ھەولێر-KDP.info- دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی ڕۆژی پێنجشەممە 9-10-2025ی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە کاتێکی گرینگ و هەستیاردا بوو.
دڵشاد شەهاب ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا باسی لە مژاری کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد.
دڵشاد شەهاب گوتی: "پرۆسەی ئاشتی یەکێکە لەو پرسانەی کە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. پرۆسەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و رۆژئاوا پرسێکی گرینگە کە دەوڵەتی تورکیا کاریگەری بەسەر پرسەکانەوە هەیە. بابەتی پەیوەندیی دووقۆڵی ئێمەش بابەتێکی بەردەوامە؛ سنوورێکی بەرفراوانمان هەیە، پەیوەندیی ئابووریمان هەیە، پەیوەندیی دیپلۆماسیمان هەیە، بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە. هەموو ئەم پرسانە بابەتی گەرمی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک ئەردۆغان بوون".
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی هەمیشە پێشنیازی بۆ بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوە بووە کە "لە دیمەشق بن و چاوەڕوانی ئەوە نەکەن کەس فەرموویان لێبکات"؛ گوتیشی، "سووریا وڵاتێکە لەزۆر رووەوە لێکچوونی لەگەڵ عێراق هەیە؛ وڵاتێکی فرە ئایینە، فرە نەتەوەیە، فرە ئایینزایە، فرە پێکهاتەیە و بۆیە دەبێت ئەوان دەستپێشخەربن لەوەی کە دەرفەتی یەکسانبوون یان بوونی هەمووان لەوێ فەراهەم بکرێ. ئەمە سیاسەتی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم پرسەی بەم ئاراستەیە لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری تورکیا باسکردووە. ئەوانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت، سووریای ئێستا و ئایندە جێگەی هەموو پێکهاتەکانی تێدا ببێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، مافی براکانی ئێمەیە لە رۆژئاوا".
دڵشاد شەهاب لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە لایەن تورکیایشەوە قسەی کرد و رایگەیاند، هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە "هەوڵێکی بەردەوام و خەمێکی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. بڕیارەکە دراوە، ئەوی دیکە هەمووی بابەتی تەکنیکین".