فازڵ میرانی
لە یاسادا دوو جۆر وازهێنان یان پاشەكشەكردن هەیە، خۆویستانە و ناچاری، ئەوەیش بابەتێكی تایبەتە بە دادوەرەكان، ئەوان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان دەست لە دۆسییەیهك هەڵبگرن یان پاشەكشەی تیادابكەن، ئەگەر زانییان تووشی شەرمەزاری دەبن، بەپێی ئەو بارودۆخەی یاسا بۆی دیاریكردوون، یاخود دەتوانن پاشەکشە بکەن کاتێک بارودۆخەکە بۆ حوكمدان گونجاو نەبێت، خۆ ئەگەر نەیانكرد، ئەوكات یەكێك لە لایەنە ڕكابەرەكان مافی ئەوەی دەبێت، داواكارییەك پێشكەش بكات و دادوەرەكە ناچار بە دەستهەڵگرتن بكات، هەڵبەت ئەوانەی یاسایان خوێندووە ئاشنایەتییان لەگەڵ ئەم ڕێكارانە هەیە و دەیزانن.
لە سیاسەتدا شتی وەها دووبارە نابێتەوە، ئەگەر عەقڵێكی ساغ نەبێت، ئەگەر لە جەستهیەكی سیاسیدا نەبێت، كە بەدەست هیچ نەخۆشی و دەردێكەوە نەناڵێنێت و بە پڕوپاگەندە و دروستکردنی قەیران بۆ مانەوە دانەپۆشرابێت، مەبەستم لە سیاسەت هەموو لایەن و ڕووەکانییەتی، لە ئۆپۆزسیۆنەوە تا بەشداربووی دەسەڵات و تا هاوبەش و تا دروستكاری سەرەكیی دەسەڵاتەكە.
من هەمیشە زاراوەی “پێداچوونەوەی حیسابات” دووبارە دەکەمەوە، جا چ بە شێوەی تاکەکەسی بێت، کە مرۆڤ خۆی هەڵسەنگاندن بۆ خۆی بکات، یان لەسەر ئاستی گەلێك، كە جەماوەرەكە خاوەنی جووڵەیەکی چالاک و بێلایەن بێت.
وەك خۆم، لەباری ژمارە و خشتە و پرسیاردا: چیم پێشكەشکردووە و چۆن و بە بڕی چەند؟ لە چیدا سەرکەوتوو نەبووم و بۆچی؟ من لە کوێی ئەو كێشە و پرسانەی ژیانم، کە کاریگەرییان لەسەر گەلەکەم هەیە؟
لە هەمان کاتدا، پێویستە جەماوەریش پێداچوونەوە بۆ حیساباتی خۆی لەگەڵ دەسەڵات بکات، وردەکارییەکانی ژیان و ئەو تێكەڵاوییەی تێیدایە، کامەیان ڕێچکەیەكی دروستە و کامەیان لادەر و شێواوە؟ ئایا ئاستی لادان و شێواوییەکە چەندە؟ کەم بووەتەوە یان زیادی کردووە؟ ئایا ڕێچکە دروستەکە پاڵپشتی کراوە یان بەربەستی بۆ دروست کراوە؟
خۆ ئەگەر كارەكتەری سیاسی هەستی بە هەڵە و كەموكوڕییەكەی خۆی نەكرد و خۆویستانە دەستی هەڵنەگرت بۆ ئەوەی لە دووبارەکردنەوەی هەڵە خۆی بەدوور بگرێت، دیسان هەستی بەوە نەكرد كە پێویستە شوێنەكەی چۆڵ بكات، چونكە دادپەروەر نەبووە لە پرسەكانی گەلەكەی، لەسەر جەماوەرەكە پێویستە بە میكانیزم و ئامرازێكی دیموكراسییانە، بەرپەرچی بدەنەوە.
ئەم وتارە تایبەت نییە بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، چونکە پرسە سیاسییەکان، و پێش ئەوانیش پرسە مرۆییەکان، پرسگەلێکی وەرزیی نین، بەڵکوو زنجیرەیین و دابەشبوون و پچڕانیان تیادا نییە. هەروەها موجامەلەشیان تیادا ناکرێت، هەر موجامەلەیەکیشی تیادا هەبێت، ئەوا بەدڕەوشتییەکی سیاسییە بۆ دەستکەوتی تایبەت.
ئێستا، یان دەبێت لە ئاستی بەرپرسیارێتیماندا بین، یاخود پێچەوانەی ویژدانی زیندوومان کار دەکەین و نیعمەتی خودامان گۆڕیوە بۆ نەهامەتی. نە خوێن و نە سامان و نە پاراستنی ئەمانەت، هیچ کامیان بەرگەی دووبارەبوونەوەی ئەو عەقڵییەتە دەسەڵاتخوازیی و تاکڕەوییەی ڕابردوو ناگرن، ئەو عەقڵییەتەی کە دۆخی وڵاتی بەرەو تەنگەبەریی ترس و هەژاری و دواکەوتوویی برد، كە نابێت ڕێگە بدرێت جارێکی دیکە و بە شێوازێکی فراوانتر و لە پشت دروشمی چەواشەکارانە و نەزانییەوە، سەرهەڵبداتەوە.
بسم الله الرحمن الرحیم
وَلَقَدْ آتَیْنَا لُقْمَانَ الْحِكْمَةَ أَنِ اشْكُرْ لِلَّهِ وَمَن یَشْكُرْ فَإِنَّمَا یَشْكُرُ لِنَفْسِهِ وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِیٌّ حَمِیدٌ.
صدق الله العظیم
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن