Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 4 MAR 2026 03:04 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەڕێوەبەری بەنداوی گۆمەسپان باسی قۆناغه‌كانی کۆتایی كاریان له‌ به‌نداوه‌كه‌ بۆ KDP ده‌كات
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ٢٣ بەنداوی ئامادە لە هەرێمی کوردستان هەن، کە توانای گلدانەوەی ئاویان هەیە، بەنداوی گۆمەسپان یەکەم پڕۆژەیە لە ڕووی توانای گلدانەوەی ئاو لە سنووری شاری هەولێر، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێم و بە گوژمەی ٩٥ ملیار و ٢٨ ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە.

زمناکۆ سامی، بەڕێوەبەری بەنداوی گۆمەسپان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بەنداوی گۆمەسپان سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە بە ڕووبەری ٦ ملیۆن م٢ بە دوای هەریەکە لە بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، شوێنی جیۆگرافیی بەنداوی گۆمەسپان دەکەوێتە پارێزگای هەولێر بە دووریی ٣٠ کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ئەم بەنداوە توانای گلدانەوەی ٩٠ ملیۆن م٣ ئاوی هەیە و درێژیی بەنداوەکە دەگاتە ٥١٣ مەتر و بەرزییەکەشی دەگات بە ٧٠ مەتر، هەروەها پانی لە بەشی سەرەوەی بەنداوەکە ١٠ مەترە و لە ژێرەوە ٦٨ مەترە، کە لە دروستکردنی بەنداوەکە بۆ یەکەمین جارە لە هەموو عێراق کۆنکریتی جۆری (ئاڕ سی سی) واتا پەستێندراوی تێدا بەکار هێندراوە، بە خۆشحاڵییەوە ئەم پڕۆژەیە بەشی هەرە زۆری لەلایەن دەستی کاری خۆماڵی بە سەرپەرشتیی کۆمپانیای سێنک جێبەجێ کراوە، کە ئاستی سەرەوەی بەنداوەکە لە ئاستی دەریا ٨٧٩ مەترە.

بەڕێوەبەری بەنداوی گۆمەسپان گوتیشی، ئەم بەنداوە لە ساڵی ٢٠١٣ کارکردن تێیدا دەستی پێکرد، بەڵام دوابەدوای ساڵێک لە کارکردن وەستا بە هۆکاری شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی زۆریان هەبوو لەسەر کۆی پڕۆژەکە، بەڵام بەوپەڕی گرنگییەوە بە پاڵپشتیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ بە گوڕ و تینێکی زۆرەوە دەستمان بە کارەکانمان کردەوە بە شەو و ڕۆژ بێوچان، بۆیە لە ماوەی دوو ساڵدا توانیمان لاشەی بەنداوەکە و بەشی سەرڕێژیش تەواو بکەین و ئاویش گل بدەینەوە.

زمناکۆ سامی، لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی ١٠٪ی کارەکانی بەنداو ماوە بەکۆتا بێن، ئەو کارانەش بریتین لە ڕێگای سەر بەنداوەکە و ڕووناکردنەوە و هەروەها کاری تەواوکاری و دروستکردنی بینای ئۆفیسی بەنداو، لەمساڵیشدا گشت کارەکان کۆتاییان دێت.

دەشڵێ، لە ئێستادا نزیکەی ٢٥ کەس کار لە بەنداوەکەدا دەکەن و سرووشتی کارەکەش وایە لە قۆناغی کۆتاییدا دەبێت زۆر بە وردی و هێواشی کاری تێدا بکرێت.

ناوبراو ئاماژەشی دا، پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگایەکی ٢٢ کیلۆمەتری بە چواردەوری بەنداوی گۆمەسپان جێبەجێ کراوە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، کە چوارڕێیانی گۆمەسپان بە ڕێگای سماقووڵی دەبەستێتەوە.

پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان ٤٠٠ مەتر بەرزترە لەسەر ئاستی هەولێر، بۆیە گرنگیی خۆی دەبێت لە گۆڕینی کەشوهەوا و دەبێتە شوێنێکی گەشتیاریی ناوچەکە، هەروەها سوودی زۆری دەبێت لە بەراوکردنی نزیکەی ١٠ هەزار دۆنم زەوی و بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی، جگە لەوەش کەڵکی لێ وەردەگیرێت بۆ زیاترکردنی سامانی ماسی و ئاژەڵداری. ئەوکاتەی ئاوی بەنداوەکە سەرڕێژ بکات، ڕاستەوخۆ دەچێتە حەوز و بەنداوی بەستۆڕە لە پاشان دەڕژێتە زێی گەورە، کە باران و سەرچاوە ئاوییە سرووشتییەکانی ناوچەکە، سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی بەنداوەکەن.

 

بۆتان به‌هرام خۆشناو

 




دوایین هەواڵەکان

کونسوڵی ھۆڵەندا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ڕۆڵی پارتی لە چەسپاندنی دیموکراسیدا بەرز دەنرخێنێت

TUESDAY, 03 MARCH 2026 22:03:00

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/٣/٣، لە پیرمام، ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە ئەدریان ئایسڵستاین، کونسوڵی گشتیی نوێی ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان کرد.

 
ماڵپەڕی KDP زانیاری لەبارەی خشتەی گواستنەوەی ھاووڵاتیانی گیرخواردوو بڵاو دەکاتەوە

TUESDAY, 03 MARCH 2026 21:03:00

ھەولێر-KDP.info- لاوەند مەموندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، مژدەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گواستنەوەی ئەو ھاووڵاتییانە ڕادەگەیەنێت کە لە ھەرێمی کوردستان و ئەورووپا گیریان خواردووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە فڕۆکەخانەی (شەرناخ) دەبێتە وێستگەی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە.

 
بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ KDP: بۆ مانگی ڕەمەزان ژینگەیەکی ئارام و پارێزراومان دابین کردووە

TUESDAY, 03 MARCH 2026 20:03:33

 هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تەواوی هاووڵاتیان و میوانانی پایتەخت دڵنیا دەکەینەوە، پلانێکی تۆکمە و هەمەلایەن بۆ پاراستنی سەروماڵ و دابینکردنی کەشێکی ئارام لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا داڕێژراوە.

 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆكی فەڕەنسا دۆخی ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

TUESDAY, 03 MARCH 2026 20:03:00

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/٣/٣ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنساوە پێگەیشت.

 
عەلی حوسێن: بنکەی ژین شادەماری پاراستنی ئەرشیف و کەلەپووری نەتەوەییی کوردە

TUESDAY, 03 MARCH 2026 19:03:31

سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/٣/٣، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، بە یاوەری د. ئەشواق جاف، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەکتەب، لە شاری سلێمانی سەردانی (بنکەی ژین)یان کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact