ھەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لیژنەیەکی تایبەتمەند لێکۆڵینەوەی لە ھێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاریی لیژنەیەکی تایبەتمەندی ھەرێمی کوردستان دەست پێکردووە و بەردەوامیش دەبن تا لێکۆڵینەوە لە سەرجەم ئەو شوێنانە دەکەن، کە ھێرشیان کراوەتە سەر و دواتر ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشی لیژنەی باڵا بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی دەکەن بۆ بڕیاردان.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ھێرشی درۆنیی سەر ھەرێمی کوردستان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بەردەوامیش دەبن تاوەکو دەگەنە ئەنجام و سەردانی ھەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ھێرشیان کراوەتە سەر، چونکە ئەو لیژنەیە تایبەتمەندە بە لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان و ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، کە کارەکانیشیان بە ھەماھەنگی دەبێت لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەتمەندی خۆمان و دوای تەواوبوونی کارەکانیان، ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشی لیژنەی باڵا بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی دەکەن.
لیوا عەبدولخالق گوتیشی، ئەو لێکۆڵینەوەیەی لیژنەی عێراق دەستیان پێکردووە، بە ھاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت و بەردەوامیشن لە لێکۆڵینەوە تاوەکو کارەکانی خۆیان تەواو دەکەن و دواتر ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن، چونکە سەردانی ھەموو شوێنەکان دەکەن و لێکۆڵینەوەی وردیش دەکەن، ئەوکات لە ڕێگەی ڕاپۆرتی خۆیانەوە ئەنجامەکان پێشکەشی لیژنەی باڵا دەکەن بۆ ئەوەی ئەوان بڕیاری لێ بدەن.
بڵند ئیبراھیم