هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە بواری نەوت فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ ھاندانی کۆمپانیا جیھانییەکان بێن لە ھەرێمی کوردستان لە بواری نەوت کاری بەرھەمھێنان بکەن و ئابووری ھەرێمی کوردستانی پێ ببوژێتەوە، هاوکات پێشی وایە، ئەم ڕێککەوتنە لە قازانجی ھەرێم و عێراقیش دایە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانەكەی بۆ ئەمەریکا دوو ڕێککەوتنی لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و کۆمپانیای (وێستێرن زاگرۆس) ئیمزا کرد، دکتۆر ڕزگار، بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، پەیوەست بەو ڕێککەوتنە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دواو گوتی، "ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجامی داوە زۆر زۆر گرنگە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی یەکەم تاوەکو کابینەی نۆیەم، بەتایبەت ئەو کابینەیە زۆر ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتان بەرھەمھێنانی نەوت زیاتر بکات، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا، بۆیە ئەم ڕێککەوتنە ئایندەیەکی گەشی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت و دەبێتە فاکتەرێک بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، ئەوەش زۆر پێویستە بۆ ئێمە، لەڕووی ئابووریش ھەرێمی کوردستان زیاتر بەھێز دەبێت".
دکتۆر ڕزگار گوتیشی: "ئەو ڕێککەوتنە بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیش گرنگە، بە ملیاران دۆلار وەبەرھێنان لە بواری نەوت لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پاڵپشتێکی بەهێزی ئابوورییە، چونکە ئەو داھاتە بۆ خەزێنەی عێراق دەڕوات، ئەوان تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو کارەی کرد.
ناوبراو باس لەوەش دەکات، عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زەرەری ٢٠ ملیار دۆلاریان پێکەوتووە، بۆیە ھاتنی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان زەمانەتێکە بۆ ھاتنی کۆمپانیای وڵاتانی دیکەش، چونکە دڵنیا دەبن کە ھەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە و بۆ وەبەرھێنان لە بواری نەوت.
بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، ئەمە فشارێکیشە بۆ سەر عێراق بۆ ئەوەی بە زووترین کات ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە، چونکە ناکرێت عێراق بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دوا بخات، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە و لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراقش دایە، ئابووری ھەرێمی کوردستان و کەرتی نەوت دەبوژێتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانی بۆ وڵاتی ئەمەریکا دوو ڕێککەوتنی لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و کۆمپانیای (وێستێرن زاگرۆس) کە بایی دەیان ملیار دۆلارن ئیمزا کرد.
بڵند ئیبراھیم