هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە ستیڤ لۆتس سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا - عێراق و جێگری سەرۆکی کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کرد کە لە زیاتر لە ٣٠ کۆمپانیای ئەمەریکایی پێکھاتبوون.
لە دیدارەکەدا کە تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا ئامادەی بوو، وێڕای بەخێرھێنانی شاندی میوان، د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر ھەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگا حکوومییەکان و پێشبردنی ئاستی خزمەتگوزاری و وەبەرھێنان و ئەنجامدانی کار و پرۆژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا.
لە بەشێکی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرا.
ھەر لە دیدارەکەدا پشتیوانیی تەواو بۆ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە بوارەکانی وەبەرھێنان نیشان درایەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرگای بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان واڵایە بە تایبەت کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان.
شاندی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بەم کار و ھەنگاوانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی کە ساڵانە ئەنجامی دەدەن بۆ ھەرێمی کوردستان لەسەر بانگھێشتی فەرمیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا.