ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی وەبەرەھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەرتی کشتوکاڵ لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەت و ئێمەدایە.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرەھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشنکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی کردووە سێ سێکتەر گرینگی زۆری پێبدرێت، ئەوانیش کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزارن، بۆیە لەم کابینەیە کەرتی کشتوکاڵ زۆرترین پڕۆژەی لێ ئەنجامدراوە، جا لەلایەن وەبەرھێنەری ناوخۆ بێت یاخود بیانی، بۆیە گرنگی زۆری پێدراوە و یەکێک لەبەرنامەکانیش ئەوەیە بەرھەمەکان ساخببنەوە و بازاڕیان بۆ بدۆزرێتەوە و ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێن، بۆیە ساڵانە دوای پێداویستی ناوخۆ چەندین جۆری بەرھەمی ناوخۆ پاکێجینگی بۆ دەکرێت و بۆ ئەوروپا، وڵاتانی دەوروبەر، خوار و ناوەڕاستی عێراق هەناردە دەکرێن، بۆیە ھەنگاوی زۆر باشمان ناوە و بەردەوامیش دەبین تا زیاتر گرنگی پێبدرێت."
بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی "ئێستا کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەت، چاوەرێ دەکەین ئەو بەرھەمانەی زیادیانکردووە ئەوانیش ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن، بەردەوامیش مۆڵەت بە پڕۆژەی کشتوکاڵ دەدەین، وەکو پڕۆژەی چاندنی داری زەیتوون و بەرھەمی دیکەی ناوخۆ کە کوالێتیان بەرزە، لە دەرەوەش پێشوازی زۆر باش لە بەرھەمەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، وەکو ھەناری ھەڵبجە، برنجی ھەریر و ئاکرێ و ھەنجیر، زۆر بەرھەمی دیکەش ھەن گرنگی زۆریان پێدراوە و ھەناردەی دەرەوە دەکرێن."
دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا مۆڵەتی بە ٤٩ پڕۆژەی کشتوکاڵ بە سەرمایەی ١ملیار و ٢٦٠ملیۆن و ٧٣٠ھەزار و ١٠ دۆلار داوە."
بڵند ئیبراھیم