دھۆک-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، مەرجەکانی خۆکاندیدکردن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ لیست و کاندیدانی سەربەخۆ گۆڕاون و پێویستە چەند مەرجێکیان تێدا بێت.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگەوە پڕۆسەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان لە لایەن لیست و کاندیدە سەربەخۆکانیش دەست پێدەکات و تاوەکو٢٤-٦ بەردەوام دەبێت، کە پێویستە حیزب و کاندیدە سەربەخۆکان سەردانی ئێمەش بکەن و ھەندێک فۆڕم ھەیە پڕی بکەنەوە، کە سیستەمێکی ئۆنڵاین ھەیە و ئێمە وردبینی دەکەین لەسەر ناوەکان بزانین ئەو ناوانە بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان و یاسان، ئەگەرنا ڕێگەیان پێنادرێت.
عەباس سەبارەت بە مەرجەکانیش ڕوونیشی کردەوە، پێویستە کاندید تەمەنی لە ٣٠ ساڵ زیاتر بێت و بڕوانامەکەی بە کالۆریۆس بێت و عێراقی بێت و لە ڕووی دەستەی دەستپاکییەوە کێشەی نەبێت و پێویستە کاندیدی سەربەخۆ ٥٠٠ ئیمزا بێنن، کە پشتگیرییان دەکەن و ھەمووشیان ناوی خۆیان تۆمار کردبێت، بۆیە ئەمجارە ڕێنماییەکان بەراورد بە ڕابردوو جیاوازن و گۆڕاون.
هاوکات دەشڵێ، پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتریش بەردەوامی ھەیە و ئێستا ڕێژەکە گەیشتووەتە ٨١% و ئاوارەکانیش ٢٠ ھەزاریان تۆمار کراون و لە ھەرێم دەنگ دەدەن و بۆ پەنجەمۆر و حاڵەتی گۆڕینی ناو و لابردنی مردوو و ئەوەی دەیەوێت خۆی بگوازێتەوە، بۆیە تا ٢٣ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ماوەکەش درێژ دەکرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم