ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، لۆگۆی تاکسی لە بەرژەوەندی شۆفێر و ھاووڵاتیان دایە و بۆ سەلامەتی سەرنشین و ھاووڵاتیانە، بۆیە ئومێدەوارم سەرجەم شۆفێرەکان پابەندبن.
دکتۆر ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بۆ نوێکردنەوەی لۆگۆی تاکسی پێویستە شۆفێر بەڵگەنامەی بێ تاوانی لەگەڵ خۆی بێنێت بۆ ئەوەی بزانرێت لە ماوەی ئەو ساڵەی لۆگۆی خۆی نوێنەکردۆتەوە ھیچ تاوانێکی ئەنجامداوە یاخود نا، کە مەبەستمانە ئەوەی بەڵگەی بێ تاوانی بێنێت بۆ ئەوەی سزا نەدرابێت و تاوانی نەکردبێت، چونکە ئەو خەڵکەی لەگەڵ شۆفێری تاکسی سەردەکەوێت خەڵکی جۆراوجۆرن و پێویستە ئەوەی شۆفێری بکات کەسێکی تاوانکار نەبێت و ئەو ٣٠ ھەزار دینارەی لێی وەردەگیرێت لە بەڵگەنامەی تاوانەکان لێ وەردەگیرێت نەک لە بەڕێوەبەرایەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکان.
دکتۆر ھێمن میرانی گوتیشی، بەڕێوبەرایەتیەکانی ھاتووچۆ ڕاسپێردراون ئەو شۆفێرانەی لە دەرەوەی ڕێنمایەکان کار دەکەن کە شۆفێری ناو شار خەڵک ببات بۆ دەرەوە و شۆفێری دەرەوەی خەڵک لەناوشار بگوازێتەوە ڕێکاریان بەرامبەر بگیرێتەبەر، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیەکانی ھاتووچۆ ژمارەیەکیان ڕاگەیاندووە و دەتواندرێت لە ڕێگەی ئەو ژمارەیە سکاڵای خۆیان بکەن و کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەم لەگەڵ تاکسیەک سەرنەکەون لۆگۆی نەبێت لەبەر ئەوەی ئەو تاکسیەی بەڵگەنامەی بێ تاوانی نیە ناتوانێت بەدەستی بێنێت کە ڕەنگە تاوانی ئەنجامدرابێت، بۆیە ئەو شۆفێرانەی لەبەر بڕە پارەیەکی کەم نایانەوێت ئەوکارە بکەن کاریگەری لەسەر کارو کەسابەتی ئەوان دەبێت، چونکە دروستکردنی لۆگۆی تاکسی لە بەرژەوەندی شۆفێران و گشتیش دایە.
بڵند ئیبراھیم