ھەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە (ECOSOC)، ساڵانە بەشداری کۆڕ و کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و ڕەوشی مرۆیی و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لە جنێف و نیویۆرک و ڤیەننا دەکات، لە ھەمان کاتیشدا، دەزگا وەکو چاودێرێک و ئەندامی ئیکۆسۆک مافی بەرزکردنەوەی ڕاپۆرت و سکاڵای ھەیە لەسەر ڕەوشی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا.
لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لە ئەندامێتی لە ئیکۆسۆک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕاپۆرتێکی تایبەت لە بارەی بڕینی قووت و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەباتە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمەش خوارەوەش، پوختەی راپۆرتەکەیە:
ڕاپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە کاریگەریی بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەسەر ڕەوشی مرۆیی لە ھەرێمی کوردستان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دامەزراوەیەکی مرۆییە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کار دەکات، نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت لە بڕینی مووچە و قووتی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و ھۆشداریش دەداتە رێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕەوشی مرۆیی، کە ئەو کارەی حکومەتی عێراق لە دژی فەرمانبەران کردوویەتی، ڕەوشی مرۆیی لە ھەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە، کە ھۆکارەکەی بەکارھێنانی پرسی مووچەیە وەکو کارتێکی سیاسی.
دواکەوتن و بڕینی مووچە، کاریگەریی گەورەی لەسەر ھەموو خێزانێکی ھەرێم ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتان و منداڵان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، ئەویش بەھۆی بڕیاری بڕین و ڕاگرتنی مووچەی کارمەندانی خزمەتگوزاری شارستانی و خانەنشین و کارمەندانی کەرتی حکومی بەگشتی، کە زۆرینەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، پێیانوایە پاساوی ئەم بڕیارە، پاڵنەری سیاسی ھەیە.
لە کاتێکدا روونە کە ناکۆکی یاسایی و دەستووری بەردەوام لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە و زۆرێک لە ماددەکانی دەستووری عێراق، کە عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، جێبەجێ نەکراون، زیاتر لە دە ساڵە بژێوی ژیانی خەڵکی ئاسایی ھەرێمی کوردستان وەک چەکێک لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ بەدەستھێنانی خاڵە سیاسییەکان بەکارھێنراوە. ئەم شەڕە دەروونییە لە دژی ھاووڵاتیانی مەدەنی، زۆرێک لە منداڵانی لە ھەژاریدا بەجێھێشتووە، دۆخێکی دروستکردووە کە خێزانەکان توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەیان لەدەستداوە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ـەوە بودجە و مووچە و پشکی ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە زۆرترین گرفتی بۆ دروستکراوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی فیدڕاڵ ھیچ دواکەوتنێکیان لە بابەتی دارایی و بڕینی مووچە نییە، بەڵام بەداخەوە ھێشتا ھەرێمی کوردستان کێشەی ھەیە بۆ پێدانی مووچە بە شێوەیەکی ئاسایی. بۆ زۆرینەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان نادڵنیایی مووچە نیگەرانییەکی بەرچاوی دروستکردووە، ھەروەھا بڕینی بودجە یەکێکە لە ھۆکارەکانی ڕەشبینی و بێھیوایی لەنێو خەڵکدا، بۆ زۆرێک لەو خێزانانەی کە ئافرەتان سەرچاوەی بژێوی ژیانی خێزان بەدەست دەھێنن، دۆخەکە لەوە سەختترە کە بیری لێدەکرێتەوە، دڵەڕاوکێ کێشەیەکی تەندروستی باوە لەنێو ھاووڵاتیانی بەتەمەن، بەھۆی نەبوونی ئاسایشی دارایی و مامەڵەی خراپ لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دۆخی دەروونیان لە ئاستێکی مەترسی دایە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراقی فیدراڵ، دووربکەوێتەوە لە بەکارھێنانی بودجە و مووچە وەکو چەکێک لە دژی فەرمانبەران و ھاووڵاتیان، ھەروەھا نابێت خەڵکی ئاسایی بەکاربھێنرێت بۆ ئەوەی پابەند بکرێن بە سازشکردن لەسەر مافە ڕەواکانی خۆیان. ھاوکات داوا لە بە غدا دەکات، مافی ھەموو منداڵێک لە ھەموو ناوچەکانی عێراق وەکو یەک لە بەرچاو بگرێت و دۆخێک دروست نەکات کە داھاتووی منداڵان بەرەو تاریکی و نائومێدی بڕوات.
نوێنەرایەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی
بۆ مافەکانی مرۆڤ لە جنێف