دژوار فایق
حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کێشە چارەسەر ناکات بەڵکو کێشە دروست ئەکات!!
ھەرچەندە ڕێککەوتن کراوە لە نێوان ھەولێر و بەغدا بەڵام مووچە خەرج ناکات و بوودجە نانێرێ و ڕێگە بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نادات، پارەی کۆمپانیاکانی نەوت خەرج ناکات ھەرچەندە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە کوردستان وەرگرتوە، گلەیی لە کەمی داھاتی نەوتی کوردستان ئەکات، لە کاتێکدا خۆی کۆسپ بۆ بازرگانان و دەروازە سنوورییەکانی کوردستان دروست ئەکات و گومرگی زیاتر ئەخاتە سەر کاڵاکانیان بۆ ئەوەی ناچاربن لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق شتومەک ھاوردە بکەن باسی کەمبوونەوەی داھاتی کوردستان ئەکات.
پێویستە ڕای گشتی عێراق باش بزانن داھاتی دەروازە سنوورییەکانی کوردستان ئەوەندەی داھاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق نیە بەڵکو زۆریش کەمترە، بەتایبەتی داھاتی بەندەری ئوم قەسر.
لە ڕاستیدا چارەسەری کێشەکان زۆر ئاسانە ئەگەر نیازپاکی و متمانە ھەبێت، بەوەش ئەکرێت یاسای نەوت و گاز دەربچێت لەبەر ڕۆشنایی ماددەی ١١٢ دەستوور یان لێکتێگەشتن و ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێت بەتایبەتی ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی سوودانی کراوە و پەرلەمانیش بڕیاری لەسەر داوە، نەوت بڕوا و مووچە و بوودجە خەرج بکرێت، پێشتریش لە ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا بەرنامەی وزاری سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ھاتووە لە لاپەڕە ٢٠ لە بەرنامەی وزاری بڕگەی یاسادانان و ڕیفۆڕمە سیاسەکان بڕگەی یەکەم خاڵی دوو: یاسای نەوت و گاز کەدەبوو حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق وەک پڕۆژە یاسا بینێرێ بۆ پەرلەمان بۆ دەرکردنی یاساکە، بەڵام نەی ناردووە و یاساکەش دەرنەچووە.!
ھەر بۆ ئاگاداری لە ماددەی ١١٢ دەستووری عێراق بەروونی دەردەکەوێت ئیدارەی نەوت و گاز لە کێڵگەکانی ئێستا بە ھاوکاری بەڕێوە ئەبرێت لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق، بەیەکەوە پلانی ستراتیجی بۆ پەرەسەندنی سامانی نەوت و گاز دائەنێن، بەشێوەیەک زیاترین سوود بە گەلی عێراق بگەیەنێت و دادپەروەرانە داھات دابەشبکرێت بە گوێرەی ڕێژەی ژمارەی دانیشتووان.
بەڵام ئەوەی جێی داخە حکوومەتەکانی عێراق تا ئێستا یاسای نەوت و گازیان دەرنەکردووە و ھەرچی لێکتێگەشتن ھەیە لەسەر پرسی نەوت و گاز بەرھەمی نەبووە و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن ئەمەش بۆتە کێشەیەکی گەورە لە بەرامبەر ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە، زیانی زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلاری گەیاندووە بە عێراق.
ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی عێراق بیزانیایە بە گوێرەی ماددەی ١١٢ دەستووری عێراق ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکان مافی بەشدارییکردنیان لە ئیدارەدانی بابەتی نەوت و گاز نیە ھەر لە ٢٠٠٥ یاسای نەوت و گازیان دەردەکرد، ئەو یاسایە دەرناکەن چونکە ئەزانن حکوومەتی ھەرێم مافی بەشداری ھەیە لە داڕشتنی سیاسەتی نەوت.