دھۆک -KDP.info- نوێنەری وەزارەتی بازرگانی بۆ بەغدا گوتی "بەداخەوە لە بەشە خۆراکی مانگانەش بەغدا غەدر لە ھەرێمی کوردستان دەکات، لای خۆیان ئەوەی شەش مانگ فۆرم پڕنەکاتەوە ئەوکات بەشە خۆراکیان ڕادەگرن، لە ھەرێمی کوردستان تەنیا دوو مانگ پڕنەکاتەوە بەشە خۆراکی ڕادەگرن."
حوسێن سەبری، نوێنەری وەزارەتی بازرگانی بۆ بەغدا و بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بەھۆی پڕنەکردنەوەی فۆرمی خۆراک، یەک ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان بەشە خۆراکی ڕاگیراوە، تاوەکو فۆرمی خۆراک پڕدەکاتەوە ئاوا دەبێت، ناشزانین چەند مانگ دوا دەکەوێت."
حوسێن سەبری گوتیشی "کاتی وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراک کۆتایی پێهات، ئەوکات پێویستە بچێتە فەرمانگەکان بۆ ئەوەی بتوانێت فۆرمی خۆراک پڕبکاتەوە، ڕێکارەکانیش زۆر بەزەحمەت دەکەون، ئێستا بەئاسانی دەتوانی لە ماڵی خۆت فۆرم پڕبکەیەوە، بەشێک لەوانەی فۆرمیان پڕنەکردۆتەوە تا ئێستا کارتی نیشتمانییان نیە."
سەبری باسی لەوەش کرد "بەغدا ھاوشێوەی مووچە لە بەشە خۆراکی مانگانەش غەدر لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات، چونکە لە عێراق ئەوەی تا شەش مانگ فۆرمی خۆراک پڕنەکاتەوە بەشە خۆراکی ڕادەگرن، بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان تەنیا ماوەی دوو مانگیان داناوە، لەوەش جیاوازی دەکەن، بۆیە داواکارین لە خەڵکی خۆمان تاوەکو کات ماوە فۆرم پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی تووشی گرفت و بڕینی بەشە خۆراکی مانگانە نەبن."
ئەمڕۆ کۆتا رۆژی پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراک بوو، بەڵام تاسبەی کاتژمێر١٢ی شەو ماوەکەی درێژکرایەوە."
بڵند ئیبراھیم