ھەولێر-KDP.info- قەزای قوشتەپە دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانی و بە گوتەی قایمقامی قەزای قوشتەپەش لەچەند ڕۆژی داھاتوودا به بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی دەروازەی قوشتەپە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە، تایبهت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری قوشتەپە چوونەتە بواری جێبەجێکردن و دوای تەواوبوونیان قەزای قوشتەپە دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانی، پڕۆژەی نەخۆشخانەی قوشتەپەش قۆناغی باشی بڕیووە و دوای تەواوبوونی خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھاووڵاتیانی دەڤەرەکە دەکرێت.
قایمقامی قوشتەپە دەشڵێت، "به بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی داھاتوو پڕۆژەی دەروازەی قوشتەپە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و بە درێژایی پێنج کلیۆمەتر دەروازەیەکی سەردەمیانە بۆ قوشتەپە دروست دەکرێت و دیمەنێکی جوان دەبەخشێتە قەزای قوشتەپە.
لەبارەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەش بژار مەلا خدر گوتی، "پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە کەمتر لە دوو مانگی دیکە تەواو دەبێت و ئاو دەگاتە سەنتەری قەزا و دەوروبەری، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە کێشەی کەمئاوی لە سنووری سەنتەری قەزا و دەوروبەری قوشتەپە کۆتایی دێت، چونکە پڕۆژەیەکی ستراتیژیە و چیتر ھاووڵاتیان کێشەی ئاویان نامێنێت.
قائید میرۆ