سۆران-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیەنێت، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە تەواوبوونی، سۆران دەبێتە سەرنجڕاکێشترین شوێن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی گەشتیارییەوە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەدات و ئامانجی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەیە، دەیەوێت کەرتی گەشتیاری لە سۆران گرنگیی زیاتری پێ بدرێت و زیاتر پێشبخرێت، بۆیە بە جێبەجێکردنی ماستەرپلانی گەشتیاری، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێتە سەرنجڕاکێشترین ناوچەی گەشتیاری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتیشی، کارکردن لەو ماستەرپلانە بەردەوامە و ساڵی نوێش کاری زیاتری تێدا دەکرێت، کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێت، کە لەئێستادا کارەکان لە گەلی عەلی بەگ و کۆرنیشی کاولۆکان بەردەوامە و تا سەرەتای ساڵی نوێش ئەنجامەکانی دیار دەبن.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، لەمیانەی جێبەجێکردنی ئەو ماستەرپلانە پێشتر وەکو ژێرخان کاری باشمان لەسەر دروستکردن و خۆشکردنی رێگاوبانەکان کردبووە، بۆ ئەوەی بتوانین ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوەیەکی ئاسانتر جێبەجێ بکرێت، بۆیە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و بەردەوامیش دەبیت تاوەکو تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت گەشتیاران.
دەشڵێ، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێتە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە دیارەکانی کوردستان بۆ ڕاکێشانی زۆرترین گەشتیار بۆ سنوورەکە.
بڵند ئیبراھیم