Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 14 MAR 2026 07:23 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەت لە پڕۆژەی ڤیزت کوردستان
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی ٦ی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (ڤیزت کوردستان Visit Kurdistan) ڕاگەیەنرا، کە دەستپێشخەریەکی کەرتی تایبەتە بۆ برەودان بە کەرتی گەشتوگوزاری و ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان.

لە ڕێورەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ بایەخدان بە ھەموو کەرتەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆریشی بە کەرتی گەشتیاریی داوە.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی، ھاتنی گەشتیارانی دەرەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی باشە بۆ تێکەڵاوبوونی کولتوورە جیاوازەکان و زیاتر ناساندنی ھەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە دەناسێنێت. لە سەردەمی ئەمڕۆی شۆڕشی تەکنەلۆجیاشدا، ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، دەتوانن ڕۆڵێکی کاراو کاریگەر و ئەرێنێ لە بواری زیاتر ناساندنی کوردستاندا بگێڕن.

ئەمەش دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

ئامادەبوانی بەڕێز

ئێوارەتان باش..

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لەم ڕێورەسمەدا، کە تایبەتە بە کردنەوەی سەکۆ و پلاتفۆرمی ڤیزیت کوردستان. دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و گشت کارمەندانی ئەو سەکۆیە دەکەم و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

ئەم سەکۆیە، دەستپێشخەریەکی دیکەیە بۆ زیاتر ناساندنی کوردستان بە دەرەوە و ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ بایەخدان بە ھەموو کەرتەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆریشی بە کەرتی گەشتیاریی داوە. بێگومان ھەرێمی کوردستان لە ڕووی گەشتیارییەوە، خاوەنی بنەما و پێگەیەکی گرنگ و شایستەیە و دەکرێ ببێتە یەکێک لە سەرچاوە ھەرە گرنگەکانی داھات و دەرفەتێکی زۆری کاریش بۆ گەنجەکانمان برەخسێنێت.

کوردستان خاوەنی دیمەن و سروشتێکی جوان و دڵگەشە، کە دەکرێ سوود لە ھەر چوار وەرزەکە وەربگیرێت لە بواری گەشتوگوزارییەوە. لە ڕووی مێژووییشەوە، ئێمە خاوەنی دەیان ناوچە و شوێن و داستانی گرنگی مێژوویی و شوێنەوارین کە گەشتیاران، بەتایبەتی گەشتیارانی بیانی، دەتوانن سەردانیان بکەن. بۆ نموونە چەندین شوێن و مەزاری کۆن و دێرین و پیرۆزی ئایینی وەک مزگەوت و کلێسا و پەرستگەی ھەموو ئایینەکان لە کوردستان ھەن وەک مەڵبەندێکی بەیەکەوەژیانی ئایینی و ئاشتییانەی ھەموو پێکھاتەکان. ھەروەھا لە کوردستان سەدان شوێنەوار و شوێنی گەشتوگوزارمان ھەن کە لە ئاستی جیھانیشدا، زۆر ناسراون بۆ نموونە ئەشکەوتی شانەدەر و قەڵای ھەولێر. ھەروەھا وڵاتی ئێمە کە بە وڵاتی میزۆپۆتامیا ناسراوە نیشتمانی دەیان داستانی ئەدەبی و مێژووییە لەوانە داستانی گلگامێش (گردگامێش)ی سەردەمی سۆمەرییەکان و شەڕی گۆگامێلا و ھاتنی ئەسکەندەری مەزن بۆ ئەم ناوچەیە .

ھاتنی گەشتیارانی دەرەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی باشە بۆ تێکەڵاوبوونی کولتوورە جیاوازەکان و زیاتر ناساندنی ھەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە دەناسێنێت. لە سەردەمی ئەمڕۆی شۆڕشی تەکنەلۆجیاشدا، ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، دەتوانن ڕۆڵێکی کارا وکاریگەر و ئەرێنێ لە بواری زیاتر ناساندنی کوردستاندا بگێڕن.

ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە ھاوکاری کەرتی تایبەت، بتوانێت لە ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوودا، ٢٠ ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕابکێشین بۆ سەردانی وڵاتەکەمان. (ڤیزیت کوردستان)یش نموونەیەکی کارکردنی ھاوبەشیی کەرتی تایبەت و گشتییە بۆ ھاندان و سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران، ئەم سەکۆیە نموونەی تەواوکەری کار و پلانەکانی حکوومەتە بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و سەرەنجام بەھێزکردنی ئابووری کوردستان.

ئامادەبووانی بەڕێز:

وەک ئاگادارن ئێمە لە کاتێکدا ئەم ڕێورەسمە دەکەین کە بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانیی و پێشکەوتنی خۆی بوەستێت، کە بە دڵنیاییەوە، لەم ھەوڵەیاندا سەرکەوتوو نابن و ئێمە بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ھەرگیز و لە ژێر ھیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.

ئێمە ھەموو پابەندییەکی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەشەوە جێبەجێمان کردووە. چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرامبەردا، مافەکانی خەڵکی کوردستانیش بدرێت، بەڵام بە داخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو رێککەوتنناش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە.

بەرپرسانی بەغدا، دەبێ بزانن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و ھەرێمی کوردستانیش بە پێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و دەبێ لەو چوارچێوەیەدا، مامەڵە و ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت. نەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لە سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتتدار لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن و بەکارھێنانی ھەموو چەکێک، ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوەو بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە، جگە لە ماڵوێرانی و وێرانکاری، ھیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە. بۆیە ھیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردسان بێنن چونکە ھیچ سوود و ئەنجامێکی نابێت.

ئێمە لە ھەوڵەکانمان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەردەوام دەبین. ھیوادارین لە کاتێکی زوودا بگەینە ئەنجامێک کە لەبەرژەوەندی ھەموولایەکدا بێت.

جارێکی دیکەش پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم سەکۆیە گرنگەتان لێ دەکەم و دەستخۆشیی لە ھەموو بەڕێوەبەران و گشت کارمەندانی ئەم دەستپێشخەرییە دەکەم و ھیوادارم ھەمیشە وڵاتەکەمان لە پێشکەوتنی زیاتردا بێت.

زۆر زۆر سوپاس.




دوایین هەواڵەکان

ئەم بڕیارە ئاراستەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم کرا

FRIDAY, 13 MARCH 2026 23:03:07

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی سامانی ماسی لە وەرزی زاوزێدا، بڕیاری قەدەغەکردنی ڕاوەماسی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و ڕێکاری توندیش بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

 
مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرەخۆشی لە هەڤاڵ (ئاکۆ نوری) دەکات

FRIDAY, 13 MARCH 2026 23:03:41

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پرسەنامەیەکدا بۆ هەڤاڵ (ئاکۆ نوری)، هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی باوکی بەڕێزیان، خوالێخۆشبوو (نوری ساڵح قادر) دەربڕی.

 
سیروان بارزانی: ئەم هێرشە لەم کاتە سەختەدا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری وڵات

FRIDAY, 13 MARCH 2026 22:03:30

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە (گوێڕ-مەخموور)، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی سێ درۆنەوە هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی فەرەنسا لە میحوەرەکەمان.

 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا

FRIDAY, 13 MARCH 2026 18:03:00

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ھەینی، ٢٠٢٦/٣/١٣ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردووی سنووری مەخمووری بۆ سەر سەربازگەیەکی ھاوبەشی پێشمەرگە و ھێزەکانی فەڕەنسا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد کە لە ئەنجامدا سەربازێکی پلەداری فەڕەنسی گیانی لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە جووتیار عادل دەکات

FRIDAY, 13 MARCH 2026 18:03:00

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی باوکییەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact