ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی تازەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر دەڵێت، درێژەپێدەری پلان و بەرنامەی ھەڤاڵانمان لە ڕابردوو دەبین و ڕێنمایەکانی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەین و ھەولێر دەکەینە سەنتەری خزمەتکردنی خەڵکی خۆشەویستی شارەکە.
دکتۆر زانا مەلا خالید، بەرپرسی تازەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لقی دوو یەکێکە لە لقە گرنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی ھەم مێژوو و ھەمیش جوگرافیایی سنوورەکە و دەستکەوت و سەروەری زۆری لە ڕابردوو تۆمارکردووە و ئێمە ئەو ئەرکەی وەرمانگرتووە ئەرکێکی تەواوکاریە لە ڕابردوو، ھاوکات ھەڤاڵانمان لەو سنوورە جێبەجێیان کردووەو ئێمەش بەردەوامی پێدەدەین لە ژێر ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی و ھەوڵدەدەین خەڵکی خۆشەویستی شاری ھەولێر سەنتەری خزمەتکردن بێت و ببینە جێگای ڕەزامەندی خەڵکی خۆشەویستی شاری ھەولێر و ھەموو پلان و ئامانج و دیدگامان بۆ خزمەتکردنی خەڵکە.
بەرپرسی لقی دوو گوتیشی، لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەت ھەماھەنگ دەبین بۆ ئەوەی لەژێر ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری خەڵکی ھەولێر بکرێت، بۆیە ھاووڵاتی سەنتەری خزمەت دەبێت، کە چۆن ھەم حکوومەت و ھەم پارتی دیموکراتی کوردستان ھاووڵاتی سەنتەری خزمەتگوزارییە لای ئێمەش بەھەمان شێوە دەبێت.
مەلا خالید ڕوونیشیکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی پێشەنگە و ھەمیشە لە نوێبوونەوەدایە و فەلسەفەی پارتی بوون لەوەدایە بەدرێژایی تەمەنی خۆی نەوە دوای نەوە پەیوەندی بەڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکەن و خەڵکی بە ئەزموون و تێکۆشەر لە ڕیزەکانی پارتی لە خەباتکردن بەردەوامن، بۆیە ئێمە لە قۆناغی نوێبوونەوە ھەوڵدەدەین ھەردوو خوێنی تازە و بە ئەزموونەکان لە ھەولێر بەیەکەوە ھاوتەریب ڕێبکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ئامانجە بین کە سەرۆک بارزانی ڕێنوێنی و فەرمایشتەکانیەتی جێبەجێیان بکەین.
لە چوارچێوەی گۆڕانکاریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوێنێ چوارشەممە لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا بەئامادەبوونی پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، د.زانا مەلا خالید، لە شوێنی بڵند ئیسماعیل وەکو بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر دەست بەکاربوو.
بڵند ئیبراھیم