دھۆک -KDP.info- جێگری پارێزگاری دھۆک دەڵێت "پڕۆژەی گوڵەکانی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی فەرماندە مەنسور بارزانی لە دھۆک دەست بە جێبەجێکردنی کرا، کە نموونەیە لە عێراق و وڵاتانی دەوربەریش، خزمەتێکی زۆری ئەو توێژە گرنگە دەکات لە دھۆک و زاخۆ."
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی دروستکردنی شوێن بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت لە دھۆک بە پاڵپشتی و ھاوکاری فەرماندە مەنسور بارزانییە و لەژێر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانییە، ئەو پڕۆژەیە دوێنێ بە ئامادەبوونی فەرماندە مەنسور بارزانی و مەلامستەفا بارزانی و بەرپرسانی حزبی و حکومی لە پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغەی بۆ دانرا. پڕۆژەکە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی جێبەجێ دەکرێت و بە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی فەرماندە مەنسور بارزانی ئەنجام دەدرێت ،بۆیە ئەوپڕۆژە خزمەتی توژێک دەکات پێی دەگوترێت، ناوێکی جوانتر لە بێ سەرپەرشت دانراوە، ئەویش گوڵەکانی کوردستانە. ئەو منداڵانە بەھۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان ھەنە، جا بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆشتریان بۆ فەراھەم بکرێت و ھەست بە بێ خاوەنی نەکەن و شوێنی حەوانەوەیان ھەبێت و زیاتر خزمەتیان بکرێت، بەردی بناغە بۆ ئەو پڕۆژەیە دانرا."
ماجد سەید ساڵح گوتیشی" پڕۆژەکە فراوانە و ھەموو بواری ژیان لەخۆ دەگرێت، وەکو نووستن، خواردن، خواردنەوە، وەرزش، فێرکردن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بۆیە لە کوردستان، عێراق و دەوروبەریش نموونەی لەو جۆرە پڕۆژەیە ئەگەر ھەشبێت کەمە. ئەمە توێژێکی گرنگە و گرنگی پێدانیان ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار و سەرۆک بارزانی گرنگی زۆری پێ دەدەن. فەرماندە مەنسور بارزانی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی پشتگیری ئەو پڕۆژەیە دەکات، ئەمەش دوای ئەوە ھات لە ماوەی ڕابردوو کۆمەڵێک لەو منداڵانە لە شوێنێک داوەت کرابوون، فەرماندە مەنسور بارزانی گوێی لە داواکاری ئەوان گرت و بیر لەوە کرایەوە پڕۆژەیەکی لەو جۆرەیان لە پارێزگای دھۆک بۆ دروست بکرێت."
سەید ساڵح باسی لەوەش کرد "پڕۆژەکە گەورەیە و لەسەر ڕووبەری ٥ھەزار مەتر دووجا، لە سەنتەری پارێزگای دھۆک و لە شوێنێکی گونجاوی شایان بەو منداڵانە دەست بەدروستکردنی کرا، بەردەوام کاری تێدا دەکرێت تا تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ئەو منداڵانە کە گولی کوردستانن."
بڵند ئیبراھیم