زاگرۆس فەتاح
(سەرۆك بارزانی) وەك ڕێبەر و سیمبولی پێشمەرگە و خەباتی ڕزگاریخوازی كورد، بۆ جارێكی دیكە، (بەڵام ئەمجارەیان لە فەڕەنسای دۆست و پاڵپشتی هەمیشەیی دۆزی ڕەوای كورد) ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی وەك جەنگاوەری بەرگریكار لە جیهان دژی تیرۆریستانی داعش، بە گوێی جیهاندا دایەوە.
فەڕەنسییەكان بڕیاریان دا، بە ناولێنانی ڕێڕەوێك لە پارکی (ئۆندرێ سیترۆئێن) بە ناوی پێشمەرگە، ڕێز لە قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرن، لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانیش بە جلی پێشمەرگایەتییەوە لەوێ ئامادە بوو، وەك ڕێز و پێزانینیش پەیكەری پێشمەرگەی بەخشییە فەڕەنسییەكان و پاریسی پایتەختی جوانی و ئازادیخوازی، بە فەڕەنسییەكانیشی گوت، ئێمەی كورد هەرگیز پشتیوانیی ئێوەمان لەبیر ناچێت.
پەیوەندیی سەرۆك بارزانی و گەلی كورد لەگەڵ فەڕەنسادا پەیوەندییەكی مێژووییە، لە دوای ڕاپەڕین و ئاوارەیی خەڵكی كوردستانیش ئەو پەیوەندییە لەسەر دەستی خاتوو دانیاڵ میتران و فرەنسوا میترانی سەرۆكی ئەوكاتی فەڕەنسا گەیشتە ئاستێكی بەرز، بە جۆرێك كە كورد لەو سەردەمەدا ناوی دایكی كوردانیان لە خاتوو دانیال میتران نا.
ناولێنانی ڕێڕەوێك لە پاركی (ئۆندرێ سیترۆئێن) بە ناوی پێشمەرگە، ئەوە دەسەلمێنێت كە فەڕەنسییەكان گەل و دەوڵەتێكی بەوەفان و قوربانیدانی پێشمەرگەیان لەبیر نەكردووە.
بانگهێشتكردنی سەرۆك بارزانیش وەك ڕێبەر و سیمبولی پێشمەرگە بۆ ئەو مەراسیمە، گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە، لە ڕێی ئەم كارەوە بیری فەڕەنسییەكان بەتایبەتی و ئەورووپا و جیهان بە گشتی خرایەوە كە پێشمەرگە شایستەی ڕێزلێنانن، چونكە لە پێناوی بەرگریكردن لە ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی، قوربانییان داوە.
ئەمەی هەیە و دەیبینین بەرهەمی سیاسەتی حەكیمانە و هەڵوێستی نەگۆڕی ئاشتیخوازانە و نەتەوەییانەی سەرۆك بارزانییە، بۆیە ئێمەش بەڵێنمان داوە هەمیشە لەسەر ئەو ڕێگه و ڕێباز و هەڵوێستە نەگۆڕ و ئاشتیخوازانە و نەتەوەییانەی سەرۆك بارزانی بەردەوام بین تا كوردستان دەگاتە كەناری ئارامیی یەكجاری..
هەمیشە پایەدار بێت سەرۆك بارزانی.
سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان، كە هەموو سەروەری و دەستكەوتەكانی كوردستان بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی ئەوانە.
بژی كورد و كوردستان
بژی پێشمەرگە