هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ ڕەوانە بکرێت. دەشڵێ، ئەو بابەتە ھیچ گرفتێکی نییە و بڕیارە ٥٠٠ ملیار دینار خەرج بکرێت و بەشێکی بۆ ھەرێمی کوردستان بێت.
سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پهیوهست به پارهی گهنمی جووتیاران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان گەنممان ڕادەستی بەغدا کردووە بەپێی ئەو پێوەرانەی ئەوان دایانناوە و پارەی گەنمیش لە نەفەقاتی سیادی دەدرێت لە ١٢.٦٧% و پەیوەندی بە بودجە و مووچەوە نییە و پێوست بوو ڕەوانە بکرێت، خۆشیان چوار وەجبەیان داوە و بڕیارە ٥٠٠ ملیار دینار بدرێت و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانیشی تێدا بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچمان بەدەست نەگەیشتووە.
ھاواری، لەبارەی بڕی ئەو گەنمەی ڕادەست کراوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئێمە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار تۆن گەنممان ڕادەست کردووە، کە بایی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینارە و پارەکەش زۆر نییە و ئێمە لەم کابینەیەدا پارەی گەنمی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦شمان وەرگرت، کە نزیکەی ٧٧٦ ملیار دینار بوو و دوای ئەوە پارساڵمان وەرگرت، ئەویش ٦٠٠ ھەزار تۆن بوو و پێش دوو ساڵ ٥٠٠ ھەزار تۆن بوو، کە نەدەگەیشتە سەری ساڵ ھەمووی وەردەگیرا، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا پارەکە نەھاتووە، بۆیە بەردەوام لەسەر هێڵین لەگەڵ بەغدا و ئەوانیش ناڵێن پارە نادەین، بەڵکو ھەندێک ئالیەت و لایەنی تەکنیکیی ھەیە و دواتر دەیدەن، چونکە ئەوەی خۆیان چوار وەجبەیان داوە، عێراقیش خۆی سێ بەشە و ئەوەی ھەرێمی کوردستان نەدراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین ڕەوانە بکرێت.
ناوبراو، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لەوەش کرد، ئەوەی بەغدا دراوە، چونکە ئەوان زوو دەست بە دروێنە دەکەن و ئێمە درەنگتر دروێنە دەکەین، بۆیە چاوەڕێ دەکەین پارەی گەنمی جووتیارانیش ڕەوانە بکرێت.
بڵند ئیبراھیم