Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 14 OCT 2025 04:54 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆک بارزانی: داوا دەکەم هەڵبژاردنێکی زۆر هێمن بەڕێوەببەن تەنانەت ئەگەر وێنەیەکی ئێوەش دڕێندرا ئێوە ئەو کارە مەکەن
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەكشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتی، بانگەشەی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر دەستیپێکرد.

بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوەچوو، جگە لە كاندیدەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی و سەركردایەتی ئامادەی کەرنەڤاڵی جەماوەریی بۆ پشتیوانی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.

سەرۆک بارزانی لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، ڕایگەیاند: خۆم زۆر زۆر بە بەختەوەر دەزانم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە کۆدەبمەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.

دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

هەڤاڵانی خۆشەویست

كاندیدە بەڕێز و خۆشەویستەكان

زۆر زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە كۆدەبمەوە بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی فیدراڵی. هەموو هەڵبژاردنێك گرنگە، لەبەر ئەوە من ناتوانم بڵێم ئەم هەڵبژاردنە زۆر زۆر گرنگە، هەموو هەڵبژاردنەكان گرنگن و هەر هەڵبژاردنێكیش لە هەلومەرجێكی جیاوازدا دێن. من بیستوومە كە بەشێكی زۆر لە خوشك و برایانی عەرەب و توركمان لەنێو لیستی ٢٧٥ی پارتیدان.

اود ان اعرب عن سعادتی العمیقة لوجود عدد من الاخوة والأخوات العرب والتركمان ضمن القائمة الحزب الدیمقراطی الكردستانی القائمة ٢٧٥. هذا الوجود یعزز مبادیء الحزب، ویعزز قوة الحزب ویعكس النهج الصحیح للحزب الدیمقراطی الكردستانی.

وجودكم فی هذه القائمة یضیف القوة الى قوة الحزب الدیمقراطی الكردستانی، وأوصیكم جمیعا ان تعملوا یدا واحدا للدفاع عن حقوق شعب الكردستان وعن حقوق كل فرد عراقی فی كل محافظة وفی كل المنطقة، وان تعتبروا انفسكم نواب عن كل محافظة العراقیة ولیس فقط الاقلیم الكردستان. اتمنى لكم جمیعا التوفیق والنجاح والأهم ان تفوز القائمة. كلكم اعزاء وكلكم اخوة والاخوات. المهم ان تفوز القائمة ٢٧٥، اذا فازت القائمة یعنی كلكم فزتم، فلذلك التركیز یجب ان تكون على القائمة، عدا ذلك ای واحد منكم یفوز، بالنسبة لنا نفس الشی، كلكم سواء وكلكم اعزاء، اهلا وسهلا.

بەڕێزان

بە پێویستی دەزانم تۆزێك بگەڕێمەوە بۆ مێژوو. دەوڵەتی عێراق كە دامەزرا دوای جەنگی جیهانیی یەكەم، لەسەر ئەو ئەساسە دامەزرا كە كورد و عەرەب شەریكن لەم وڵاتەدا، ئەمەش دوای ئەوە هات كە دوای ئەوەی لە پەیماننامەی لۆزان ڕێككەوتنی سیڤەر تێكچوو و تەنها مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان كە ئایا لەگەڵ عێراق بن یان لەگەڵ توركیا بن تەنها بە باشووری كوردستان درا، ئەوانەی تر تەقسیم كران هەروەكو هەموو ناوچەكە دابەش كرا، ئەوكاتە كوردی باشوور دەنگیان دا كە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بن بەڵام بە مەرجێك كە شەریك بن لە حوكمدا. بەداخەوە ئێمە نەك نەبووینە شەریك، مافی هاووڵاتیشمان نەبوو. دوای ئەوە مافی ژیانیشمان نەما، شەراكەتی ئێمە بوو بە ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی دێهاتمان و زۆر لەوەش بەداختر، دوای ٢٠٠٣، نانی ماڵ و منداڵی ئەو ئەنفالكراو و كیمیابارانكراوانەیان بڕی، لە جیاتی ئەوەی كە قەرەبووی ئەو قوربانییانە بدەن، نانیان بڕین.

ئومێدەوارم كە ئەم هەڵبژاردنە فورسەتێكی تر بێنێتە پێش بۆ هەموو عێراق و ئیتر ئەو هەڵانەی كە كراون، دووبارە نەبنەوە، چ لای ئەوان، چ لای ئێمە.

سەرەڕای هەموو ئەو زوڵم و زۆردارییەی كە لە خەڵكی كوردستان كرا، بەڵام مەردانە و سەربەرزانە لە مەیداندا وەستان و خۆیان نەچەماند و بەرگرییەكی مەردانەیان لە ماف و وجوودی خۆیان كرد.

هەر دەرفەتێك هاتبێتە پێش بۆ ئاشتی، لە دەست نەدراوە، لە ساڵی ١٩٦٣، لە ساڵی ١٩٦٤، لە ساڵی ١٩٦٦، لە ساڵی ١٩٧٠، لە ساڵی ١٩٩١یش، لە هەموو ئەم تاریخانە گفتوگۆ كراوە بۆ ئاشتی، بەڵام دووبارە شەڕ دەستی پێدەكردەوە، چونكە بڕوایان بە ماف و بە پێكەوەژیان و بە دیموكراتی نەبوو. درووشمی شۆڕشی ئەیلوول (دیموكراتی بۆ عێراق، ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان)، ئەو وەختە دەستنیشانكردنی پارتی زۆر راست و دروست بووە، ئەگەر دیموكراتی لە عێراق نەبێت، نە كورد و نە عەرەب و نە توركمان و نە هیچ دین و مەزهەب و ئایینێك ناتوانێ بە مافی خۆی شاد ببێ، دەبێ دیموكراتیەكی راستەقینە هەبێ، ئەو وەختە مافەكانیش دەستەبەر دەبێ.

سەرەڕای ئەو هەموو تاوانانەی كە دەرهەق بە خەڵكی كوردستان كرا، بەڵام وەختێك كە فورسەت بۆ خەڵكی كوردستان هاتبێتە پێش، مەردانە و مرۆڤدۆستانە رەفتاریان كردووە. لە ساڵی ١٩٩١ كە دوو فەیلەقی سوپای عێراق تەسلیم بوون و ئەو دوو سوپایەش بوون كە ئەنفال و وێرانكردنی دێهات هەمووی لەسەر دەستی ئەمانە بوون، بەڵام یەك نەفەریان نە ئەزیەت كرا، هەمووش ئیزن دران و بە كەیفی خۆیان هەر كەسەی بڕیاری خۆی دا بۆ كوێ بچێت. ئەمە وایكرد كە من خۆم شەخسی زۆر زیاتر لە جاران شانازیی بەوە بكەم كە یەكێكم لەم نەتەوەیە و لەم میللەتە.

دەرفەتی زێڕین ساڵی ٢٠٠٣ بوو، ساڵی ٢٠٠٣ رژێمی بەعس رووخا و دەرفەتێكی زێڕین بۆ هەموو خەڵكی عێراق هاتە پێش، ئێمەش بە نیەتێكی پاك و بە ئیرادەیەكی زۆر زۆر بەهێز چووین بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی عێراقێكی تازە دابمەزرێنین هەموو پێكەوە لەسەر سێ بنەما، (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان - الشراكة، التوازن، التوافق)، بە هەموو توانایەكمان هەوڵمان دا كە ئەو عێراقە دروست بكرێ، تا گەیشتە دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٥، كەس بەقەد ئێمە ماندوو نەبووە بەم دەستوورە. ئەو وەختەش كە من گەڕامەوە بۆ كوردستان، گوتم ئەمە دەستوور ئەلحەمدولیلا تەواو بوو، ئەوە نییە بڵێی دەستوورێك بێ هەموو تمووحی ئێمەی جێبەجێ كردبێ یان بە دڵی هەموومان بێ، بەڵام ئەگەر تەماشای بكەین بە شێوەیەكی مەنتقی، دەستوورێكی فوق العادة باشە، تا ئاستێكی زۆر مافەكانی ئێمە دەستەبەر دەكات، بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام ئیجابیاتی زۆر زۆر زیاترە لە سلبیاتی. ئەگەر ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرابایە، عێراق تووشی زۆر لەو كێشانە نەدەبوو، زۆر لە گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداش روویان نەدەدا، بەداخەوە ئیلتزامی پێوە نەكرا.

هەرچەندە ئەو قانونەی كە ئێستا هەڵبژاردنی پێ دەكرێت، نە دادپەروەرانەیە، نە یاسایەكی وەهاشە كە مافی هەر كەسێك بەپێی قەبارە و سەنگی خۆی پێ بدات، سنووردار كراوە، هەر كەسێك، هەر لایەنێك، هەر حزبێ، لەبەر ئەوە ئومێدەوارین لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا دەبێ ئەم یاسایە بگۆڕدرێ.

ئێستاش من دەمەوێ بۆ ئەو كەسانەی كە لە بەغدا دژی هەرێم بوون و كێبڕكێیان دەكرد لەوەی كە كێ زیاتر دژایەتیی هەرێم دەكات، كێ زیاتر هەرێم ئەزیەت دەدات، بە تایبەتی لەناو پەرلەمان. بەبیریان بێنمەوە كە چەند بڕگەیەك لە ناو دەستوور هەیە، با ئەو بڕگانە بخوێننەوە، ئەو وەختە دەزانن ئایا هەرێم موخالەفەی كردووە یان غەدر لە هەرێم كراوە؟

لە دیباجەی دەستوور (نحنُ شعبُ العراق الذی آلى على نفسه بكلِ مكوناته وأطیافه ان یقرر بحریته واختیاره الاتحاد بنفسه، وأن یتعظ لغده بأمسه، وأن یسُنَّ من منظومة القیم والمُثُل العلیا لرسالات السماء ومن مستجدات علمِ وحضارةِ الانسانِ هذا الدستور الدائم. إنّ الالتزام بهذا الدستور یحفظُ للعراق اتحاده الحر شعبا وأرضاً وسیادةً)، با ئەوانە باش ئەو بڕگەیە بخوێننەوە ئینجا گلەیی لە هەرێم بكەن.

ماددەی یەكەم دەڵێت، (العراق دولة اتحادیة)، من نامەوێ بچمە وردەكارییەوە، عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە نەك دەوڵەتێكی مەركەزی، دەوڵەتی مەركەزی نەما، لە دوای ٢٠٠٣ بەپێی ئەو دەستوورە و ئەو ڕێككەوتنەی كردوومانە، دەوڵەتی مەركەزی نەماوە، هەر رەفتارێك بە شێوەی دەوڵەتی مەركەزی، نایاساییە و نادەستوورییە. چ ئەوانەی لە شوێنەكانی تری عێراق كرابێت، چ ئەوانەی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان كرابێت.

ماددەی سێ دەڵێ: (العراق بلد متعدد القومیات والأدیان والمذاهب)، زۆر لەسەر ئەم ماددەیەش ئیشمان كرد، مانای وایە كە بە یەك پێكهاتە عێراق ئیدارە ناكرێت، دەبێ ئەمانە هەمووی شەریك بن، ئەو پێكهاتانە هەمووی دەبێ شەریك بن.

زۆر باسی ئەوە دەكرێ مەسەلەی نەوت و غاز، دیسان ئەمەش هەفتەیەك زیاتر لە بەغدا گفتوگۆمان كردووە لەسەر ئەو دوو ماددەیە، ماددەی (١١١) كە دەڵێ: (النفط والغاز هو ملك كل الشعب العراقی فی كل الاقالیم والمحافظات)، هیچ خیلافمان نییە لەسەر ئەم دوو ماددەیە.

ماددەی (١١٢)، دەڵێ: (اولا:- تقوم الحكومة الاتحادیة بإدارة النفط والغاز المستخرج من الحقول الحالیة مع حكومات الاقالیم والمحافظات المنتجة على ان توزع وارداتها بشكل منصف یتناسب مع التوزیع السكانی فی جمیع انحاء البلاد، مع تحدید حصة لمدة محددة للأقالیم المتضررة والتی حرمت منها بصورة مجحفة من قبل النظام السابق والتی تضررت بعد ذلك بما یؤمن التنمیة المتوازنة للمناطق المختلفة من البلاد ،وینظم ذلك بقانون. ثانیا:- تقوم الحكومة الاتحادیة وحكومات الاقالیم والمحافظات المنتجة معا برسم السیاسات الاستراتیجیة اللازمة لتطویر ثروة النفط والغاز بما یحقق اعلى منفعة للشعب العراقی معتمدة احدث تقنیات مبادئ السوق وتشجیع الاستثمار.) لێرەدا مەبەستیان ئەوەیە وشەی (معا)، یەك هەفتە موناقەشە بوو لەسەر ئەوەی (بالتنسیق) یان (معا)، لە كۆتاییدا (معا) جێگیر بوو، واتە هەرچی دەكرێ دەبێ پێكەوە بێت، نابێ وەزیری نەوت یان وەزیرێكی تر لەوێ بە كەیفی خۆی بڕیار بدات و حیسابی بۆ نەكات، هەرێم بەمە پابەند بووە، بەڵام خەڵكی تر ئیلتزامی پێ نەكردووە.

ماددەیەكی تر ماددەی (١١٥)یە: (كل ما لم ینص علیه فی الاختصاصات الحصریة للسلطات الاتحادیة یكون من صلاحیة الاقالیم والمحافظات غیر المنتظمة فی اقلیم والصلاحیات الاخرى المشتركة بین الحكومة الاتحادیة والاقالیم تكون الأولویة فیها لقانون الاقالیم والمحافظات غیر المنتظمة فی اقلیم فی حالة الخلاف بینهما.) ئەمەش دیسان حەقێكی زۆر بە هەرێم دەدات، بەڵام دیسان ئیشی پێ نەكرا.

زۆری تر هەیە، ماددەی ١٢١ باسی دەسەڵاتی هەرێم دەكات، نامەوێ زۆر وەختی ئێوە بگرم بەمە، بەڵام لێرەدا دەمەوێ بۆ ئێوە و بۆ هەموو خەڵكی عێراق روون بكەمەوە:

لە شوباتی ٢٠٠٧ لێرە لە پیرمام چەندین كۆبوونەوە كرا لە نێوان شاندی هەرێم و شاندی حكوومەتی فیدراڵ و پسپۆڕی شارەزا لە وڵاتانی تر وەكوو كەنەدا و زۆر لە وڵاتانی تر، بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمەریكا و باڵیۆزی بەریتانیاش، ئێمە گەیشتینە رێككەوتنێكی زۆر ڕێكوپێك، ئەو یاسایە رۆیشت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرێك لە وەزیرەكان گوتبووی كورد نازانن جیاوازی لە نێوان ئاو و نەوت بكەن، ئێمە بۆ خۆمان تووشی ئەو پابەندییانە دەكەین؟ نەیانهێشت ئەو یاسایە بڕوات. ئیتر ئەگەر كێشەیەك لەسەر نەوت و غاز هاتۆتە پێشەوە، خەتاكە لە بەغدایە نەك لە هەرێم. ئەگەر ئەو وەختە ئەو قانونە بەڕێوە بچووبا، زۆر شتێكی باش بوو و ئەو كێشانە زۆریان روویان نەدەدا.

ئێستاش دوای ئەوەی كە ئەو ڕێككەوتنەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدرال و كۆمپانیاكانی نەوت، ئومێدەوارم ئەمە بەردەوام بێ و ئەمە ببێتە هۆكاری ئەوەی كە ئەو قانونە، ئنجا چ هەمواری پێویست بێ یان وەكوو بنەمایەك بۆی بگەڕێنەوە، یان یاسایەكی تر، هەرچی زووترە یاسای نەوت و غاز لەسەر ئەم بنەمایانە بكرێ، ئێمە هیچ دوودڵ نین و ئامادەشین بۆ ئەو ڕێككەوتنانە، بەڵام تەفسیراتی هەڵە بۆ بەندەكانی دەستوور قابیلی قەبووڵ نییە.

خاڵی تر كە زۆر گرنگە، ماددەی ١٤٠ە، ماددەی ١٤٠ دەڵێ ئەو ناوچانە (تطبیع، احصاء، استفتاء)، تا ئێستا خۆیان لەمانە دزیوەتەوە، مانای وا نییە كە پێیانوابێت كات ئەمە لەبیر خەڵكی كوردستان دەباتەوە، ئەم مەسەلەیە دەبێ چارەسەر بكرێت بەپێی ئەم بنەمایانەی كە لە دەستووردا هاتووە، بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر ببێت، بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە ئیتر نەوەی داهاتوو تووشی ئەم مەشاكیلانە نەبن لەوانەی ئێمە و ئەوانەی پێش ئێمە تووش بوون، با بۆ خۆیان ژیانێكی بەختەوەر و ژیانێكی ئاسوودە ببەنە سەر، هەر خەریكی ئەم مەشاكیلانە بن خوا قەبووڵ ناكا.

ماددەیەكی تر كە زۆر گرنگە، ماددەی (٦٥) كە دەڵێ: (اولاً: یتم انشاء مجلس تشریعی یدعى ب (مجلس الاتحاد ) یضم ممثلین عن الاقالیم والمحافظات غیر المنتظمة فی اقلیم، وینظم تكوینه وشروط العضویة فیه ،واختصاصاته، وكل ما یتعلق به بقانون یسن بأغلبیة ثلثی أعضاء مجلس النواب.) لێرەدا گلەیی لە خۆشمان دەكەین، لە كورد و نوێنەرانی كورد لە بەغدا و حكوومەتی هەرێم و ئەحزابی هەرێمیش هەموویان، ئێمەش ئەم ماددەیەمان ئیهمال كردووە كە شتێكی زۆر زۆر گرنگە بوو، لەبەر ئەوە ئەمە ئەركی ئێوەیە لەگەڵ لایەنەكانی تریش هەوڵ بدەن دەبێ ئەم ماددەیە جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەمە گەرەنتییەكە بۆ ئەوەی ئیتر هەر كەسێك و هەر وەزیرێك و هەر دادگایەك نەیەت بە كەیفی خۆی پێشێلی یاسا بكات و بە ناوی یاسا خەڵكەكە سزا بدات.

ئەوانەی تر، ئەوەی دادگای فیدرالی، ماددەی (٩٢) دەڵێ: (اولا :- المحكمة الاتحادیة العلیا هیئة قضائیة مستقلة مالیا واداریا. ثانیاً:- تتكون المحكمة الاتحادیة العلیا من عدد من القضاة وخبراء فی الفقه الاسلامی وفقهاء القانون، یحدد عددهم وتنظم طریقة اختیارهم، وعمل المحكمة، بقانون یسن باغلبیة ثلثی اعضاء مجلس النواب.) ئەمەش دیسان پێشێلكارییەكی دەستوورە، ئەم دادگایە تا ئێستا دروست نەكراوە، ئەم دادگایەی ئێستا ئەو دادگایە نییە كە لە دەستووردا هاتووە. ئەمەش دەبێ چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی لەمەودوا نە هەرێم و نە خەڵكی تری عێراق تووشی غەدر نەبن بە ناوی قانون و بە بڕیاری یاسایی بەسیاسیكراو.

بەڕێزان

ئێستاش ئەوە خۆمان ئامادە دەكەین بەرەو هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، من داوا دەكەم هەڵبژاردنێكی زۆر زۆر لەسەرەخۆ و هێمن و بێ كێشە، هەتا ئەگەر وێنەی ئێوە لە شوێنێك بدڕێنن، ئێوە ئەو كارە هەڵەیە نەكەن، ئەوە كارێكی هەڵەیە و ئێوە بەرزتر بن لەوە. قسەیەكی ناشرین، وەڵامیان نەدەنەوە، ئەگەر شتی وا كرا كە بوختان دەرهەق بە هەرێم كرا، ئەو كاتە دەبێ بە شێوەیەكی رەوا وەڵام بدرێتەوە، بەڵام بەو شێوەیەی كە (فعل و رد فعل) خۆتان مەهێننە ئەم ئاستە.

داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە بە گەرمی بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەن.

لێرەدا ناچارم بە راشكاوانە ئەمەش بڵێم، هەموو جارێ كە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، دیسان پیلانگێڕیش سەرلەنوێ دەست پێ دەكاتەوە لە دژی پارتی. نەسیحەتی من بۆ ئەمانە ئەوەیە بە خۆیاندا بچنەوە، جارێك دوو جار سێ جار مرۆڤ دەبێ عیبرەت وەربگرێ، كاكە پارتی بە ئێوە ناشكێ، چ لە ناو هەرێم، چ بە هاوپەیمانیی مەجمووعەیەك لە بەغدا، لە هەر شوێنێك بیر لەوە بكەنەوە بە هاوپەیمانیی خۆتان هەرێم دەشكێنن، وەڵاهی هەرێم ناشكێ و پەشیمانیش دەبنەوە، پارتی بە ئێوە ناشكێ، پارتی زۆر زۆر گەورەترە لەوەی بە هاوپەیمانیی ئەم و ئەویتر بشكێ. ئێمە دەمانەوێ هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن، كورت و پوخت، ئەگەر باوەڕییان بەم ماددە دەستوورییانە هەیە كە عێراق وڵاتێكی ئیتیحادییە، نەخشەڕێگەیە بۆ چارەسەری هەموو كێشەیەك، ئەگەر هەرێم یەك داوای زیاتر لەوەی لە دەستووردا هاتووە داوای كرد، پێی بڵێن نابێت چونكە لە دەستووردا ڕێگە نادات، بەڵام یەك ماددەش لە دەستوور كەمتر یان هەڵسوكەوتی تێدا بكرێت و شایستەی هەرێم و شایستەی گەلی كوردستان، بەخوا ئێمە قەت قەبووڵی ناكەین. ئنجا ئەگەر نیەتی چارەسەری كێشەكان هەبێت، وەڵاهی زۆر زۆر ئاسانە، گەڕانەوەیە بۆ دەستوور، بەبێ كەموزیاد دەستوور جێبەجێ بكرێ، كێشەكان هەموو چارەسەر دەبن.

ئەم ماوەیە ئەزموونێكی زۆریش پەیدا بووە، هەم لە هەرێم و هەم لە بەغداش، ئێمە ئامادەین بەپێی دەستوور هەموو كێشەكان كۆتاییان پێ بێت، هەقیشە كۆتاییان پێ بێت، لە كوێ هەرێم هەڵەی كردووە، دەبێ بە خۆیدا بچێتەوە، هەرچەندە غەدر لە هەرێم كراوە، بەڵام ئەگەر لە شوێنێكدا، بەڵام بەغداش دەبێ بگەڕێتەوە بۆ دەستوور، ئەگەر بیانەوێ عێراق سەقامگیر ببێت و ئەو پێكەوەژیان و برایەتییەی هەیە، بمێنێت.

لە كۆتاییدا من جارێكی تر تەمەننای سەركەوتنتان بۆ دەكەم، دوعای سەركەوتنتان بۆ دەكەم، خۆتان بە نوێنەری هەموو خەڵكی عێراق بزانن، لەوێ لەگەڵ لایەنەكانی تر، لەگەڵ پەرلەمانتارانی تر، پەیوەندییەكی رێكوپێك و دۆستانە دروست بكەن، پێكەوە بەرگریی لە كورد بكەن، لە عەرەب بكەن، لە توركمان بكەن، لە ئێزدی بكەن، لە هەموو كەسێك بكەن، كێ مەزڵوومە بەرگریی لێ بكەن، نەچن لەوێ خۆتان عەزل بكەن، یان موزایەدە، ئەوەی خراپە لە دونیا موزایەداتە، لە موزایەدات مەترسن، لە كەسیش مەترسن چونكە ئێوە چیاكانی كوردستانتان لە پشتە، پارتیتان لە پشتە.

ئیشەڵا رۆحی شەهیدەكان شاد دەكەن، دڵی خەڵكی كوردستانیش شاد دەكەن، ئێوەش سەركەوتوو بن.

والسلام علیكم.




دوایین هەواڵەکان

مەسروور بارزانی ١١٢ ملیار دینار بۆ کۆیە تەرخان دەکات

MONDAY, 13 OCTOBER 2025 21:10:00

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە رەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجکردنی بڕی زیاتر لە ١١٢ ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی کۆیە، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش کێشەی ئاوی شارەکە بەیەکجاری چارەسەر دەبێت.

 
ده‌قی گوتاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچووانی زانكۆی دهۆك

MONDAY, 13 OCTOBER 2025 20:10:00

دهۆك-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاھەنگی دەرچووانی خولی (٣٠)ـی زانکۆی دھۆک بەڕێوەچوو.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پارێزگای شرناخ دەکات

MONDAY, 13 OCTOBER 2025 19:10:17

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی پارێزگای شرناخ بە سەرۆکایەتیی بەڕێز بیرۆل ئێکیجی پارێزگاری شرناخ کرد.

 
سه‌نگه‌ر كانه‌بی: ده‌نگه‌كانی پارتی لە سنوورەکەمان ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه‌

MONDAY, 13 OCTOBER 2025 19:10:35

مەخموور -KDP.info- به‌رپرسی لقی 23ی قه‌ره‌چوغ پێی وایه‌، ده‌نگه‌كانی پارتی له‌و سنووره‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه‌، ده‌شڵێ، "له‌ژێر ڕێنمایی سه‌رۆك بارزانی بانگه‌شه‌یەكی ئارام و له‌سه‌رخۆ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین." 

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا دەکات

MONDAY, 13 OCTOBER 2025 17:10:12

ھەولێر-KDP.info-  رۆژی دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی ئای ئەی) کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact