هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق باسیان لە سەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، باڵیۆزی فەرەنسا ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە گرنگیدان و ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت بە پاراستنی ژینگە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2025، لە دیدارەکەی نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کران.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە کە "ئێمە خوازیاری ئەوەین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجەی تایبەت بە هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا".
گوتیشی "هیوادارین ڕێککەوتنی ئەم دواییەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا."
باڵیۆزی فەرەنسا دەستخۆشی پڕۆژە چاکسازییەکانی لە سەرۆکی حکوومەت کرد و ستایشی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت بە ژینگەپارێزی کرد.
هەروەها باسی لە سەردانی چاوەڕوان کراوی ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی دوازدەی ئەمساڵدا کرد.
