ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە لە ھەرێمی کوردستان ئاو بەفیڕۆ نەدرێت و ئەو ئاوەی بەکار ھاتووە لە ڕێگەی پڕۆژەی ریسایکلینەوە سوودێ لێ وەربگرین، بۆیە لەمەودوا ئەولەویەتی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و شارەوانی، پڕۆژەی ریسایکلینی ئاو دەبێت لە ڕێگەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان گفتتوگۆ دەکەین ئەوانەی تایبەت بە ریسایکلینی ئاو کار دەکەن بۆ دروستکردنی دەریاچە و پۆند و ڕووباری بچووکی دەستکرد تا لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنانەوە ریسایکلینی ئاو بکەن کە بە ستانداردی نێودەوڵەتی دروست دەکرێن، ئەو جۆرە پڕۆژانەش بۆ ژینگە و سامانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەویی ھەرێمی کوردستان گرینگن.
د. محەمەد گوتیشی، بابەتی ئاو بۆ داھاتووی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و ئەو ئاوەی بەکار ھاتووە بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە ریسایکلینی بۆ بکرێت و جارێکی دیکە بپاڵێورێت بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و ئاودان و پڕۆژەی لەو جۆرە، کە لە داھاتوودا دەبنە ئەولەویەتی وەبەرھێنان و شارەوانی بۆ ئەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان زۆر کەم ببێتەوە، بۆیە بەردەوام کاری لەسەر دەکەین و لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بێن پڕۆژەی لەو جۆرە ئەنجام بدەن.
بڵند ئیبراھیم