ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوخەمیی خۆی بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی شاری کوتی پارێزگای میسان دەربڕی و ڕایگەیاند، دڵمان لەگەڵ خانەوادەی قوربانییەکاندایە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندووە، "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، بەدواداچوونمان بۆ ئەو کارەساتە دڵتەزێنە کرد کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە سامناکەکەی ناوەندێکی بازرگانی لە شاری کوت کەوتەوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەکی تر."
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "دڵمان لەگەڵ خانەوادەی قوربانییەکاندایە لەم کارەساتە گەورەیەدا و هاوبەشی خەمە قووڵەکەیان و کۆستە گەورەکەیانین. لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە کۆچکردووان بخاتە بەر ڕەحمەتی فراوانی خۆی، سەبر و ئارامیش بە کەسوکاریان ببەخشێت، و شیفای بەپەلەش بۆ بریندارەکان".