ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز پاتریك دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە بەڕێز یان برێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو. باڵیۆزی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەشداربوونیان لە مەڕاسیمی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس و ئەمەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناوبرد لەپێناو قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان گەل و حکومەتی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان. هەروەها کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگەی لە پاریس بە هێمای ڕێز و پێزانینی گەلی فەڕەنسا وەسفکرد بۆ قوربانیدان و ڕۆلی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە.
هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکومەتی فەڕەنسا و شارەوانی و سەرۆکی شارەوانیی پاریسی کرد لە پێناو ئەو بڕیارە مێژوویەی بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لەناو جەرگەی پاریس دایان و ئەوەی بە سیمبوڵێک بۆ تێکۆشان و قوربانیدانی پێشمەرگە لە پێناو ئازادیدا وەسفکرد.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد کە سەرەڕای سەرنجی زۆرمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە کەموکوڕی زۆری تێدایە بەشداری هەڵبژاردن دەکەین، گرنگە دوای هەڵبژاردن هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی دەیانەوێت شەفافیەت لە هەڵبژاردن دا هەبێت پێکەوە کار لەسەر دەرکردنی یاسایەک بکەن بۆ هەڵبژاردنەکان کە یەکسانی و دادپەروەری تێدابێت، چونکە ئەم یاسایەی ئێستا کاری پێدەکرێت یاسای ساڵی 2010یە و ئەوکات بەلێنمان پێدرا کە مادەی 140ـی دەستوور جێبەجێ بکرێت و یاساکەش بۆ تەنها یەک خوڵی هەڵبژاردن کاری پێ بکرێت، بەڵام ئەم یاسایە تا ئێستا بەردەوامە و بەڵێنەکانیش جێبەجێنەکران.
پێشهات و گۆڕانکارییەکان بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتیی و دۆخی سوریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتیی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.