دھۆک-KDP.info- بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک ڕایدەگەیەنێت، تیروپشک بۆ ١٥٠ گەنج لە سنووری لقی یەکی پارتی لە دھۆک ئەنجام درا و لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە پشتگیریی فەرماندە مەنسوور بارزانی ئاھەنگی ھاوسەرگیریی بەکۆمەڵیان بۆ ئەنجام دەدرێت و ئەو پرۆسەیەش ساڵانە لەو یادەدا بەردەوام دەبێت.
د. نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پرۆسەی ھاوسەرگیریی بەکۆمەڵ بە بۆنەی ١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی مەرجەعی باڵای کوردستان سەرۆک بارزانی، بە پشتگیریی فەرماندە مەنسوور بارزانی پارساڵ لە سنووری ھەموو لقەکان ئەنجام درا و ئەمساڵیش خۆشبەختانە دووبارە ئەنجام دەدرێت و زۆرێک باسیان لەوە دەکرد تەنیا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنە و دووبارە نابێتەوە، فەرماندە مەسنوور بارزانی پارساڵ باسی لەوە کرد، تا ماوین ئەو پرۆسەیە لە پارێزگای دھۆک بۆ گەنجان بەردەوام دەبێت.
د. نەوزاد گوتیشی، ئەمساڵیش ئەوانەی داوایان کردبوو بەشدار بن و ناویان تۆمار کردبوو، تیروپشکمان بۆ ئەنجامدان لە سنووری ھەر ١٦ لیژنەی ناوچەی ئێمە لە دھۆک و سێمێل و ناوی ١٥٠ گەنج دەرچوو، کە پرۆسەکە بە شێوەی شەفافانە بەڕێوەچوو و پرۆسەی ھاوسەرگیری بۆ ١٥٠ گەنج لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی بەڕێوە دەچێت. ھیوادارین بتوانین زیاتر خزمەتی گەنجی وڵاتی خۆمان بکەین، کە بەپێی رێنماییەکان گەنجەکان دەستنیشان کراون و کچ و کوڕی شەھیدی سەنگەر ڕاستەوخۆ بەشداری دەکەن بێ تیروپشک کە ٣٠ کچ و کوڕن، بۆیە بەردەوام دەبین لە خزمەتی گەل وڵات و گەنجانمان.
بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت، ئەو گەنجانەی پشتگیرییان دەکرێت لە پرۆسەی ھاوسەرگیری، ھەر یەکێکیان بڕی ١٠ ملیۆن دیناریان پێ دەدرێت، کە بە دوو قۆناغ ھاوکارییەکەیان پێ دەدرێت، ئەمەش لە سنووری ھەموو لقەکانی پارێزگای دھۆک ئەنجام دەدرێت نەک تەنیا لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم