کەرکووک-KDP.info- نەجوا كاكەیی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لیژنە بۆ گەڕانەوەی زەوییەکانی جووتیاران لە عێراق پێکھاتووە و کاری خۆیان تەواو بکەن جووتیاران دەست بە بەکارھێنانی زەوییەکانی خۆیان دەکەن، بۆیە ئێستا ھیچ رێگرییەک لە بەردەم جووتیارانی کورد نەماوە زەوییەکانیان بەکار بێنن و ئێمەش بەردەوام چاودێری دەکەین تاوەکو پرۆسەکە کۆتایی دێت.
نەجوا كاكەیی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئێمە لە پەرلەمانی عێراق بە ھەموو ھەوڵ و تواناکانی خۆمان توانیمان یاسای گەڕانەوەی زەوی بۆ خاوەن موڵکەکان پەسەند بکرێت و لە ڕۆژنامەی وەقائیعیش بڵاو کرایەوە، کە ئێستا لیژنەی بۆ پێکھێندراوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بۆ ئەوەی دەست بە ڕێکارەکانی گەڕانەوەی زەوییەکان بکەن.
کاکەیی دەشڵێ، چاودێریی ھەنگاوەکان دەکەین، چونکە داتای ئەو زەویانە لەبەردەستە لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی کشتوکاڵیش، ئەو جووتیارانە خۆشیان بەڵگەیان لایە، بۆیە پشت بەو بەڵگانە دەبەستن بۆئەوەی بەفەرمیی زەوییان بۆ بگەڕێتەوە.
ناوبراو ئاماژەش دەدات، بە زووترین کات ئەو زەوییانە بۆ جووتیاران دەگەڕێتەوە و ئیدی ھیچ ڕێگرییەک لە بەردەم جووتیاران نەماوە و بە یاسا زەوییەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە و ئێستا جووتیار ئازادە لەوەی زەوییەکانی چۆن بەکار دێنێت، چونکە ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ و نوێنەری جووتیاران و لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بۆیە سەرجەم جووتیارانی کورد بەڵگەنامەی پێویستیان ھەیە ئەو زەویانە بەفەرمی ھی ئەوانە و لە ھەر ناوچەیەک بەشێک لە زەویی جووتیارانی کورد ھەیە، بۆیە هەرکاتێک کاری لیژنەکان تەواو بێت، جووتیاران دەست بە بەکارھێنانی زەوییەکانیان دەکەن.
دەشڵێت، ئێمە بەردەوام چاودێریی پرۆسەکە دەکەین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین تاوەکو تەواو دەبێت.
بڵند ئیبراھیم