هه‌ولێر -KDP.info- شه‌ست و چوار ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ، شۆڕشی ئه‌یلوول له باشووری كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی بارزانی نه‌مر هه‌ڵگیرسا، كه شۆڕشێكی چه‌كداریی سه‌رتاسه‌ری و گشتگیر و كاریگه‌ر بوو، دژی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه، مامۆستایانی زانكۆ و كه‌سانی ئه‌كادیمیش ده‌ڵێن، شۆڕشی ئه‌یلوول توانی له زۆر ڕووه‌وە دۆزی كورد به‌ره‌و پێشه‌وه ببات و جگه له ناوخۆ شۆڕش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیش هه‌بوو."
د. وه‌عدی مزووری، ئه‌كادیمیست، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، "شۆڕشی ئه‌یلوول یه‌كێكە له گرینگ‌ترین وێستگه‌كانی خه‌باتی كورد، له مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورددا، توانی پارێزگاری له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد بكات و بۆ یه‌كه‌م جار شۆڕشی ئه‌یلوول توانی ئه‌وه بچه‌سپێنێ كه كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه مافی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌یه، ده‌توانم بڵێم دۆزی كوردی خسته ناو مه‌عادله‌ی سیاسی له عێراق و بووە ڕێخۆشكه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی كورد بتوانێت داوای مافه‌كانی خۆی بكات."
مزووری پێی وایه شۆڕشی ئه‌یلوول نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیش كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر خه‌باتی كورد هەبوو، ده‌ڵێت "شۆڕش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو، چه‌ندین وڵات به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش باسیان له خه‌بات و مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كرد، هه‌روه‌ها شۆڕش هه‌ستی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی لای كورد په‌یدا كرد، پیلان نه‌یتوانی خه‌باتی كورد ڕابگرێت، ڕاسته ڕێکكه‌وتنی جه‌زائیر بووه هۆكار بۆ كاتێكی زۆر كه‌م شۆڕش كپ بكرێت، به‌ڵام دواتر شۆڕش به‌رده‌وام بوو، تا گه‌یشته ڕاپه‌ڕین. شۆڕشی ئه‌یلووی مه‌زن بووه بنه‌ما بۆ ده‌ستكه‌وته‌كان و درێژه‌دان به خه‌بات تا گه‌یشتووەته ئه‌مڕۆ."
د.محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا كاكه‌سوور، مامۆستای زانكۆ و پسپۆر له مێژوو، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "شۆڕشی ئه‌یلوول قۆناغێكی نوێ بوو له مێژووی كورد، هەروەها درێژترین شۆڕشی كوردبوو له‌ڕووی به‌رده‌وامییەوە به‌راورد به شۆڕشه‌كانی پێش خۆی.
شۆڕش زۆر ده‌ستكه‌وتی هه‌بوو، به‌ڵام گرنگترینیان ڕێکكه‌وتنامه‌ی 11ی ئاداری ساڵی 1970 بوو، چونكه بۆ یه‌كه‌م جار ده‌وڵه‌تی عێراق دانی به جوگرافیای كوردستان دانا و ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دیاری كرد، جگه له كوردانی باشوور كوردانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش په‌یوه‌ندییان به شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه كرد، ئه‌وه‌ش خاڵێكی به‌هێزی ئه‌یلوول بوو، واته سنووره‌كانی تێپه‌ڕاند و هه‌موو نه‌ته‌وه، ئاین و پێكهاته‌یەکی جیاوازی له‌خۆ گرت و په‌ڕیه‌وه ده‌ره‌وه‌ی سنووری عێراقیش."
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ ده‌شڵێت، "شۆڕشی ئه‌یلوول توانی كۆمه‌ڵێك داموده‌زگه‌ی وه‌ك په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و دادگا به‌رهه‌م بێنێت.
له‌ڕووی پێكهاته‌شەوه شۆڕشێكی جیاواز بوو، چونكه هه‌موو چین و توێژ و پێكهاته‌كانی له ده‌وری خۆی كۆكردبووەوه، هه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوول له مێژووی كورددا بۆ یه‌كه‌م جار ڕادیۆی شۆڕش به‌ناوی ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان دامه‌زرا و چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووس و گه‌ڕیده‌ی بیانی گه‌یشتنه ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی شۆڕش.
له ناوچه ئازادكراوه‌كان ئیداره‌ی كوردی هه‌بوو، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی باش بوو له‌و قۆناغه‌دا، بۆ قۆناغه‌كانی دیكه‌ش سوودی هه‌بوو."
فاخیر كرمانجی، مامۆستای زانكۆ، له‌باره‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "ئه‌یلوول شۆڕشێكی میللی بوو، هه‌موو كه‌س جێگه‌ی تێدا ده‌بوویه‌وه، بارزانی نه‌مر كه ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشی ده‌كرد، توانی پرۆسه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی دروست بكات، جگه له كورد تەنانەت عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش بچنه ناو شۆڕش، ئه‌و بناغه‌یه‌ی پێكه‌وه‌ژیان له كوردستان ئه‌وكات له‌سه‌رده‌ستی بارزانی نه‌مر دانرا و ئێستاش به‌رده‌وامه، ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی ئێستا هه‌یه به‌رهه‌می شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زنه، پێش ده‌ستپێكردنی شۆڕش هه‌رنه‌ته‌وه و پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ی ناو عێراق و كوردستان دانی به‌وی دیكه نه‌ده‌نا، به‌ڵام كاتێك شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌ڵگیرسا به فه‌رمان و ڕێنوێنی بارزانی نه‌مر ئه‌و كه‌لتووره دروست بوو، جیاوازی نێوان نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان نه‌ما."
كرمانجی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه شكرد، "یه‌ك خاڵی گرنگ هه‌بوو له شۆڕشی ئه‌یلوول كه بۆ ئێستاش پێویستمان پێیه، ئه‌ویش نه‌هێشتنی شه‌ڕی كورد و عه‌ره‌ب بوو، پێشتر وا باوبوو كورد شه‌ڕی عه‌ره‌ب ده‌كات، به‌ڵام له شۆڕشی ئه‌یلوول بارزانی نه‌مر ئه‌و ڕاستییه‌ی بۆ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب ڕوونكرده‌وه كه شه‌ڕی كورد له‌گه‌ل عه‌ره‌ب نیه و كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو ئه‌وانی دیكه بران، به‌ڵكو شه‌ڕی كورد له‌سه‌ر مافه‌كانیه‌تی و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد كۆمه‌ڵێك عه‌شایه‌ری عه‌ره‌ب هه‌ر ئه‌وكات پێشوازی له په‌یامی بارزانی نه‌مر بكه‌ن، ئێستاش شه‌ڕی كورد و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب نیه، له‌گه‌ڵ عه‌قڵیه‌تێكه كه مافه ده‌ستووری و یاساییه‌كانی كورد به ڕه‌وا نابینێ."
قائید میرۆ