ھەولێر-KDP.info- لە ساڵی 2019 کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی پێکهێندرا، دوای سوێندخواردنی لە بەردەم نوێنەرانی خەڵكی کوردستان، کارنامەیەکی پڕ لە پلان و ئامانجی درێژخایهنى پێشکەش بە نوێنەرانی خەڵكی کوردستان کرد و ئامانجی خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەمیش، کوردستانێکی بەهێز بوو.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بە پلانێکی ستراتیژییەوە هەنگاوی بەرەو بەهێزترکردنی کوردستان ناوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرجەم سێکتەرەکان هەنگاو بە هەنگاو دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانى کرد.
کابینەی نۆ هەنگاوی گرنگی لە کەرت گەشتوگوزار ناوه

هەمەچەشنکردنی ئابووری یەکێك بوو لە سیاسەتەکانی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆ هەنگاوی گرنگی لە کەرت گەشتوگوزار ناوه.
هاوكات کوردستان وڵاتی سروشت و چیاکانە، دیمەنە جوانەکانی دڵی گەشتیاران مەست دەکات و ڕۆژ دوای ڕۆژیش گەشتیاری زیاتر دێنە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەهۆی جێبەجێکردنی ستراتیژی هێنانی گەشتیارە بۆ هەرێمی کوردستان.
لە کابینەی نۆیەمدا بە سەرمایەی زیاتر لە 7.5 ملیار دۆلار پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری جێبەجێ کراون و زۆرترین وەبەرهێنانیش لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی گەشتوگوزار ئەنجام دراوە. بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەت لە کۆتایی 2024ـدا زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان ئەمەش 135% زیاترە لەو ڕێژە گەشتیارەی کە لە ساڵی 2018ـە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
هەروەها لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار شوێن و بنکەی گەشتیاری هەن کە گەشتیاران دەتوانن لە کاتی گەشتیان بۆ هەرێمی کوردستان تیایدا بمێنەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش پڕۆژەی گەشتیاری گرینگ لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
