ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٦٣ساڵ بەسەر پەیوەندیکردنی سەرۆک بارزانی بەڕیزەکانی پێشمەرگەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ئێستاش سەرۆک بارزانی وەکو ئەوکاتەی چۆتە ڕیزەکانی پێشمەرگە ھەر خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت و داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان دەکات و بۆتە مەرجعی باڵای گەلی کورد بەگشتی.
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٦٣ساڵ بەسەر پەیوەندیکردنی سەرۆک بارزانی بەڕیزەکانی پێشمەرگەوە، دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دواو گوتی، "سەرۆک بارزانی ھەر لەسەرتایی تەمەنی خۆیدا بۆتە پێشمەرگە لەپێناو بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد و ڕزگارکردنیان لە زوڵم و زۆرداری رژێمەکانی یەک لەدوای یەکی عێراق و لەسەر دەستی (سەرۆک بارزانی)ش لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا دەستکەوتێکی زۆر بەدەستھاتوون و ئێستاش بەردەوامە، بۆ ئەوەی کورد بگەینێتە کەناری ئارامی و ئاواتەکانیان.
دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی، "سەرۆک بارزانی بەردەوام خەباتی کردووە و ھیچ کات سازشی لەسەر یەک بستی خاکی کوردستان نەکردووە و پێش چەند ڕۆژێکیش لە وتارێکیدا بەتوندی لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان ھاتە دەنگ و باسی لەوەکرد چیتر قبوڵ ناکەین بەغدا لەسەر پێشێلکردن و ئەو جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەردەوام بێت، ئەمەش وای کردووە سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و جیھانیش پێگەیەکی بەھێزی ھەبێت و ھەڵوێستەکانیشی ھەمیشە شوێنی خۆی گرتووە، لەبەر ئەوەی ئێستا سەرۆک بارزانی وەکو ئەوکاتەی چۆتە ڕیزەکانی پێشمەرگە ھەر خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت و داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان دەکات و بۆتە مەرجعی باڵای گەلی کورد بەگشتی و ھەمووان چاویان لە ھەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانییە، بۆیە ئێمەش بەڵێن دەدەین ھەمیشە لەسەر رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانی بەردەوام دەبین و پێشمەرگە ئاسا ھەوڵ دەدەین لە بەغدا بۆ ئەوەی کورد بگاتە سەرجەم مافەکانی خۆی و داکۆکیکارێکی سەرسەختیش دەبین بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی بەدەست ھاتوون.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، " ٢٠ئایار تێپەڕبوونی ٦٣ساڵ بەسەر پەیوەندی کردن بەڕیزەکانی پێشمەرگە لە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان بەگشتی پیرۆز بێت و ھیوای تەمەن درێژی بۆ سەرۆک و ڕابەرمان دەخوازین.