هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە هەڵسوورێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان کرد، لە دیدارەكەشدا هەڵسوورێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات سڵاو و ڕێزی سەرۆكی وڵاتەكەی بە سەرۆكی حكوومەت گەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە 16/6/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسوورێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان کرد، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی تایبەت و دۆستانەی نێوان دەوڵەتی ئیمارات و هەرێمی کوردستان کرد، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی خەڵک و سەرکردایەتیی ئیمارات دووپات کردەوە.
هەڵسوورێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات، سڵاو و ڕێزی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆک و سەرۆکوەزیران، بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و جەختی لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.