ھەولێر-KDP.info- سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی كرد، لە دیدارەکەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەهێز و نەتەوەیی و ستراتیژیی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
ڕۆژی ھەینی ١١ـی تەممووزی ٢٠٢٥ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد کە پێکھاتبوو لە بەڕێز ئەحمەد تورک و بەڕێز لەیلا زانا و بەڕێز سری ساکێک و بەڕێز تونجەر باکر ھان ھاوسەرۆکی دەم پارتی و بەڕێز چیدەم قلێچگون ئوچار ھاوسەرۆکی ھەرێمەکانی دیموکرات و بەڕێز مەڕال دانشبەشتاش پەرلەمانتاری دەم پارتی و بەڕێز بەردان ئوزتورک بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەھێز و نەتەوەیی و ستراتیژیی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و داوایان کرد سەرۆک بارزانی لە ڕۆڵی خۆی لە پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆسە مێژووییە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەردەوام بیت. ھەروەھا وێڕای گەیاندنی پەیام و داواکەی بەڕێز ئۆجەلان داواشیان کرد کە سەرۆک بارزانی سەردانی بەڕێز ئۆجەلان بکات.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ھەنگاوانەی لە پڕۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر ھەنگاوی گرنگن بە ئاراستەی دروست، ئەوەشی ڕاگەیاند پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بە پشوودرێژی و وردبینی ھەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی باش، دە ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبوڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت، سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە دا لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی ناکات و سەبارەت بە داواکارییان بۆ سەردانی بۆ لای بەرێز ئۆجەلان ڕایگەیاند لە ھەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت. سەرۆک بارزانی داواشی کرد ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا بن.