هه‌ولێر-KDP.info- گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتیی وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێ، بڕیاره ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ری وڵاتی فەڕه‌نسا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و ده‌شڵێ، فەڕه‌نسییه‌كان ده‌یانه‌وێ رۆڵیان له كه‌رتی وه‌به‌رهێنانی كوردستاندا هەبێت.
به‌رگه‌شت ئاكره‌یی، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتیی وه‌به‌رهێنان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، "دوای ئه‌وه‌ی وه‌كو هه‌رێمی كوردستان به‌شداریمان کرد له كۆڕبه‌ندی ئابووری و بازرگانیی فەڕه‌نسی - عێراقی له پاریس كه نزیكه‌ی 60 وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆ له هه‌موو پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان بوون، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌دارانی وڵاتی فەڕه‌نسا دیدار و دانوستان هه‌بووه، هه‌ندێك له‌وانه رێكکه‌وتنیان ئه‌نجام دا، بڕیاریشه ژماره‌یه‌ك وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌داری فەڕه‌نسی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی باشه.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتیی وه‌به‌رهێنان گوتیشی، ئه‌و كۆمپانیایانە‌ی له فەڕه‌نساوه دێنه هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یان په‌نجا كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره و له بواره‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵدا به‌شدار ده‌بن، هه‌روه‌ها لە دامه‌زراندنی كۆمپانیای سۆلار و بواری خۆراك و ئاژه‌ڵداریدا ڕۆڵیان ده‌بێت، ئێمه‌ش ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كاری هاوبه‌ش له نێوان كۆمپانیاكانی ناوخۆ و فەڕه‌نسا بکرێت.
ئاكره‌یی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەش كرد، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنه‌ر و كۆمپانیاكانی بیانی، ئه‌وه‌ش بۆ دوو ئامانجه، له‌وانه فره‌چه‌شنكردنی داهاتی هه‌رێمی كوردستان، ئامانجی دووه‌میش ره‌خساندنی هه‌لی كاره بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه هه‌مووی لە به‌رمه‌بنای سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، به تایبه‌تی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌سته‌ش به كردار كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
قائید میرۆ