هەولێر-KDP.info- ڕێگای كۆیە - هەولێر، کە بە شادەماری ڕێگاكانی كوردستان دادەندرێت، لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی، بە بەرزترین ئاستی ئەندازیاری جێبەجێ دەكرێت، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێ، لە ئێستادا نزیكەی 200 ئامێری جۆراوجۆر لە پڕۆژەكەدا كار دەکەن.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ڕێگای كۆیە – هەولێر قۆناخی یەكەم و دووەمی لە ئێستادا كاری تێدا دەكرێت و كاركردنیش تێیدا بەردەوامە، کە نزیكەی 200 ئامێری جۆراوجۆر لە لایەن كۆمپانیای (ئاوەدان)، کە جێبەجێكاری پڕۆژەكەیە، كار دەکەن.
ئاگرین عەبدوڵڵا دەڵێ، ڕێگای جووتسایدی كۆیە – هەولێر، کە 37 كیلۆمەترە، بودجەكەی 560 ملیار و 443 ملیۆن دیناری عێراقییە و لە تەواوی ڕێگاكە كاركردن بەردەوامە بە ستافێكی زۆر باش، کە پڕۆژەیەكی ستراتیژی ڕێگاوبانی كوردستانە و بەشێكە لە تۆڕی شادەماری ڕێگاوبانی وڵاتەكەمان، کە پایتەختی كوردستان دەبەستێتەوە بە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان، لە هەولێریشەوە بەرەو پارێزگای دهۆك.
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن زیاتر زانیاری دا لەسەر پڕۆژەكە و گوتی، گرێبەستی كۆن لە نێوان وەزارەت و كۆمپانیای جێبەجێكار هەبوو، بەڵام بەم تایبەتمەندییە نەبوو، دوو لین دەڕۆیشت و دوو لین دەهات، بەڵام بە ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی، لە گرێبەستی نوێدا پڕۆژەكە بووە سێ لین ڕۆیشتن و سێ لین هاتن و تایبەتمەندییەکەشی زۆر بەرز كرایەوە، هەموو سووڕانەوەكان لە پڕۆژەكە گۆڕدران بە ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس، کە هاووڵاتییەك لە هەولێرەوە دەڕوات بەرەو كۆیە یان بە پێچەوانەوە، تووشی هیچ گرفت و خاوبوونەوەیەک نابێت.
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گوتیشی، وادەی جێبەجێكردنی پڕۆژەکە 1275 ڕۆژە، دەبێت لە مانگی 3ـی 2028 پڕۆژەكە تەواو بێت، کە ئەگەر هیچ گرفتێكی دارایی بۆ كۆمپانیا نەیەتە پێشەوە، زووتر لە كاتی خۆی تەواو دەبێت.
عەزیز ڕەسووڵ