هه‌ولێر -KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "هه‌ركه‌سێك زێده‌ڕۆیی له ئاو بكات بەپێی یاسا سزا ده‌درێت."
ئه‌ندازیار ڕابه‌ر حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "له سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2021 یاسای ژماره 4ی ده‌ركرد، له‌ژێر به‌نده‌كانی ئه‌و یاسایه مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ین كه زێده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن له كه‌رتی ئاودا، چونكه له دوو ڕووەوه زێده‌ڕۆ له بواری ئاودا دەکرێت، زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی ئاو و به‌فیڕۆدانی ئاو له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه."
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر ده‌شڵێت "ئێمه لە هه‌ردوو ڕووه‌وە چاودێری ڕه‌وشه‌كه ده‌كه‌ین، تیمه‌كانمان به‌رده‌وام به‌دواداچوون ده‌كه‌ن تا هیچ كه‌سێك زێده‌ڕۆیی نه‌كاته سه‌ر تۆڕه‌كانی ئاو و هیچ كه‌سێكیش ئاو به‌فیرۆ نه‌دات، ئه‌وانه‌ی زێده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن به‌پێی یاسا مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و ده‌درێنە دادگا، هه‌ر ئه‌مڕۆ لێپرسینه‌وه له نه‌مامگه‌یه‌ك كراوه كه ئاوی به زێده‌ڕۆ راكێشابوو."
له‌باره‌ی ئه‌وانه‌ی ئاو به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن ئه‌ندازیار ڕابه‌ر حوسێن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "مه‌به‌ست له ده‌ركردنی یاسا و دیاریكردنی سزا لەپێناو چاكسازی و به‌فیڕۆ نه‌دانی ئاوە، بۆیە ئه‌گه‌ر بینیمان كه‌سێك ئاو بۆ مه‌به‌ستی دیكه به‌كاردێنێ وه‌ك شووشتنی ئۆتۆمبێل و هه‌ر زێده‌ڕۆییه‌كی دیكه، سه‌ره‌تا ئاگادار ده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌ر بێت و پابه‌ند نه‌بێت و به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر به‌فیڕۆدانی ئاو ئه‌وه ده‌درێته دادگا، خه‌ڵكیش هه‌بووه لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه."
قائید میرۆ