ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو بەھۆی ھێرشی درۆنی کۆمپانیاکانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوت کارەکانیان راگرت، ھاوپەیمانان عێراقیان لەوە ئاگادارکردۆتەوە كە نابێت ئەو کارە دووبارە بێتەوە، کۆمپانیاکانیش دڵنیایان پێدراوە و دەستیان بەکارکردۆتەوە، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ناوچەکان ئارامترە بۆ کارکردنی کۆمپانیا بیانیەکان.
پەیوەست بە دەست بەكاربوونەوەی کۆمپانیاکان لە بواری نەوت، سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو بە درۆن ھێرشی سەر کێڵگە نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان کرا و زیان بەر کێڵگە و کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکانی کەوت ئەوانیش بۆ ماوەیەک کاری خۆیان ڕاگرت، ھاوپەیمانان و ئەمەریکاش بەجدی ھاتنە سەرخەت و ئەوکارەیان بەتوندی ڕەتکردەوە و باسیان لەوەکرد كە نابێ ئەو کارە دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە ئاسایی بۆتەوە و دڵنیاییەک بۆ کۆمپانیاکانی بیانی دروست بووە و جارێکی دیکە لە ھەرێمی کوردستان دەستیان بەکاری خۆیان کردۆتەوە بۆ ئەوەی لە کەرتی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامی بەکاری خۆیان بدەن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "بابەتی وزە لە ھەموو جیھان زۆر گرینگە و ھاوپەیمانان ڕێگە نادەن وزە بکرێتە ئامانج و ڕێگەش نادەن درۆن بۆ ھێرشکردنە سەر کێڵگەنەوتیەکان بەکار بێت و سەقامگیری ھەرێمی کوردستانیش لەلای ھاوپەیمانان گرینگە و بەھیچ شێوەیەکیش ڕازینابن سەقامگیری ھەرێمی کوردستان تێکبدرێت، عێراقیش لەوە ئاگادارکراوەتەوە، بۆیە ئێستا کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە سەرکاری خۆیان و کاری خۆیان دەکەن، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان ئارامترین ناوچەیە بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانیەکان کاری تێدا بکەن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەموو ھاوکاری و ئاسانکاریەكیان بۆ دەکات.
قائید میرۆ