ھەولێر-KDP.info- وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤وە لە ڕێگەی مووچەوە کێشە بۆ خەڵکی کوردستان دروست دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣ـی تەمموزی ٢٠٢٥، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی ١٩٥٩ ئومێدێکی زۆر ھەبوو لە دەستووری عێراق، چونکە لەو دەستوورەدا لە ماددەی سێ دەڵێت کورد و عەرەب ھاوبەشن لەو وڵاتەدا.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت: کاتێک بارزانی لە یەکێتی سۆڤییەت گەڕایەوە، ھەموو گەلی عێراق خۆشحاڵ بوون بە گەڕانەوەی، ئەوکاتە عەبدولکەریم قاسم خۆی بەھێزەوە دەبینی ھێرشی کردە سەر کوردستان و پەشیمان بۆوە لە ھەموو ئەو بەڵێنانەی کە دایبوو، دوای ئەو تەواوی حزبی بەعس تا دەگاتە ئەمڕۆ ھەر بەڵێنێک دابوویان بە کورد لێی پەشیمان بوونەتەوە.
پشتیوان سادق دەشڵێت: لە ساڵی ٢٠٠٣ سەدام ڕووخا کورد ڕۆڵێکی گەورە لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق ھەبوو، دەستوورێکمان ھەیە، لەو دەستوورەدا تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان نووسراوە، دەسەڵاتدارانی عێراقی لەو دەستوورەدا ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە کوردستان و پێکەوەیی ھەیە، بەبێ ئەزموونی ڕابردوو کەچی بەسەر ئەوانەی دوای خۆیان ھاتووە، بەردەوام دژی کورد دەوەستنەوە و کێشە بۆ خەڵکی کوردستان دروست دەکەن.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی ٢٠١٤وە لە بابەتی مووچەوە، ئامانجییان ئەوەیە لەو ڕێگەوە ھەرچی ھەیە لە بیری خەڵکی کوردستان بەرنەوە، کێشەی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک بابەتە، یەکێک لەوانە گلەیی خاکە، ئەگەر مرۆڤ خاکی نەبوو ئەوەی ھەیەتی لەدەستی دەدات، حزبە ئۆپۆزیسۆنەکانی خۆشمان بەردەوام گوتارەکانیان حکوومەتی ھەرێم نەوت ڕادەست ناکات دەگوتەوە، حکوومەتی ھەرێم نەک ھەر نەوتی ڕادەست کرد، بەڵکو ھەر ھەناردەکردنی ڕاگیرا.
باسی لەوەشکرد، لە سەرەتای مانگی دووی ئەمساڵ ھەردوو حکوومەت ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک پابەندی کە ھەیە، ھەتا ئەگەر نا دەستووریش بوو، دەبێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات، بە بیانووی ئەوەی بۆ ئەمساڵ کێشەی مووچە لە کوردستان نامێنێت، لەسەر ئەو پابەندییە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێمە بڕیاری دا دامەزراندن، پلە بەرزکردنەوە و کۆمەڵێک شتی دیکە ڕابگیرێت بە گوێرەی ئەو پابەندییە.
پشتیوان سادق جەختیش دەکاتەوە: کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، ھەر بەم جۆرەی ئێستا نابێت، چونکە نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نە پێکەوەیی عێراق ئەوە قبووڵ ناکات، ئێمە بروامان بە توانای حکوومەت و سەرۆک وەزیرانی خۆمان ھەیە بۆ چارە کردنی ئەو گرفتە.