ھەولێر-KDP.info- ئهمڕۆ، یەکشەممە ڕێکەوتى ٢٤ی ئابى ٢٠٢٥، شاندێکى باڵاى پارتى داد و گەشەپێدان (ئاک پارتى) بە سەرۆکایەتى بەڕێز (زافەر سیراکایە) جێگرى سەرۆک و بەرپرسى کاروبارى دەرەوەى پارتى ناوبراو، سەردانى مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانى له پیرمام کرد و، لە لایەن بەڕێزان لە دەستەى کارگێڕ و مەکتەبى سیاسى پارتى پێشوازییان لێکرا.
لهدیدارەکەدا، کە هۆشیار زێبارى و سیداد بارزانى و مەحموود محەمەد ئەندامانى دەستەى کارگێر و زاگرۆس فەتاح ئەندامى مەکتەبى سیاسى ئامادەیبوون، هۆشیار زێبارى بەناوى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە بهخێرهاتنى شاندى میوانى کرد، کە بۆیەکەمجارە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن، هەروەها سڵاوى جەنابى سەرۆک بارزانى ئاستەى شاندەکە و سەرۆک ئۆردوگان کرد و، تیشکى خستە سەر پەیوەندى پتەو و لەمێژینەى پارتى دیموکراتى کوردستان و پارتى داد و گەشەپێدانى تورکیا لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەشى نێوان هەردوولا و هەرێمى کوردستان و وڵاتى توکیا. هاوکات تیشکى خستە سەر گرنگى ئەو پەیوەندییانە لەپێناو ئارامى و سەقامگیرى ناوچەکە و هەنگاوى هاوبەش بۆ بەرقەرارکردنى ئاشتى لە هەرێمى کوردستان و عێراق و وڵاتى تورکیا.
زافەر سیراکایە، وێڕای دهربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئهو دیدار و پێشوازیه گهرمهی كه له مهكتهبی سیاسی لێی كرا، سوپاس و پێزانینی پارتەکەی و سەرۆک ئۆردوگانى ئاراستهی سهرۆك مهسعود بارزانی و پارتی كرد بۆ هەوڵە کاریگەر و بەردەوامەکانیان لە سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا لە پێناو سەقامگیرى ناوچەکە و هاندانى هێز و لایەنەکان بۆ گرتنەبەرى ڕێگهى دیالۆگ و گفتوگۆ لە چارەسەرکردنى گرفتەکان و قوڵکردنەوەى برایەتى نێوان گەلى کورد و تورک و گەلانى ناوچەکە بەگشتى کە سەرئەنجام هەموومان براى یەکین و قەدەرمان لەم ناوچەیەدا بەیەکەوەیە.
هەروەها بەڕێزیان پیرۆزبایى (٧٩)یەمین ساڵەى دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەى کە پارتى لە دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستاندا بە دەستى هێنا کرد و، ئومێدى خواست کە هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامى دڵخۆشکەرى لێ بکەوێتەوە و تیشکیشى خستە سەر پەرۆشیان بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانى نێوان هەولێر و بەغدا.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا ئایندەى ناوچەکە و گۆڕانکارى و ئاڵنگاریەکان خرانە بەر باس، ئاماژە بەوەدرا کە کێشە لە هەر وڵاتێک کاریگەرى دەبێت لەسەر وڵاتەکانى دیکەى ناوچەکە، بۆیە ئەرکى هەموولایەکە دوربینانە لە پێناو بەرژەوەندى هاووڵاتیانیان و گەلانى ناوچەکە و چەسپاندنى دیموکراسى هەنگاوبنێن.
لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە بەهێزترکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو پارت و هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا کردەوە و، هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگى بەردەوام بۆ پێشخستنى پرۆسەى ئاشتى و نەهێشتنى مەترسیەکانى تیرۆر و چەسپاندنى ئاشتى و پێکەوەژیان.

