ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی بەرھەمھێنان و گواستنەوە لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە قەزاکا و ناحیەکانیش جێبەجێ دەکرێت، بڕیاریشە بەردەوامبیت تا ھەموو ھەرێمی کوردستان دەبێتە کارەبای ٢٤ کاتژمێری."
فارس میرخان محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی بەرھەمھێنان و گواستنەوە لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕووناکی لە پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستپێکردووە و بەڕێژەی ٤٠%ی پڕۆژەکە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە، بەپێی پلانی دانراو پڕۆژەکە بەخێرایی جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵ لە قەزا و ناحیەکانیش جێبەجێ بکرێت، لە پیرمام، شەقلاوە و قەزاکانی دەوروبەری ھەولێر دەست پێدەکرێت، بەڵام پلان وابوو سەرەتا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەست پێبکەن، دواتریش لە قەزا وناحیەکان."
فارس میرخان گوتیشی "پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە، لە ھەر ناوچەیەک ھەموو حیساباتێک دەکرێت، ھەر ناوچەیەک چەند کارەبای پێویستە و چەند کارەبای بۆ دابین بکرێت، ئەوە ھەموو دەکرێت ئەوکات پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئەو پڕۆژەیە تا ئێستا جێبەجێ کراوە بە ھیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر کارەبای نیشتمانی لە ناوچەکانی دیکە نەبووە."
دەشڵێت "بەپێی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیارە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو تەواوی ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن کارەبای ٢٤کاتژمێری.
بەپێی زانیاریەکان ھەر ئەمڕۆش لە قەزای چەمچەماڵ پڕۆژەی ڕووناکی دەستی پێکردووە و بەردەوام دەبێت تاوەکو قەزاکە بەتەواوی دەبێتە خاوەن کارەبای بەردەوام."
بڵند ئیبراھیم