۆیەش دەبێ بەشدارییەکی کاریگەریان تێدا بکەین و بە هەموو لایەکمان و وەک هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، پارتی و کوردستان سەربخەین.

نێچیرڤان بارزانی وێستگە گرنگەکانی مێژووی پارتیی بە بیر هێنایەوە و وەک هەڵگیرسێنەری گەورەترین شۆڕشی کوردستان و بەدیهێنەری ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار کە یەکەمین بەڵگەنامەی مێژووییە دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا دەنێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق و جێکردنەوەی مافەکانی گەلی کوردستان لەو دەستوورەدا، سەرۆک بارزانی و پارتی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

بەڕێزیان جەختی کردەوە کە زۆربەی کێشەکانی ئەمڕۆی نێوان بەغدا و هەولێر، ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی دەستوورە و قۆناغی داهاتوو دەرفەتە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، بۆ ئەو مەبەستەش، دەبێت بە هێز و سەنگەوە و بێ دوو دڵی لە بەغدا بین.

بەڕێزیان ڕووی لە دەنگدەرانی پارتی کرد و گوتی:  

چاوەڕوانیمان ئەوەیە دەنگی پارتی ئەمجارە لە هەشت سەد هەزارەوە بگاتە یەک ملیۆن دەنگ. هەروەها گوتیشی: ئێمە لە قوتابخانەیەک و لە سەرۆک بارزانی ـەوە فێربووین کە پارتی ئامرازە و کوردستان ئامانجی هەموومانە و لەپێناو سەربەرزی و بەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کوردستاندا، دەبێ پارتی بەوپەڕی هێز و سەنگەوە بنێرین بۆ بەغدا.

لە وەسفی ڕۆڵ و ماندوویی و خۆڕاگریی کادیرانیشدا بەڕێزیان گوتی: بە هیچ وشەیەک وەسفی ڕۆڵ و خەباتی ماندوونەناسانەی کادیران ناکرێت، لە ناخی دڵمەوە سوپاستان دەکەم، ئێوە جێی شانازی و سەربەرزین کە سەرباری ناڕەحەتییەکانی ژیان، هەمیشە ئامادەن بۆ سەرخستنی حزبەکەتان، ئەو حزبەی کە وەک بەڕێزیان گوتی:

لە هەر جێیەک باسی کورد و دۆزی کورد بکرێت، هەمیشە پارتی بە خاوەن ماڵ و خاوەنی قەزیەکە دەزانرێت، لە هەر کوێ پارتی هەبێت ئاوەدانی هەیە و گەلی کوردستان بڕوانامەی ئاوەدانی و ئارامی بە پارتی بەخشیوە.

سەبارەت بە بەڕێوەبردنی بانگەشەش، نێچیرڤان بارزانی داوای لە جەماوەری پارتی کرد بانگەشە و هەڵبژاردنێکی ئارام و شارستانی بەڕێوە ببەن کە لە ئاستی گەورەیی و بەرپرسیاریی  پارتیدا بێ. دڵنیاشی کردنەوە کە  پارتی هەمیشە لە ژینگەی ئارامدا گەشە دەکات، بۆیەش پارێزەری ئارامی و ئاشتەوایی و پێکەوەژیانە و هەر واش دەمێنێتەوە.

بەڕێزیان ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەکانی پارتیی لە هەولێر وەک نموونەی گەش و بەرچاوی سیاسەتی پارتی هێنایەوە و مژدەی بە خەڵکی هەولێر و کوردستان دا، لە ئایندەدا پشت بەخوا خزمەتی زۆر گەورەتر بەڕێوەیە، لەمبارەیەوە بەڕێزیان گوتی: ناسنامەی پارتی کوردستانییە و کارەکانیشمان ئاوەدانییە.

لە کۆتاییی گوتارەکەیدا، بەڕێز نێچیرڤان  بارزانی داوای لە تێکڕای کادیر و ئەندامان و لایەنگران و جەماوەری پارتی کرد بچنە سەر سندووقی دەنگدان و بەوپەڕی گوڕ و تینەوە بەشدار بن و بۆ داکۆکی لە کورد و کوردستان، زۆرترین کاندیدی پارتی بنێرنە بەغدا  و کورد و پارتی سەربخەن.

ئه‌مه‌ ده‌قى گوتاره‌كه‌یه‌:

هەڤاڵینە.. 

هەموو لایەکتان بە خێر بێن..

بەیانیتان باش،

مەبەستمان لەم گردبوونەوەیە ئەوەیە كە پێکەوە بەرەو هەڵبژاردنێکی تر دەچین و دەبێ ئەو پەیمانەمان نوێ بکەینەوە، لەگەڵ خوێنی شەهیدانمان ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەکانمان، شەهیدانی کە لە پێناو ئەم ئازادییەی ئێمە خۆیان بەخت کرد و شەهید بوون، دەبێ هەموو ئەو ئازیزانە بەیاد بێنینەوە کە لە سایەی خەبات و ماندووبوونی ئەوان، تاوەكو ئێستاش پارتی بەردەوامە بە گەورەیی و بە هێزەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، تاوەكو پارتی خەڵکی وەکوو ئێوەی هەبێ و پشتیوانی وەکوو ئێوەی هەبێ، بێگومان بەردەوام دەبێ و یەک خولەكیش لە خەبات کۆڵنادا بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە خەباتمان بۆی کردووە و شەهیدمان بۆی داوە.

لە دەستپێکردنی قسەکانم دەمەوێت لە دڵەوە سوپاسی شاری خۆشەویستی هەولێر و دەوروبەری هەولێر بە هەموو شار و شارۆچکەکان و گوندەکانیانەوە بکەم، بەڕاستی ئەوەی هەمیشە لە سەنگەری پێشەوە بوون و لە قۆناغی سەختدا و لە قۆناغی زۆر بە زەحمەتدا پشتیوانیی پارتیان کردووە و گەیشتۆتە ئەم رۆژە، بەتایبەتی خەڵکی خۆشەویستی شاری هەولێر و دەوروبەر جێی سوپاس و ڕێز و خۆشەویستین.

هەروەها سوپاسێکی تایبەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، مووچەخۆرانی کوردستان ئەوانەی کە تەحەمولیان کردووە. ناحەزانی هەرێم و ناحەزانی کوردستان لەو بڕوایەدا بوون شایستە دارایییەکان کە موستەحەقاتی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، ئەو شایستە داراییانەیان بۆ نانێرن خەڵک هەڵدەستێتەوە و ڕێگەی تر دەگرێتە بەر، بەڵام هەمووتان ئه‌وه‌تان سه‌لماند كه‌ چۆن لە ڕۆژە سەختەکاندا لە پشت حزبی خۆتان و لە پشت کوردستان بوون، ئاوا بۆ دۆست و دوژمن سەلماندتان کە جارێکی تر پارتی پێشڕەوە و کۆڵ نادات و پەنا بەخوا بەرەو سەرفەرازی دەڕۆین.

هەڤاڵینە..

ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە، زۆر جار پرسیار دێتە پێش، ئێمە بۆ دەبێ بە گوڕ و تینەوە لەم هەڵبژاردنانەدا بەشدار بین؟ من دەمەوێت پێتان بڵێم، ئەمە قۆناغێکی یەکجار زۆر گرنگە لە عێراق، پێش ئێستا قۆناغێکمان هەبوو لە ساڵی دوو هەزار و پێنج کە حکوومەتی نوێی عێراق دامەزرا و دەستووری عێراق دەنگی لەسەر درا، ئەوە پێناسەی سیستەمی عێراق لەو وەختەوە کرا، بەڵام دوای ئەوە عێراق کەوتە ناو کێشە و ناڕەحەتیی یەکجار زۆر لە شەڕی ناوخۆ، لە مەسەلەی داعش، لەمانە هەمووی کێشەی گەورە لە عێراقدا دروست بوو، ئەم هەڵبژاردنانە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن چونکە سەرەتایەکی نوێ لە عێراق دەست پێدەکات، سەرەتایەک کە ئێمە ناوی لێ دەنێین جێبەجێکردنی دەستووری عێراق کە بۆ پارتی و بۆ کوردستان زۆر زۆر گرنگە ئەم قۆناغەی کە ئێستا لەپێشمانە، لەبەر ئەوە دەبێت بەڵێنی خۆمان بۆ خوێنی شەهیدانمان، بەڵێنی خۆمان بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان دووپات بکەینەوە و هەموومان بە گوڕ و تینەوە بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە بکەین، ئەم هەڵبژاردنانە هیچ کەمتر نین لەو هەڵبژاردنانەی کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەیکەین، ئەگەر گرنگتر نەبن.

ئەمڕۆ لە بەغدا گرانیی هەر حزبێک و پێگەی هەر حزبێک، سەیر دەکرێت بەوەی چەند جەماوەری هەیە، پێگەی جەماوەری ئەو حیزبە چەندە، ئێوە ئێمەتان سەربەرز کرد لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان. پارتی بە ئێوەوە سەربەرز بوو، ئێوە پارتیتان جارێکی تر سەرخست، دەنگی پارتیتان بەرز کردەوە و هەشتسەد هەزار دەنگ بۆ پارتی لە کوردستان درا، قەدەری پارتی ئەمەیە، پارتی ئەو حزبەیە کە گەورەترین شۆڕشی کوردستانی هەڵگیرساند، پارتی ئەو حزبەیە، یەکەم دیکۆمێنت کە دان بە مافەکانی کورد دا دەنێت لە ساڵی 1970، لەسەر دەستی پارتی لە عێراقدا بە ئەنجام گەیشتووە. دەستووری هەمیشەییی عێراق ئەوەی کە ساڵی 2005 نووسرا، پارتی پشكی شێری بەرکەوت لەوە. جەنابی سەرۆک بارزانی شەو و ڕۆژ بەشدار بوو لەو کۆبوونەوانە بۆ ئەوەی کە دەستوور بنووسرێتەوە. ئەگەر بە بیریشتان بێت کە جەنابی گەڕایەوە لە بەغدا، فەرمووی "هەموو تمووحی ئێمە لەم دەستوورەدا نییە، بەڵام بەشێکی زۆر تمووحی ئێمە، داواکاریی ئێمە لەم دەستوورەدا هەیە". لەبەر ئەوە ئەو كێشانەی ئەمڕۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا هەیە، زۆری لەسەر جێبەجێنەکردنی دەستوورە، سەدا هەشتای خەڵکی عێراق دەنگیان بەو دەستوورە داوە وەکوو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك کە ڕێگە نیشاندەرە بۆ ئێستا و ئایندەی عێراق.

هەرێمی کوردستان ئەم هەڵبژاردنانە بە دەرفەت دەزانێت، دوای ئەوەی عێراق لە شەڕی داعش تەواو بوو، سوپاس بۆ خوا کێشەی ناوخۆییش تاوەكو ڕادەیەكی زۆر ئێستا تەواو بووە، قۆناغی ئێستا کە دەستپێدەکات قۆناغی ئەوەیە کە دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت. بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە و مافەکانی کورد لەناو ئەو دەستوورە، دەبێت بە هێزەوە لە بەغدا بین. 

هەڤاڵان.. نابێت دوو دڵی بکەین، ئەم قۆناغە قۆناغێکی هەستیارە. سوپاسی هەمووتان دەکەم. ئێوە پارتیتان گەیاندە (800) هەزار دەنگ، بەڵام ئەم جارە تمووحمان ئەوەیە کە پارتی دەبێتە یەک ملیۆن دەنگ.

بەڵێ بۆ ئێمە، لە قوتابخانەیەكدا فێر بووین، سەرۆک بارزانی فێری کردووین کە پارتی ئامرازە و کوردستان ئامانجی هەموومانە. لەپێناو کوردستانێکی بەهێز، لەپێناو کوردستانێک کە بتوانێت وەڵامگۆی هەموو ئەو داواکارییانە بێت، ئەوانەی گەلی کوردستان هەیه‌تى، دەبێت پارتی زۆر بەهێز و تواناوه‌ بنێرین بۆ پەرلەمانی عێراق و هەر کەسەمان لە شوێنی خۆی بە جددی كار لەسەر ئەوە بکات کە دەنگ بۆ پارتی کۆبکاتەوە. ئێوەی كادیرانی پارتی زۆر زەحمەتتان کێشاوە. لە کۆبوونەوەیەک پێش ئەوەی بێمە حزووری ئێوە، باسمان دەکرد کە بەڕاستی ئێوە ئەرکێکی گەورەتان لەسەر شانە. من شەخسی خۆم هیچ وشه‌یه‌كم نییە بتوانم سوپاستان بکەم. دەزانم ئێوە كادیرانی پارتی و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی، ئێوە کە دەستی پێدەکەن هیچ شتێک موستەحیل نییە، هەموو شتێک دەکرێت، تەنیا ئەوەیە تاوەكو ئێوە دەست پێبکەن.

پارتی بەهۆی کارەکانی ئێوه‌وە سەربەرزە، پارتی شانازی دەکات. ئێمە شانازی دەکەین کە کادیرانى وامان هەیە، شانازیی دەکەین بەوەی ئەم خەڵکەی ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو زەحمەتانەی هەیانە لەڕووی ژیانەوە، لەڕووی بژێوی ڕۆژانەیانەوە، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانە و ئەو ناخۆشییانە، کە دێتە سەر ئەوەی پارتی پێویستی پێدەبێت، هەموویان بۆ پارتی ئامادەن. ئێوە جێی سەربەرزین بۆ پارتی. ئێوە جێی سەربەرزین. خەباتی ئێوە لەم هەڵبژاردنانە هیچ کەمتر نییە لەو پێشمەرگەی کە لە ساڵی شەست و یەکەوە چەكی هەڵگرت و خەباتی کرد لەپێناو مافەکانی کوردستاندا، خەباتی ئێوە کەمتر نییە لەوە.

پارتی خاوەنی گەورەترین شانازیی مێژوویی هاوچەرخی کوردستانە و دەبێت هەر واش بمینێتەوە. هەڤاڵان من لە کۆبوونەوەی پێشتر یەک شتم باس کرد، حەز دەکەم لەگەڵ ئێوەش باسی بکەم. کە دێتە سەر باسی كێشەی کورد لە هەر شوێنێک، لە وڵاتانی دەوروبەر، لە بەغدا، کە بە جددی دێتە سەر ئەوەی باسی مافەکانی کورد بکرێت، دڵنیا بن پارتی بە خاوەن ماڵ دەزانن. پارتی لە هەر شوێنێک بێت، بێ ئەوەی منەتی هیچ شتێک بکات، ئاوەدانی هەیە. لە ماوەی ڕابردوو گوتمان، لەگەڵ به‌ڕێز پارێزگار قسەم دەکرد، گوتم "پەنا بەخوا ئاوێکی زۆر بۆ هەولێر هات، حکوومەتی هەرێم ئەوەی کرد و پەنا بەخوا ئاوەدانییەکی زیاتریش بۆ هەولێر دێت".

گەلی کوردستان بڕوانامەی ئاوەدانی و ئارامیی داوەتە پارتی، ئەو بڕوانامەیەمان لە گەلی کوردستان وەرگرتووە، لە مللەتی خۆمان وەرمانگرتووە، لەبەر ئەوە داوا دەکەم هەڵبژاردنێکی زۆر هێمنانە بەڕێ بکەن، هیچ حزبێک لە کوردستان ڕكابه‌رى ئێوە نییە، ئێوە به‌رپرسیارییه‌تییه‌كى گەورەترتان لەسەر شانە، خەمخۆری گەورەی شاری هەولێر پارتی بوو. من ناڵێم کەموکووڕی نییە، لە هەموو شوێنێک ئەگەر ئیش بکرێ، کەموکووڕییش دەبێت، بەڵام ئەگەر سەیری کاروانی ئاوەدانیی کوردستان بکەین، بەتایبەتی شاری هەولێر وەکوو نموونە بهێنینەوە، بەڕاستی ئەوەی پارتی لە هەولێر کردوویەتی کەم نییە. ئەوە جێی شانازیی هەموو ئەندام و لایەنگران و خەڵکی کوردستانە. دەبێت شانازیی پێ بکەین.

ئێستایش بە پشتیوانیی ئێوە، ئێمە مژدە دەدەینە خەڵکی کوردستان، مژدە دەدەینە هەولێر، پێیان دەڵێین ئەو ئاوەدانی و ئەوەی کە کراوە هیچ نییە لەچاو ئەوەی کە پەنا بەخوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەدا بۆ شاری هەولێر و بۆ کوردستان دەیکات. کە باس دێتە سەر پێکەوەژیان، دیسانەوە پارتی بە نموونە ده‌هێنینەوە. هەڤاڵینە، ساڵی 2014 دوای شەڕی داعش، کێشەی گەورە لە عێراق دروست بوو، دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری عێراقی ڕوویان کردە هەرێمی کوردستان، برا عەرەبەکانمان لە ئەنبار، لە فەللووجە، لە شوێنەکانی تر، زۆر بە شانازییەوە ئەوە بە قەڵەمی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژوو دەنووسرێتەوە کە چۆن خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرگایان کردەوە بۆ ئەو لێقەوماوانەی کە هاتن، چ عەرەب، چ تورکمان، چ مەسیحی، چ هەموو ئەوانەی تر، ئێزدی، کە ڕوویان کردە هەرێمی کوردستان. با ئەوەشتان پێ بڵێم ساڵی 2014 ئەو بڕیارە بڕیارێکی زۆر زەحمەت بوو: ئایا ئێمە ئەو بڕیارە بدەین ئەو خەڵکە بێت یان نا؟ گەورەترین کێشە پرسی ئەمنی بوو، بەڵام بڕیارمان دا، تا ئەو برا عەرەبانه‌شمان گەڕانەوە کە ئێستاش نزیكەی یەک ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، تا ئەوانەی کە گەڕانەوەش، یەک کێشەی ئەمنیمان نەبوو لە وڵات. ئەم پەروەردەیە لە کوێ سەرچاوەی گرتووە، ئەم پێکەوەژیانە لە کوێ سەرچاوەی گرتووە؟ ئەم پێکەوەژیانە سەرچاوەکەی بیر و هزر و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

حەز دەکەم ئەمڕۆ پێتان بڵێم ئەوانەی کە بێ هیوان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، وەکوو پارتی هانیان بدەن، هانیان بدەن بۆ ئەوەی مافی خۆیان وەربگرن، چۆن؟ لە ڕێگەی سندووقی دەنگدان. عێراق ئەمڕۆ سەرەڕای زۆر كێشەی کە هەیەتی، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، یەکلاکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، لە ڕێی سندووقی دەنگدانەوە دەکرێت. لەبەر ئەوە هەر یەک لە ماڵی خۆمان، خۆمان و کەسوکارمان، پێویستە هەست بەو بەرپرسیاریه‌تییە بکەین و لە ڕۆژی دەنگداندا بەرەو سندووقی دەنگدان بچین و پەنا بەخوا بە پشتیوانیی خوای گەورە و هیممەتی هەمووتان، لیستی (275)ى پارتی دیموکراتی کوردستان سەربخەین.

پارتی لە ژینگەیەکی ئارامدا گەشە دەکات، لەبەر ئەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە كێشە بەڕێوە بچێت، چونکە من عەرزم کردن خاوەن قەزییە، ئێمەین. با ئەوەشتان پێ بڵێم، قەرزداری یەک شتیشین، قەرزداری یەک خاڵێكین لە هەڵبژاردنەکانی تر لە هەرێمی کوردستان، سوپاسێک قەردارم، ئەویش ئەوەیە کە ڕۆژی هەڵبژاردن بانگه‌شه‌یه‌كى گەورەی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە لەناو شاری هەولێر دەکرا، لە هەمان كاتدا لە شوێنێکی تری هەولێر بانگەشەی حزبێکی تر دەکرا بۆ هەڵبژاردن. لە هەمان كات و لە هەمان ساتدا، کە خەڵک لەو بڕوایەدا بوون کێشەی گەورە دروست دەبێت. با پێتان بڵێم، ئەوە لە هەر شوێنێک بووایه‌ لەوانەیە کێشە دروست دەبوو، بەڵام چونکە لە هەولێر بوو، چونکە لەژێر سایەی ئێوە وەکوو تێکوشەران و خەباتکارانی پارتی بوو، تەنیا یەک كێشەش دروست نەبوو کە جێی ده‌ساخۆشیى هەموو كونسوڵخانه‌ و ئەو بیانییانه‌ بوو لە کوردستان، هه‌موویان شاهێدی ئەو مەسەلەیە بوون کە تا ئێستاش شانازی پێوە دەکەین.

کە دەچنە هەڵبژاردن هەڤاڵینە.. بە هەموو کەسێک بڵێن، پێیان بڵێن: دەنگ بەرز کەنەوە، پێیان بڵێن "ناسنامەی پارتی کوردستانییە، کارەکانیشمان ئاوەدانییە"، ئەمەیە ناسنامەی ئێمە. ئەو دروشمەی کە هەڵیشمان گرتووە، ڕێبازی ئێمە ڕێبازی ئاشتییە، ڕێبازی پێکەوەژیانە، قۆناغی ئێستای ئێمەش، جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە، ئەو دەستوور و مافەی کە حەقی خۆمانە وەک مللەت. هەوڵ دەدەین بە هەموو شێوەیەک لە ئایندە لە پەرلەمانی عێراقدا ئەو دەستوورە جێبەجێ بکرێت.

پارتی سەنتەری پرسی کوردە لە هەر شوێنێک بێت. هەڤاڵانی پارتی بۆ هەر شوێنێک دەچن، ئەوەیان بەبیر بێننەوە کە پارتی زامنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە لە بەغدا. ئەگەر پارتی نەبێت، ئەگەر پارتی بێ هێز بێت، کەواتە کوردستان بێ هێز دەبێت. ئەگەر پارتی بەهێز بوو لە بەغدا، کوردستان بەهێزە. لەبیرتان بێت هەڤاڵینە، بە شانازییەوە دەڵێم: من پارتیم، بەڵام با من وەکوو کوردێک پێتان بڵێم، بەبێ ئەوەی کە پارتیش بم، بە جددی وەک کوردێکیش ئەگەر بیر بکەمەوە، بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر بمانەوێت کوردستان بەهێز بێت لە بەغدا، دەبێت داكۆكی لەسەر ئەوە بکەینەوە کە دەبێت پارتی بەهێز بێت لە بەغدا. شانازی دەکەین بەوەی کە لەناو پارتی ئافرەتان خەریکە ڕۆڵی خۆیان دەبینن کە زۆر بە گوڕ و تینەوە دەستیان پێکردووە. ئەم دەستپێکردنەی ئافرەتان لەناو پرۆسەی سیاسی، لەناو پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پارتی زۆر زۆر گرنگە. لێرەوە داوا لە هەموو ئافرەتان و ژنانی کورد ئەوانەی کە لەگەڵ پارتین، داوایان لێدەكەم بەرپرسیاریەتیی خۆیان بزانن. بەو گوڕ و تینەی کە دەستیان پێکردووە، ئایندەیەکی گەورەیان لە پێشە لەناو پارتیدا. هەست بەو بەرپرسیاریه‌تییە بکەن و پەنا بەخوا پێکەوە شان بە شانی یەکتر لەم هەڵبژاردنانە بەشدار بن.

لە كۆتاییی قسەکانمدا داوا لە لاوان و گەنجانی کوردستانیش دەکەم، ڕووی قسەم لەوانە، پێیان دەڵێم: بۆ ئایندەیەکی گەشتر بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدان و سەربەرز بێت، ئێوە وەک گەنجان بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان، هەست بە بەرپرسیاریه‌تیی خۆتان بکەن. ئایندەی ئەم حیزبە لەدەست ئێوەدایە، ئایندەی ئەم وڵاتە لەدەست ئێوەدایە. پارتیبوون واتە بەرپرسیاریەتی، چونکە پارتی واتە بەرپرسیاریەتی، کەواتە پارتی ئەو حیزبەیە کە بەردەوام دەیەوێت ئارامی و سەقامگیری لەم وڵاتەدا هەبێت. گەنجان، هەڤاڵانی گەنجی پارتی، هەست بە بەرپرسیاریه‌تیی خۆیان بکەن و لە ڕۆژی دەنگداندا دیسانەوە بە گوڕ و تینەوە بەرەو سندووقی دەنگدان بچن و دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.

لە بەغدا داوای یەکڕیزی لەگەڵ هەموو فراکسیۆنە کوردستانییه‌كان دەکەین، لە کوردستان داوای کاری هاوبەشی و پێکەوەیی دەکەین، بەڵام لە بەغدا داوای یەکڕیزییان لێ دەکەین. کورد دەبێت لە بەغدا یەکڕیز بێت بۆ مافەکانی خۆی، وەک پارتی ئەو داوایەمان هەیە. داوا دەکەین هەموو حیزبەکانی کوردستان لە بەغدا یەکڕیز بن، یەک هەڵوێست بن بۆ مافەکانی کوردستان، ئەوەش بەرجەستە دەکرێت بەوەی کە پارتی بە هێزەوە لە بەغدا بەشدار بێت.

هەڤاڵینە.. قۆناغێکی زۆر هەستیارە، قۆناغێکی گرنگە ئەم قۆناغەی کە لە پێشمانە، قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە کە بۆ ئەو دەستوورە خەباتمان کردووە و ماندوو بووین. هەست بەو ئەرکەی خۆتان بکەن، بەرپرسیاریەتییه‌كی گەورەیە، قۆناغێکی تابڵێی گرنگە. ئەم هەڵبژاردنە بە کەم مەزانن، هەر کەسێک بۆ هەر شوێنێک، گەڕەکێک، ماڵێك به‌دوای ده‌نگێكدا بگه‌ڕێن، به‌ڵێ، یه‌ك ده‌نگ. هەموو جار ئەو قسەیەم کردووە و دووبارەی دەكەمەوە، یەک دەنگ بۆ ئێمەی پارتی زۆرە، ته‌نانه‌ت پێویستیمان بە یەک دەنگیش هەیە، لەبەر ئەوە تکا دەکەم ڕۆژی دەنگدان بڕۆن یەک بە یەک لە دەرگای ماڵی خەڵك بدەن، دەنگ بۆ پارتی کۆ بکەنەوە، ئەم قۆناغەش پارتی سەرخەن، کورد سەرخەن.

ئێوەش هەر بژین و سەرکەوتوو بن پەنا بەخوا.

ئێستاش داوا لەو خزمەتکارانە دەکەم ئەوانەی کە بە دەنگی ئێوە دەیانەوێت لە هەڵبژاردن بەشدار بن و بە پشتیوانیی ئێوە بە حەول و قووەتی خوای گەورە ئێوە دەنگیان پێ دەدەن و بەرەو بەغدا دەچن و نوێنەرایەتیتان دەکەن و سەربەرزتان دەکەن بەوەی کە دەچنە پەرلەمانی عێراق و بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، با بفەرموون بێنە سەر ستەیج.

زۆر بە خێر بێن. ئەوەی کە ئەمڕۆ دەمەوێت ببینم، پەنا بە خوا هەموویان ده‌بن بە پشتیوانیی ئێوە، بە پشتیوانیی خودا دەردەچن و هەریەکەیان دەبن بە نوێنەرێکی ڕاستەقینە لە پەرلەمانی عێراقدا. به‌ڵێنى ئێمە هەموومان چییە؟ پەیمانی ئێمە ئەوەیە پێکەوە لە ڕۆژی دەنگدان بۆ سندووقی دەنگدان و بۆ ئەوەی کە لیستی (275)ى پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوێت، پەنا بەخوا. ئەو پەیمانە پەیمانی ئێمەیە بۆ خوێنی شەهیدانمان، بۆ خەباتی پێشمەرگەکانمان، بۆ ئەو کەسانەی شەونخونییان کردووە و ئێمەیان گەیاندۆتە ئەم ڕۆژە. بۆ ئەوانەی لە سایەی سەری ئەوانەوە ئێمە توانیمان دۆخێكی وا لە کوردستان دروست بكەین. دەنگدانە بۆ ئاشتی، دەنگدانە بۆ سەقامگیری، دەنگدانە بۆ گەشەسەندن، دەنگدانە بۆ کار و خزمەتگوزاری. کێ دەتوانێ ئەوە بکات، پارتی دیموکراتی کوردستانە.

ئەوەی دەنگ بە پارتی دەدا، دەنگ بە خەتێکی عەقڵانی دەدات بۆ ئەوەی کوردستان لە قۆناغێکەوە بەرەو قۆناغێکی تر ببات. دەبێت بەهێز بین بۆ ئەوەی بتوانین هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە بۆ قۆناغێکی تر بگوازینەوە. بەغدا قووڵاییى ستراتیژیی ئێمەیە وەکوو هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی زۆر گرنگن. پەنا بەخوا بە دەنگی ئێوە ئەم ئازیزانە سەردەکەون و دەچن بۆ پەرلەمانی عێراق.

 

ئێوەش خۆش و سەرکەوتوو بن،

بە خێر بێن و زۆر سوپاس.

 




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى فه‌ره‌نسا كۆبووه‌وه‌

TUESDAY, 14 OCTOBER 2025 22:10:00

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥/١٠/١٤ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

بەرپرسی لقی ١٤ی مووسڵ بۆ KDP: سبەی مووسڵ بۆ ناساندنی کاندیدانی پارتی زەرد دەپۆشێ

TUESDAY, 14 OCTOBER 2025 22:10:00

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەڵێ، سبەی بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە ناو جەرگەی شاری مووسڵ کەرنەڤاڵی ناساندنی ٦٢ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام دەدرێت و مووسڵ بۆ ناساندنی کاندیدی پارتی زەرد دەپۆشێ.

هۆشیار زێباری، بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی، بەشداری ڕێوڕەسمی یادی لەدایكبوونی شا چارلس بوو

TUESDAY, 14 OCTOBER 2025 21:10:52

هه‌ولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2025/10/14 بە ئامادەبوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بەڕێز هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک نوێنەری سەرۆك بارزانی به‌شداریى له‌ ڕێوڕه‌سمى ڕۆژى نیشتمانى بەریتانیا بە بۆنەى لە دایك بوونى شاى بەریتانیا  چارلسى سێیەمی كرد.

 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماده‌ى ڕێوڕه‌سمى یادى له‌دایكبوونى شا چارلس بوو

TUESDAY, 14 OCTOBER 2025 21:10:00

هه‌ولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥/١٠/١٤ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی شا چارلسی سێیەم، شای شانشینی یەکگرتوودا کرد.

 
له‌ په‌رله‌مانی عێراق ناساندن بۆ ڕۆمانێك له‌باره‌ی خه‌باتی بارزانی نه‌مر كرا

TUESDAY, 14 OCTOBER 2025 17:10:39

به‌غدا -KDP.info- ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ "ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بوونی نووسه‌ران و ڕۆشنبیران ڕۆمانی "آخر معارك الجنرال" له‌ نووسینی نووسه‌ر و ڕۆماننووسی كورد جان دۆست ناسێندرا." 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact