Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 19 JUL 2025 05:20 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بارزانی خەونی نەتەوەیەك، کە بەرەو ڕوناکی هەنگاو دەنێت
| KDP.info


دکتۆر سامان سۆرانی 

لە بێدەنگی چیاکاندا، کە تەنیا دەنگی با و هاواری ناخی گەلێکی ئازاد دەبیسترا، چیرۆکی نەتەوەیەك دەستی پێ کرد، کە لەناو  کتێبەکانی جوگرافیا نەنووسرا بوو، بەڵکو خۆی لەسەر هەموو درەختێك، لە ناو هەر ئەشکەوتێك و هەر فرمێسکێك، کە بەسەر خاکی قەدەغەکراوی ئەم نیشتماندا باریوە، هەڵکۆڵیوە. ئەو خەونە دەبوو سەرکردەیەك بهێنێتە ئاراوە، ناوی ئەو سەرکردەیە مستەفا بارزانییە.

ساڵی 1931 کاتێ خودانی بارزان، شێخ ئەحمەد، ڕاپەڕینی دەستپێکرد، لاوێك پاڵپشتی بوو، کە دەیبینی چۆن هۆزەکان تێکدەشکێنرێن و ئازادیخوازەکان ڕاودەنرێن و چیاکان لە یەك کاتدا دەبنە زیندان و پەناگە. 

ڕاستە لەسەردەمی شۆڕشی یەکەم و دووەمی بارزان چەکێکی کەم بەردەست بوو، بەڵام شکۆمەندییەکی زۆر بوونی هەبوو. کاتێ تۆز و با دامرکایەوە، ئاگری دڵی مستەفا بارزانی هەر بڵێسەی دەکرد.

لە ساڵی 1946 کاتێ کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا مستەفا بارزانی لەگەڵ 3000 جەنگاوەر ڕۆیشت بۆ ئەوەی ڕۆح و گیانی خۆی بخاتە بەردەستی ئەو دەوڵەتەی، کە گەلەکەی سەدان ساڵە خەونی پێوە دەبینن. 

بارزانی نەمر لەوێ فەرماندەی سوپا بوو، کاتێ کۆمار بە پیلانی دەرەکی شکستی هێنا، ئەو خۆی بەدەستەوە نەدا. 

بە باوەڕهەبوون بە ڕەوایەتی دۆزی میللەتەکەی چیاکان و ڕووباری ئاراسی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بڕی، لە گەشتێکدا کە لە سەدەی بیستەمدا بە یەکێك لە گەورەترین داستانەکانی سەربازی گەلی کوردستان دادەنرێت.

زیاتر لە 11 ساڵ لە تاراوگە بە خۆڕاگری مایەوە و باوەڕی بەوە هەبوو، کە لە دڵیدا نیشتمانێك نەخشەی کێشراوە، گەورەتر لە گۆی زەوی، بۆیە بەردەوام بە هاوەڵەکانی دەگوت: "ئەگەر نەگەڕامەوە بۆ کوردستان با خوێنم ببێتە یەکەم کانی بۆ زیندوومانەوەی نیشتمانم".

مستەفا بارزانی دوای ڕووخانی پاشایەتی لە ساڵی 1958 بەسەر بڵندی گەڕایەوە بۆ عێراق و هاووڵاتییان وەک خەونێکی زیندوو بە شێوەی ئاپۆڕە پێشوازییان لێکرد. 

بارزانی نەمر لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆی درێژی کرد، بەڵام هەرگیز متمانەی بەو قسانە نەدەکرد کە کرداری بەدوادا نەهاتبێت. 

لە ساڵی 1970 ڕێککەوتننامەی یانزەی ئادار لەنێوان کورد و بەغدا واژوو کرا، بەڵام حکوومەت مەرجەکانی ئەو ڕێکەوتننامەیەی جێبەجێ نەکرد. 

بارزانی نەمر بە باشی لە پلان و نیازخراپی حکوومەتی بەعس تێگەیشت، لە ساڵی 1974 شەڕ هەڵگیرسا، لەو شەڕە هێزی پێشمەرگە داستانی قارەمانێتی زۆر گەورەی تۆمار کرد، بەڵام دواجار سیاسەتی نێودەوڵەتی جارێکی تر گەلی کوردستانی بێ هیوا کرد. 

لە ساڵی 1975، دوای ئەوەی ئێران و ڕۆژئاوا پشتیان لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان کرد، کە دەستەبەرکردنی هەر لەسەرەتاوە خەونی بارزانی نەمر بوو، بەڵام ناچار نسکۆی شۆڕش ڕاگەیەنرا. بۆیە بارزانی نەمر لە وەسیەتنامەکەی دەڵی: "بۆ نیشتمانێك مەگری، کە هێشتا دروست نەبووە، بەڵکو لە پێناو نیشتمانێك خەبات بکە، کە لە ناو هەموو دڵێکدا لەدایك بووە."

لە ژێر سێبەری سەرکردەیەکی مێژووی وەکو بارزانی نەمر، سەرۆك مەسعود بارزانی کوڕی ئەزموونی لە زام و ئازارەکانی میللەتەکه‌ی وەرگرت. 

سەرۆك بارزانی بینی چۆن شۆڕشەکان دووچاری نسکۆ دەبن، کاتێك لەسەر مێزی دانوستانەکان دەفرۆشرێن، هەروەها بینی چۆن گەل بەبێ پشتگیری و سۆز دووبارە ڕادەپەڕێ. 

ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرۆك بارزانی لە ساڵی 1976 لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا شۆڕشی گوڵانیان ڕاگەیاند و سەرکردایەتی پێشمەرگەیان لە ئەستۆ گرت و بێ پاشگەزبوونەوە درێژەیان بە ڕێبازی پیرۆزی باوکیان دا. 

لە ساڵی 1991 پاش ڕاپەڕینە جەماوەرییە گەورەکەی گەلی کوردستان لە دژی ڕژێمی سەدام قۆناغێکی نوێ هاتە ئاراوە و بۆ یەکەمجار هەرێمی کوردستان چووە قۆناغی خۆبەڕێوەبردنی ڕاستەقینەوە.

سەرۆك مەسعود بارزانی بوو بە سیمبولی یەکڕیزیی بەرەی کوردستانی و له ساڵی 2005 دا به یەکەم سەرۆك لە هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەو لەو باوەڕەدایە کە ڕێگای بوون بە دەوڵەت تەنها خەباتی چەکداری نییە، بەڵکو لە ڕێگەی دیپلۆماسیی و بنیاتنانی دامەزراوەکان و چاندنی هیوا لە دڵی گەلی کوردستان دەکرێت بەو ئاواتە بگەین، کە چەندین دەیە ئازاری چەشتووە.

لە 25 ی ئەیلولی 2017 ئەو ڕۆژە هات، کە مستەفا بارزانی هەمیشە خەونی پێوە دەبینی، تەنانەت ئەگەر لە ژێر خاکی نیشتمانیشدا بێت. 

ئەوە بوو بە ڕێبەرایەتی سەرۆك بارزانی ڕیفراندۆمی مێژوویی جەماوەری بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیەنرا، ملیۆنەها کوردستانی ڕیزیان گرت و بە دەنگێکی بەرز بە جیهانیان ڕاگەیاند، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

ڕاستە هێزە هەرێمییەکان دژایەتی پرۆسەی ڕیفراندۆمیان کرد و زلهێزەکان دانیان بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە نەنا و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی گوشاری سەربازی و سیاسی و ئابووری توند بووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك بارزانی مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی" ئێمە دەنگمان گەیاند و ئیتر کەس ناتوانێ بێدەنگی بکات. ڕەنگە ئەمڕۆ دەوڵەت لەدایک نەبووبێت، بەڵام بۆ هەمیشە لە دڵی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە."

ئەمڕۆ، ڕوحی پاکی مستەفا بارزانی لە بارزان لە پاڵ چیای شیرین دەحەسێتەوە، لەکاتێکدا سەرۆك مەسعود بارزانی لە هەولێر لە پێناو شکۆی گەلی کوردستان و سەربەخۆیی تێدەکۆشێت. 

ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی، کە باوەڕی تەواوی بە ڕێبازی بارزانی نەمر هەیە، بووە بە سیمبولی فەلسەفەیەکی بێهاوتای کوردستانی، کە دەکرێ ناوەڕۆکەکەی بەم شێوەیە پوخت بکرێتەوە:

سەربەخۆیی تەنها مانای مەعریفە ناگەیەنێت، بەڵکو شکۆمەندی، ناسنامە، زمان، کەلتوور و سەروەری لە بڕیاردانیش دەگەیەنێت. 

ئەم فەلسەفەیە چیتر تەنها خەون بینین بە دەوڵەتی نەتەوەیی سنووردار لەخۆ ناکرێت، بەڵکو بووە بە خەباتێکی درێژخایەن تا دان بنرێت بە بوونی کورد و بە مرۆڤایەتی بوونی و بە مافی لە ژیان و بە ئازادی گەلی کوردستان. ئێمە خاوەنی کۆتاییەکی کراوە و دڵێکی دانەخراوین. 




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە یانەکانی دهۆک و زاخۆ دەکات

SATURDAY, 19 JULY 2025 00:07:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە یانەکانی دھۆک و زاخۆ دەکات بەبۆنەی بەدەستھێنانی پلەی یەکەم و دووەمی جامی عێراق و دەڵێت، "ھەر ھەبن و ھەر سەرکەوتوو بن."

 
مەسروور بارزانی پیرۆزبایی لە یانەکانی تۆپی پێی دهۆک و زاخۆ دەکات

FRIDAY, 18 JULY 2025 23:07:15

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە یانەکانی تۆپی پێی دهۆک و زاخۆ کرد، بە بۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و دووەمی جامی عێراق.

 
گوتەبێژی حکوومەت بۆ KDP باسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنه‌كه‌ و ناردنی مووچە دەکات

FRIDAY, 18 JULY 2025 22:07:06

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەغدا دەست بە ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران دەکات.

 
هەڵگورد شێخ نەجیب بۆ KDP: دیزاینی ماستەرپلانی تازەی هاوینەهەواری بێخاڵ تەواوبووە

FRIDAY, 18 JULY 2025 11:07:42

ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگه‌یاند، لە هاوینەهەواری بێخاڵ،‌ بنیادنانی ژێرخانێكی پته‌وی گه‌شتیاری له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات، بۆ ڕازیكردنی  كاسبكارانی بێخاڵیش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی هه‌یه‌.

 
کابینەی نۆیه‌م ڕۆژ دوای ڕۆژ پڕۆژەی گەشتیاری گرینگ ئەنجام دەدات

FRIDAY, 18 JULY 2025 10:07:23

ھەولێر-KDP.info- لە ساڵی 2019 کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی پێکهێندرا، دوای سوێندخواردنی لە بەردەم نوێنەرانی خەڵكی کوردستان، کارنامەیەکی پڕ لە پلان و ئامانجی درێژخایه‌نى پێشکەش بە نوێنەرانی خەڵكی کوردستان کرد و ئامانجی خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەمیش، کوردستانێکی بەهێز بوو.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact